سبەی
بەپێی توێژینەوەیەک کە لەلایەن تۆڕێکی نێودەوڵەتیی توێژەرانەوە ئامادە کراوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050، ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لە جیهاندا 30 ملیۆن حاڵەت تێپەڕێنێت و زیاتر لە 18 ملیۆن تووشبووی شێرپەنجەش گیان لەدەست بدەن.
لە توێژینەوەی پڕۆگرامی "باری جیهانیی نەخۆشییەکان" (GBD)دا، کە کاریگەریی نەخۆشی و برینداری و هۆکارە مەترسیدارەکان لەسەر تەندروستیی کۆمەڵگە لە سەرتاسەری جیهاندا دەپێوێت، گەشەکردن و کاریگەرییەکانی شێرپەنجە تا ساڵی 2050 خراوەتەڕوو.
بەپێی ئەو توێژینەوەیەی کە لە گۆڤاری "لانسێت"دا بڵاوکراوەتەوە، ساڵی 2023، 18.5 ملیۆن حاڵەتی شێرپەنجە لە سەرتاسەری جیهاندا تۆمار کراوە و 10.4 ملیۆن کەسیش بەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە.
ساڵی ڕابردوو 2.3 ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک تۆمار کراون. بەم جۆرە باوترین جۆری شێرپەنجە بووە و دوای ئەویش شێرپەنجەی سییەکان و کۆڵۆن دێن.
لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 2 ملیۆن کەس بە هۆی شێرپەنجەی سییەکان گیانیان لەدەست داوە و دوای ئەویش شێرپەنجەی کۆڵۆن و گەدە دێن.
جگەرەکێشان دەبێتە هۆی 16 جۆری شێرپەنجە
ئەو توێژەرانەی کە توێژینەوەکەیان ئامادە کردووە، پێشبینیی ئەوەشیان کردووە کە ژمارەی تووشبووان و گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە لە نێوان ساڵانی 2024-2050دا بە شێوەیەکی پلەبەندی زیاد دەکات.
توێژەران 44 هۆکاری مەترسیداریان دیاری کردووە کە دەبنە هۆی زیادبوونی ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە و بەسەر سێ پۆلینی سەرەکیدا دابەشیان کردوون: "هۆکارە مەترسیدارە پیشەیی و ژینگەییەکان"، "هۆکارە مەترسیدارە مێتابۆلیزمییەکان" و "خووە خراپەکان".
لەژێر ئەم پۆلینانەدا، 44 هۆکار ژمێردراون، وەک پیسبوونی هەوا، تیشکدان، مەترسییەکانی ژینگەی کار، قەڵەوی، کۆلیسترۆڵی بەرز، بەرزەپەستانی خوێن، جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول و خۆراکی ناتەندروست.
زانیاریی ئەوەش خراوەتەڕوو کە گەورەترین کاریگەری لەسەر زیادبوونی شێرپەنجە، خووە خراپەکانن و لەنێو ئەوانیشدا جگەرەکێشان لە پلەی یەکەمدایە.
لە توێژینەوەکەدا سەرنج خراوەتە سەر ئەوەی جگەرەکێشان دەشێت ببێتە هۆی 16 جۆری جیاوازی شێرپەنجە، کحول ببێتە هۆی توشبوون بە 10 جۆری شێرپەنجە و خۆراکی ناتەندروستیش ببێتە هۆی توشبوون بە 6 جۆری شێرپەنجە.
ژمارەی حاڵەتەکان 30 ملیۆن و ژمارەی گیانلەدەستدان 18 ملیۆن تێدەپەڕێنێت
لە توێژینەوەکەدا، خەمڵاندنی ئەوە کراوە ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوونی شێرپەنجە لە ساڵی 2023دا 18.5 ملیۆن بووە، تا ساڵی 2050 دەگاتە لانیکەم 22.9 ملیۆن، زۆرترین 38.9 ملیۆن و بە تێکڕاش 30.5 ملیۆن.
هەروەها لە توێژینەوەکەدا، پێشبینی کراوە کە گیانلەدەستدان بەهۆی شێرپەنجەوە لە نێوان 15.6 ملیۆن بۆ 21.5 ملیۆن کەسدا بێت و بە تێکڕاش ئەم ژمارەیە 18.6 ملیۆن بێت.
لە توێژینەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ڕێژەی گیانلەدەستدانی تووشبووانی شێرپەنجە لە وڵاتانی کەم داهات و مامناوەنددا نزیکەی لە سەدا 90 دەبێت و خەمڵاندنی ئەوەش کراوە کە لە وڵاتانی داهاتی بەرزدا ڕێژەی گیانلەدەستدانی تووشبووانی شێرپەنجە نزیکەی لە سەدا 42 بێت.
پێشبینی کراوە کە لە منداڵان و هەرزەکاراندا حاڵەتەکانی شێرپەنجە بە ڕێژەیەکی هاوشێوەی ساڵی 2023 ببینرێت و پێشبینیی ئەوەش کراوە کە لە تەمەنی 40-69 ساڵیدا حاڵەتەکان و لە تەمەنی 70 ساڵی و سەرووتردا ڕێژەی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە زیاد بکات.
لە توێژینەوەکەدا، خەمڵاندنی ئەوە کراوە کە لە ساڵی 2050دا زۆرترین حاڵەتی شێرپەنجەی مەمک و سییەکان ببینرێت و بەرزترین ڕێژەی گیانلەدەستدانیش بەهۆی شێرپەنجەی سییەکان و کۆڵۆنەوە بێت.
هەروەها، لە توێژینەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە گۆڕینی خووە خراپ و ناتەندروستەکان، خۆبەدوورگرتن لە کاریگەریی هۆکارە ژینگەیی و پیشەییەکان، دەستنیشانکردنی پێشوەختە، باشترکردنی سیستەمی تەندروستی، لەناوبردنی نایەکسانی لە گەیشتن بە چارەسەر و زیادکردنی پشکنینەکانی شێرپەنجە، گرنگن بۆ دابەزاندنی مەترسیی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە شێرپەنجە.