رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت سەر دەکێشێت بۆ هاوپەیمانی سیاسی کورد و سودانی؟

#هەولێر#بەغداد#هەڵبژاردن#رێککەوتن#هاوپەیمانی
3 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
پوختە :
  • رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای 30 مانگ لە راگرتنی، قۆناغێکی نوێی پەیوەندی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغداد دەهێنێتە ئاراوە
  • راگەیاندنی رێککەوتنەکە کەمتر لە 50 رۆژ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەگەری هەیە رێگەخۆشکەر بێت بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی سیاسی لەنێوان سودانی و لایەنە کوردییەکان بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق
Primary Asset

سبەی

رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای 30 مانگ لە راگرتنی، قۆناغێکی نوێی پەیوەندی سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغداد دەهێنێتە ئاراوە، راگەیاندنی رێککەوتنەکە کەمتر لە 50 رۆژ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەگەری هەیە رێگەخۆشکەر بێت بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی سیاسی لەنێوان سودانی و لایەنە کوردییەکان بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق.

بەرەبەیانی رۆژی (27ـی ئەیلولی 2025) دوای نزیکەی 30 مانگ لە راگرتنی، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکرد، پڕۆسەکە دوای ماوەیەکی زۆر لە دانوستان و گفتوگۆ و سەردانی شاندی سیاسی و حکومی و تەکنیکی و پیشەیی هات.

دواجار لەدوای راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە 25ـی ئازاری 2023ـەوە جارێکی دیکەی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێم بوژایەوە و دەستی بەکارکردن کرد.

رێککەوتنەکە، هاوکاتە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە (11ـی تشرینی دووەمی 2025) بەڕێوەبچێت و لە 10 رۆژی داهاتووشدا بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێدەکات.

وەک ئەوەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند: ئەمەریکا لەسەر ئاستی واشنتن و بەغداد و هەولێر رۆڵ و کاریگەریی هەبووە لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، شارەزایان و چاودێرانی سیاسییش پێیانوایە فشاری دەرەکی و بەتایبەتی ئەمەریکا کاریگەریی هەبووە لە رێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

لەلایەکی دیکەوە پێشبینی دەکرێت، ئەو رێککەوتنانەی لەسەر مووچە و نەوت کراون، رێگەخۆشکەر بن بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی سیاسی، بەتایبەتی لەسەر ئاستی عێراق. لەنێوان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و لایەنە کوردستانییەکان، کە سودانی دەیەوێت خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی وەزیرانی عێراق مسۆگەر بکات.

سودانی لەنێوان بەرداشی فشاری لایەنەکانی بەغداد و ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێر، بە هەردوو ئاراستەکە کاریکرد، نەرمی نواند بەرامبەر هەرێمی کوردستان، تا ئاستی گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر نەوت و مووچە، لە هەمانکاتدا فشارەکانی لایەنە سیاسییەکانی بەغدادیشی لەبەرچاوگرت، بۆ ئەوەی نەوتی هەرێم بخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی بەغداد و رێککەوتنی "نەوت بەرامبەر مووچە" جێبەجێ بکات.

رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هەولێر و بەغداد، کە سودانی لەبارەیەوە ووتی: "18 ساڵە چاوەڕوانی ئەو رێککەوتنەین" لاپەڕەیەکی نوێی سەقامگیری سیاسی لەنێوان هەولێر و بەغداد دەکاتەوە و کاریگەرییەکانی بۆ سەروبەندی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش دەردەکەوێت و دەبێتە هاوکێشەی هاوپەیمانێتییە نوێیەکان بۆ دوای هەڵبژاردن و پێکهێنانی کابینەی نوێ و حکومەتی نوێ لە عێراق.

سودانی پەیوەندی بە چوار بەرپرسی کوردەوە دەکات

دوابەدوای رێککەتنەکە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، دوێنێ شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ هەر یەك لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی نوسینگەكەی "لە پەیوەندییەكاندا سودانی پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەركردە و هێزە كوردییەكان دەربڕی كە بەشداربوون لە گەیشتن بە رێككەوتنەكەی ئەم دواییە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە هەرێم و رادەستكردنی داهاتەكەی بۆ خەزێنەی ناوەندی.

دەستپێكرنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان، رۆژی شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) هەناردەی نەوت لە كێڵگەی خورمەڵەوە دەستی پێكردەوە، تا سنوری فیشخاپوور وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پڕۆسەكە بەڕێوەدەبات، لە سنوری فیشخاپوور تا گەیشتنی بە بەندەری جەیهان و بە بازاڕكردن و فرۆشتن و وەرگرتنی پارەكەی كۆمپانیای سۆمۆ پڕۆسەكە بەڕێوەدەبات.

بەپێی رێككەوتنی سێ قۆڵی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوت و كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت، قوفڵی دەستپێكردنەوەی هەنارەی نەوتی هەرێمی كوردستان بەرەو بەندەری جەیهانی توركیا كرایەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی