تەواوکەری خۆراکیی
سبەی
کالیسیۆم مادەیەکی خۆراکی سەرەکییە بۆ جەستەی مرۆڤ. بەشدارە لە دروستکردن و پاراستنی ئێسک و ددانی بەهێز، هەروەها رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە کارکردنی ماسولکە و دەمار و دڵدا. هەرچەندە لە زۆرێک لە خۆراکەکاندا هەیە، بەڵام رەنگە هەندێک کەس پێویستیان بە خواردنی تەواوکەری خۆراک هەبێت، بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی یان بەرزکردنەوەی هەڵمژینی کالیسیۆم.
کالیسیۆم پێویستە بۆ رێگریکردن لە پووکانەوەی ئێسک و پاراستنی هێزی ئێسک، بەتایبەتی لە کەسانی پێگەیشتوو یان ئەو کەسانەی کە لە رێگەی خۆراکی خۆیانەوە بەشی پێویست لەم کانزایە بەدەست ناهێنن. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کەمی کالیسیۆم دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئێسکەکان و زیادبوونی مەترسی شکانی ئێسکەکان.
جگە لە رۆڵی لە تەندروستی ئێسکدا، هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، کە تەواوکەری کالیسیۆم رەنگە مەترسی تووشبوون بە هەندێ لە نەخۆشییەکان لە ژنانی دووگیان کەم بکاتەوە.
تەواوکەری کالیسیۆم
هەندێک گروپ سوودمەند دەبن لە تەواوکەری کالیسیۆم، دیارترینیان ئەوانەن کە خۆراکی کەم کالیسیۆم بەکاردەهێنن، وەک رووەکخۆرەکان یان ئەوانەی هەستیاری لاکتۆزیان هەیە، هەروەها ئەوانەی کە بەهۆی نەخۆشییەکانی گەدە و ریخۆڵە کێشەیان لە هەڵمژینی کالیسیۆم هەیە.
هەروەها ئامۆژگاری ئەو خانمانمانە دەکرێن، کە لە قۆناغی نا ئومێدیدان (راوەستانی سوری مانگانە) کە تەواوکەرەکان بخۆن، بە لەبەرچاوگرتنی کەمبوونەوەی رێژەی ئیسترۆجین، کە هەڵمژینی کالیسیۆم کەم دەکاتەوە و ئەگەری تووشبوون بە پووکانەوەی ئێسک زیاد دەکات. هەروەها پێشنیار دەکرێن بۆ ئەو کەسانەی کە دەرمانی کۆرتیزۆل بۆ ماوەیەکی زۆر دەخۆن، چونکە تەواوکەرەکان یارمەتیدەرن بۆ رێگریکردن لە پووکانەوەی ئێسک.
بە پێچەوانەوە ئەو کەسانەی کە لە رێگەی خۆراکی خۆیانەوە کالیسیۆمی پێویست بەدەست دەهێنن یان کێشەی بەرزی ئاستی کالیسیۆمیان لە خوێندا هەیە.
ژەمە دەرمانە پێشنیارکراوەکان و رێوشوێنی خۆپارێزی
پێویستی رۆژانەی کالیسیۆم بەپێی تەمەن و رەگەز جیاوازە، لە 200میلیگرام بۆ کۆرپە تا 1300 میلیگرام بۆ هەرزەکاران و بەساڵاچووان دەستپێدەکات. بۆ دڵنیابوون لە هەڵمژینی باش و کەمکردنەوەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی وەک ئاوسانی سک یان قەبزی، باشترە تەواوکەرەکان بە ژەمە بچووکەکان بخورێت، کە لە 500 میلیگرام زیاتر نەبێت.
گرنگە ئاماژە بەوە بکەین، کە خواردنی بڕێکی زۆر لە تەواوکەری کالیسیۆم دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزییەکان، لەوانە زیادبوونی مەترسی بەردی گورچیلە و ئەگەری کارلێککردنی تەواوکەرەکە لەگەڵ هەندێک لە دەرمانەکان. هەروەها هەندێک لە توێژینەوە سنووردارەکان ئاماژەیان بە ئەگەری پەیوەندی نێوان تەواوکەری کالیسیۆم و هەندێک کێشەی دڵ کردووە، بەڵام ئەنجامەکانی هێشتا تێکەڵن و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
جۆرەکانی تەواوکەری کالیسیۆم
تەواوکەرە بەکارهێنراوەکان چەند جۆرێک لەخۆدەگرن، دیارترینیان کاربۆناتی کالیسیۆمە کە رێژەیەکی بەرزی کالیسیۆمی تێدایە، بەڵام دەتوانێت ببێتە هۆی ئاوسانی ئاو یان قەبزی. سیتراتی کالیسیۆم کە بە ئاسانی هەڵدەمژرێت و کەمتر دەبێتە هۆی تێکچوونی گەدە و ریخۆڵە. گلوکۆنات و کاربۆناتی کالیسیۆم، کە رێژەیەکی کەمتر لە کالیسیۆمی چالاک دابین دەکەن. باشتر وایە هەموو تەواوکەرەکان لەگەڵ خۆراکدا بخورێت بۆ بەرزکردنەوەی هەڵمژینی و کەمکردنەوەی کێشەکانی گەدە و ریخۆڵە.
سەرچاوە سروشتییەکانی کالیسیۆم
باشتر وایە پێش ئەوەی پەنا بۆ تەواوکەرەکان ببەیت، کالیسیۆم لە سەرچاوە خۆراکییەکانەوە وەربگریت. دیارترینی ئەم سەرچاوانە بریتین لە بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەک شیر و ماست و پەنیر، ماسی، سەوزەی گەڵادار وەک برۆکلی، سپێناخ، یان وەک فاسۆلیا و سۆیا، ئاوی پرتەقاڵ و دانەوێڵەی تەواو.