سبەی
ساڵانێکی زۆرە باس لە هەماهەنگیی نێوان ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان دەکرێت، دروستبووونی ئەو هەماهەنگییە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1960ـەکان و 1970ـاکان، کاتێک لە شۆڕشی کورد ئیسرائیل پشتیوانی دارایی، زانیاری و چەکی پێشکەش بە شۆڕش کردووە. هەماهەنگییەکان لە چوارچێوەی سیاسەتێکی تایبەتی ئیسرائیلدایە بەناوی (periphery doctrine) واتا دروستکردنی دۆست لەناو وڵاتانی دوژمنی ئیسرائیل. راپۆرتێکی تایمزی ئیسرائیل باس لە کاریگەریی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان دەکات لەسەر شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل و ئێران.
لە سەروبەندی سەرهەڵدانی شەڕی داعش و راگرتنی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن عێراقەوە، هەرێمی کوردستان خۆی نەوتی دەفرۆشت، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە ئەو کاتە هەستیارەدا کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە بازاڕکردنی نەوتەکەی بوو، کەشتییە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەندەرەکانی ئیسرائیل دەگیرسانەوە بۆ فرۆشتنی نەوت بە ئیسرائیل. لە کاتی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانیشدا، ئیسرائیل تاکە وڵات بوو بە ئاشکرا پشتیوانی خۆی بۆ هەرێم دەربڕی. هەموو ئەو هەماهەنگییانە لە خۆوە نین، بەڵکو بناغەیەکی مێژوویی هەیە و هەماهەنگییەکی ستراتیژییە لە پێویستییەوە لە دایک بووە.
ئێران ئەو راستییە دەزانێت، بۆیە لە ئازاری 2022، لە رێگەی موشەکەوە هەلێری کردە ئامانج، بە پاساوی ئەوەی "بارەگای موسادی کردووەتە ئامانج". جارێکی دیکە لە کانوونی دووەمی 2024، جارێکی دیکە هەولێری بە ئامانج گرت، دووبارە پاساوەکەی ئەوەبوو "سەنتەری سیخوڕی" بە ئامانج گرتووە. هەرێمی کوردستان بانگەشەکانی ئیرانی رەتکردەوە، بەڵام پەیامی ئێران روون بوو: ئێران باوەڕی وایە کورد هاوپەیمانی ئیسرائیلن.
دواتر لە هاوینی ئەمساڵ جارێکی دیکە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "شێری راپەڕیو" دەستپێکرد و هەردوو وڵات بۆ ماوەی 12 رۆژ رۆشتنە شەڕێکی سەختەوە. هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل باڵادەستی خۆیان بەسەر ئاسمانی ئێراندا سەپاند. ئاسمانی عێراق بە رووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیلدا کراوە بوو، ئەوەش بەهۆی نەبوونی هیچ سیستمێکی بەرگریی ئاسمانی. عێراق لە نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی بەزاندنی ئاسمانی وڵاتەکەی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرد.
هەرچەندە هەرێمی کوردستانیش سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی کرد، بەدڵنیاییەوە دەبوو بیکات، چونکە ئەوە کرۆکی پاراستنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلە: هەموو شتیك رەت بکەرەوە، بێدەنگبە و بهێڵە مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە.
هەرچەندە ژمارەیەک راستی پشتیوانی تیۆریی هاوپەیمانی نهێنی ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان دەکەن، وەک بەهێزکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە هەولێر، لەکارخستنی رادارەکان و واڵاکردنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی شەڕی 12 رۆژەدا. ئەو هەماهەنگییە سەربازییانە ماوەکی زۆرە بەردەوامییان هەیە، ئەوەش وای کردووە وێنەکە بەپێی پێویست روون بێت.
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بێگومان هەرێمی کوردستان رۆڵی خۆی دەبینێت و وەک چۆن لە ساڵانی رابردوودا رۆڵی خۆی بینیوە: هاوپەیمانێکی بێدەنگی ئیسرائیل لە تێکشکاندنی دیواری بەرگرییەکانی ئێران. رەنگە ئەکادیمیستەکان داوای بەڵگە بکەن، بەڵام واقعەکە روونە بۆ هەرکەسێک بە وردی چاودێری بارودۆخەکە بکات: بەبێ هەرێمی کوردستان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل نەیاندەتوانی بە ئەو شێوە قورس، خێرا و قووڵە لە ئێران بدەن.
بەپێی راپۆرتەکە، لە کاتێکدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەست لەسەر سنگە بۆ تاران، حوسییەکان دەست لەسەر سنگن بۆ داواکارییەکانی سوپای پاسداران، عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی لەناوبردنی ئیسرائیل دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان یارییەکی درێژخایەنی ستراتیژی دەکات.
بەپێی راپۆرتەکەدا، کورد لە عێراق، تورکیا، سوریا، ئێران و ئەرمینیا بەدوای خۆنواندنەوە نین، بەڵکو ئەوەی ئەیانەوێت مانەوەیە. ئەوەش واتە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ تاکە هێزی ناوچەکە کە ئامادەیە لە ئێران بدات کە ئیسرائیلە، گەرەنتی مانەوەی کوردە. ئێران هەولێری بەئامانجگرت، چونکە ئەو راستییە دەزانن، دوژمنەکانی ئێران تەنها ئاسمانی هەرێمی کوردستان بەکارناهێنن، بەڵکو رێگەیان پێدەدرێت. عێراق، حوسییەکان و ئێران بەدەنگی بەرز هاواری لەناوبردنی ئیسرائیل دەکەن، بەڵام لە هەڵسوکەوت و هەڵوێستدا شەرمنن. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چپە دەکات، ئیسرائیل هێرشەکان ئەنجام دەدات. ئەوەش لە ئێستادا باڵانسی هێز دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.