قوڵایی دەریا
سبەی
دەتوانرێت میکانیزمێک لە سووڕی ژیانی قەوزە لە ژێر قووڵایی دەریاوە بگۆڕدرێت بۆ وزەیەکی پاک، کە 100 هێندە لە وزەی ئاسایی بەهێزترە، لە هەمان کاتدا ئاستەنگە ئابوریی و ژینگییەکان تێدەپەڕێنێت، ئەویش بەهۆی تێچوی کەمی و رۆڵی لە کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکاندا، بەتایبەتی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن.
تیمێکی توێژینەوە لە تاقیگەی مایکرۆسیستەم بایۆئۆپتیکس لە زانکۆی کۆنکۆردیا لە کەنەدا، سەرچاوەیەکی نوێی وزەیان دۆزییەوە. کە پێدەچێت 100 هێندە لە وزەی ئاسایی بەهێزتر بێت و تەنانەت بەشدارە لە هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەواوە، لەهەموویشی سەرنجراکێشتر ئەوەیە کە سەرچاوەکەی قەوزەیە.
بیرۆکەکە بە چاودێری قووڵایی دەریاکان دەستیپێکرد، دواتر پەرەی سەندووە و بووەتە تەکنەلۆجیایەکی ئومێدبەخش، کە دەتوانێت یاساکانی کەرتی وزەی نوێبووەوە بگۆڕێت، چونکە بژاردەیەکی نوێ و کاراتر و کەمتر زیانبەخشی ژینگەیی بۆ جیهان دابین بکات.
ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە پشت بە گرتنی ئەلکترۆن دەبەستێت لە کاتی وەرگرتنی رووناکی لەلایەن قەوزەوە. پرۆفیسۆر موتوکوماران بهاکێراسامی، بەرپرسی تاقیگەی بایۆئۆپتیک لە بەشی ئەندازیاری میکانیکی و پیشەسازی و گەردوونی لە زانکۆکە، کە سەرکردایەتی تیمێکی توێژینەوەی کردووە دەڵێت، بیرۆکەکەیان لە میکانیزمی وەرگرتنی رووناکی لە رووەکەکاندا وەرگرتووە، بەجۆرێکە کە قەوزەکان رووناکی وەردەگرن و ئەلکترۆنەکان ئازاد دەکەن، کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ وزەی کارەبایی.
تیمەکە خانەی رووناکی کارەباییان پەرەپێدا، کە تێیدا قەوزەکان دەچێندرێن، دواتر قەوزەکان رووناکی وەرگرتن و ئەلیکترۆن ئازادەدەکەن، کە دەگوازرێنەوە بۆ بازنەیەکی کارەبایی بۆ بەرهەمێنانی وزە. تاقیکردنەوەکە سەرکەوتوو بوو بە بەکارهێنانی خانەیەک، کە قەبارەکەی لە یەک ئینج زیاتر نەبێت.
وزەیەک کە هەرگیز ناخەوێت؛ شەو و رۆژ بەردەستە
دیارترین تایبەتمەندی ئەم تەکنەلۆجیایە ئەوەیە، کە تەنها پشت بە تیشکی خۆر نابەستێت؛ چونکە سوود لە خولی هەناسەدانی شەوانەی قەوزەکان وەردەگرێت، واتە بەرهەمهێنانی وزە 24 کاتژمێر بەردەوامە، تەنانەت لە نەبوونی رووناکیشدا.
بەپێی زانیارییەکانی کۆمپانیای SynTech Bioenergy، وزەی بایۆلۆجی باو بەدەست کێشەی ژینگەیی و ئابوورییەوە دەناڵێنێت، وەک پیسبوون و دەردانی گازی گەرمخانەیی و تێچووی زۆر. بەڵام تەکنەلۆجیا نوێیەکە ئەم ئاستەنگانە تێدەپەڕێنێت.
ئەنجامی توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم تەکنەلۆجیا نوێیە وزە بە تێچووی کەم بەرهەم دەهێنێت و دەتوانرێت بە بەکارهێنانی پۆلیمرە ئۆرگانیکییە سادەکان هەڵبگیرێت. هاوکات دۆستی ژینگەیە، بەو پێیەی لە هەڵمژینی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا بەشدارە.
لە ئێستادا تیمی توێژینەوەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە ئەگەری گۆڕینی ئەم دۆزینەوەیە بۆ بەرهەمێکی بازرگانی، لەگەڵ دیزاینی سەرەتایی بۆ پانێڵی قەوزە، کە دەتوانرێت لەسەر باڵەخانەکان و ماڵەکان دابندرێت. توێژەران هیوادارن لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵدا، پشتیوانی دارایی پێویست بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە دەستەبەر بکەن.