
سبەی
مانگی رابردوو، عێراق زیاتر لە 104 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە و داهاتەکەی زیاتر لە 7 ملیار دۆلار بووە، پلان هەیە لە چەند مانگی داهاتوودا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بگەیەندرێتە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (29ـی ئەیلولی 2025) ئاماری هەناردەی نەوتی بۆ مانگ ئاب بڵاوکردەوە. لەو مانگەدا 104 ملیۆن و 806 هەزار و 884 بەرمیل نەوت لە رێگای کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەکراوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ مانگی ئاب گەیشتووەتە 7 ملیار و 160 ملیۆن و 253 هەزار دۆلار.
زۆرترین نەوتی هەناردەکراو لەو مانگەدا لە کێڵگەکانی نەوتی باشور و ناوەڕاستی عێراق بووە و گەیشتووتە 103 ملیۆن و 895 هەزار و 706 بەرمیل نەوت، لە کێڵگەی نەوتی گەیارەش 911 هەزار و 178 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە.
هەناردەی نەوت دەگەیەندرێتە 400 هەزار بەرمیل
دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە رۆژانە 190 هەزار بەرمیل نەوت لە قۆناغی یەکەمدا دەنێردرێتە دەرەوە، پلان هەیە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا هەناردەی نەوتی رۆژانەی کێڵگەکانی هەرێم بگەیەندرێتە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد، ماوەی سێ رۆژە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بەپێی راگەیەندراوی هەردوولا ماوەیەکی زۆرە چاوەڕوانی ئەو پرۆسەیەن و بە قۆناغێکی ووردی دانوستانی سیاسی، کارگێڕی، پیشەیی و تەکنیکی و هونەریدا گەیشتوونەتە ئەو رێککەوتنە.
لە قۆناغی یەکەمدا لە کۆی 10 کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوت 8 کۆمپانیایان بەشداریی رێککەوتنی سێ قۆڵی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوتیان کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لە گەڕی دووەمی دانوستانەکاندا بۆ بەردەوامییدان بە رێککەوتنە سێ مانگییەکە و درێژکردنەوەی بۆ ساڵی داهاتوو ئەو کۆمپانیایانەی دیکەش بچنە چوارچێوەی رێککەوتنەکەوە.
بەوەش بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی پێش راگرتنی هەناردەی نەوت کە رۆژانە تێکڕا 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکرا.
گەڵف کیستۆن: هەناردەی نەوت زیاد دەکات
کۆمپانیای گەڵف کیستۆنی ئەمەریکی، کە لە کێڵگەی شێخانی سنوری پارێزگای دهۆک وەبەرهێنان لە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی کردەوە: تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان لە سەرەتای 2025 تا رۆژی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوت بووە.
پێشبینی کرد، تاکوو کۆتایی ئەم ساڵ، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی شێخان بگاتە 42 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. رۆژانە 40 هەزار تاوەکو 42 هەزار بەرمیل نەوت بێ.
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، رۆژی شەممە (27ـی ئەیلولی 2025) هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێکردەوە.
هەر هەشت کێڵگەی نەوتەکەی هەرێمی کوردستان کە دەستیان بە پرۆسەکە کردووە، لە بەرەبەیانی رۆژی شەممەوە دەستیان بە هەناردەکردنی نەوتەکەیان کرد بۆ کێڵگەی نەوت خورمەڵە و دواتر لەو کێڵگەیەوە دەچێتە ناوچەی پیشخاپوور لە کۆتای خاڵی سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا و لەوێوە بە بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نەوتەکە دەگەیەندرێتە بەندەری جەیهانی تورکیا.
بە گەیشتنی بە بەندەری جەیهانی تورکیا، کۆمپانیای سۆمۆ گرێبەستێکی لەگەڵ گەورە کۆمپانیەکی سویسری کردووە، بۆ دووبارە بارکردن و فرۆشتنەوەی بە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکای باکور و وڵاتان و کڕیارانی دیکەی نەوتی هەرێمی کوردستان.
هەناردەی نەوت بە چەند قۆناغێک
بەپێی رێککەوتنەکە، کۆی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان دوای لێدەکردنی 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستی رۆژانە، نەوتەکە لە کێڵگەی نەوتی خورمەڵە کۆدەکرێتەوە و لەوێوە دەنێردرێتە پیشخاپوور لە لایەنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، لە کۆتای خاڵی سنوریی نێوان تورکیا و هەرێم دەربازبوو بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی وەزارەتی نەوتی عێراق تا دەگاتە بەندەری جەیهان و باردەکرێت و دەفرۆشرێت و داهاتەکەی دەگەڕێتەوە خەزێنەی گشتی.
لە قۆناغی یەکەمدا هەرێمی کوردستان 240 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستی ناوخۆ و 190 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرێت، بۆ بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت 16 دۆلار دەدرێتە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت وە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم
رۆژی (25ـی ئازاری ساڵی 2023) هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "رێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك – جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە.
حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس رایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە.
جگە لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوت، عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی لە توركیا دەكرد، دادگاش ئەنقەرەی پابەندكرد 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغداد.
راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لە هەناردەكردنی نەوت بوو، بەو پێیەی سەرەتای مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا.
نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.
