سەرۆک وەزیرانى داهاتوو؛ سەرکردەکانى شیعە بەرانبەر هێڵى دووەم

#عێراق#هەڵبژاردن#سودانى#مالیکى
11 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 11 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • دیارترین ناوەکان کە خواستى خۆیان نیشانداوە بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو پێکهاتوون لە، نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى ئێستا، هادى عامرى سەرۆکى رێکخراوى بەدر، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پێشووتر، نەعیم عەبودى وەزیرى خوێندنى باڵا (عەسائیب)، عەبدولحسێن عەبتان وەزیرى پێشووى گەنجان و نزیک لە ئەنجومەنى باڵا.
Primary Asset

دوو هێڵى سەرەکى لەناو هاوپەیمانى شیعە کێبڕکێ لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیران دەکەن

سبەى

لەناو گۆڕەپانى شیعە دوو هێڵى سەرەکى لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو کێبڕکێ دەکەن کە بریتین لە سەرکردە دیارەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى و سیاسەتمەدارانى هێڵى دووەم، لەکاتێکدا 10 کەس گرەو لەسەر بەدەستهێنانى پۆستەکە دەکەن.

بەپێی دەستور، گەورەترین کوتلە کە خاوەنى زۆرترین کورسی پەرلەمانە، بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێ رادەسپێردرێت.

بەپێی رۆژنامەى “مەدا”ى عێراقى، دوو هێڵى سەرەکى لەناو هاوپەیمانى شیعەدا کێبڕکێ لەسەر پۆستەکە دەکەن کە گرنگترین پۆستە لەناو دەوڵەتى عێراقدا.

سەرچاوەکانى ناو پارتە پێکهێنەرەکانى چوارچێوە دەڵێن، هێڵى یەکەم لە سەرکردە دیارەکانى چوارچێوە پێکهاتووە، لەکاتێکدا هێڵى دووەم نوێنەرایەتى هێڵەکانى دیکەى هاوپەیمانێتییەکە دەکەن.

دیارترین ناوەکان کە خواستى خۆیان نیشانداوە بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو پێکهاتوون لە، نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى ئێستا، هادى عامرى سەرۆکى رێکخراوى بەدر، حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى پێشووتر، نەعیم عەبودى وەزیرى خوێندنى باڵا (عەسائیب)، عەبدولحسێن عەبتان وەزیرى پێشووى گەنجان و نزیک لە ئەنجومەنى باڵا.

هەروەها لە هێڵى دووەم چەند کەسێک دەیانەوێت پۆستەکە بەدەستبهێنن، وەک ئەسعەد عیدانى پارێزگارى بەسرە، محەمەد مەیاحى پارێزگارى واست کە پێشتر هاوپەیمانى رەوتى سەدر بوو.

دەرچوون لە چوارچێوە

نوری مالیکی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، رکابەری پێشوەختە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران هەیە. ئاشکراشی کرد کە داوای بۆچوونی خۆی لێکراوە لەسەر 10 کاندیدی چاوەڕوانکراو، بەڵام پێی وایە تەنها دوو یان سێ کەسی شایستەن، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە تواناى بەڕێوەبردنى ئەو پۆستەیان نییە.

هێزە شیعەکان لە ئێستاوە وا گریمانە دەکەن کە سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کاندیدێک بێت لە چوارچێوەی هەماهەنگی، تەنانەت پێش ئەوەی ئەنجامى هەڵبژاردن دەربکەوێت، سەرەڕای درزەکانی ناو هاوپەیمانییەکە.

مالیکی ئاماژەی بەوەدا کە هەموو کاندیدەکان بە خۆی و سودانیشەوە ناتوانن خۆیان بۆ ئەو پۆستە کاندید بکەن بەبێ پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگی، مەگەر یەکێکیان بتوانێت گەورەترین کوتلە لە دەرەوەی ئەو هاوپەیمانێتییە پێکبهێنێت.

بەرپرسی پارتێکی گەورە لە چوارچێوەی هەماهەنگى پێیوایە، لێدوانەکانی ئەم دواییەی مالیکی رەنگدانەوەی نیگەرانییەکانیەتى لە ئەگەری لادانی سودانی لە پرەنسیپەکان و بەدەستهێنانی ئەو پۆستە بەبێ پشتیوانی چوارچێوەی هەماهەنگی.

ئەو بەرپرسە ڕوونیشیکردەوە کەئەگەر هەیە ئەمە رووبدات ئەگەر سودانی بتوانێت دوای هەڵبژاردن هاوپەیمانییەک پێکبهێنێت کە لە چوارچێوە گەورەتربێت. 

بیرۆکەی "بریکار" یان "بەڕێوەبەری گشتی"

گروپێک لەناو "چوارچێوە" پشتگیری لە بیرۆکەی بەردەوامبوونی ئەو نەریتە دەکەن کە بە "بریکار" ناسراوە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتوویان پێبدرێت.

ئەو بیرۆکەیە دواى کۆتایی هاتنى سەردەمى حوکمڕانى گەورەکان هات دواى ئەنجومەنى حوکم و ئەیاد عەلاوى و ئیبراهیم جەعفەرى، تا دیاریکردنى مالیکى لە ساڵى 2006 کە ئەوکات بە هێڵى دووەم دادەنرا.

پێدانى ئەو پۆستە بە سەرۆک وەزیران دواى ویلایەتى مالیکیش درا بە سیاسەتمەدارانى هێڵى دووەم، جگە لە عادل عەبدولمەهدەى کە دەسەڵاتەکەى بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە کۆتایی هات.

ماڵى شیعى گەڕاوەتەوە بۆ هێڵە کۆنەکە، لەگەڵ هەوڵدان بۆ پاشەکشە لەو بارەیەوە لە ساڵى 2022 بەفشارى کەسایەتییەکانى چوارچێوەى هەماهەنگى، بەڵام دواتر پۆستەکە درایە سودانى.

بژاردەى بریکار یان بەڕێوەبەرى گشتى، بەوتەى قەیس خەزعەلى رابەرى عەسائیب بۆ ئەوەیە کە ئەگەر سەرۆک وەزیران شکستیهێنا بەرپرسیارێتییەکەى بخرێتە ئە ستۆى لاوازى کەسایەتییەکە، ئەگەریش سەرکەوتن بەدەستبهێنێت ئەو هاوپەیمانێتییەى لەسێبەریدا کاردەکات مەرجەکان بەسەریدا دەسەپێنێت.

بەڵام وادیارە سودانى لە پلانی پێشوو هەڵگەڕاوەتەوە دوای ئەوەی پێگەکەى هەڵکشا، بەپێی قسەى بەرپرسە شیعەکان. بەهۆی پێداگری لەسەر چوونە ناو هەڵبژاردنەکان لە دەرەوەی "چوارچێوە".

بەوتەى نورى مالیکى، پێش پێکهێنانى حکومەت چوارچێوە مەرجى ئەوەى داناوە کە سەرۆک وەزیران نابێت بەشدارى هەڵبژاردن بکات، ئەو مەرجەش لە حکومەتى سودانى و ئەوانەى تر جێبەجێنەکراوە جگە لە حکومەتى مستەفا کازمى.

بەرپرسەکەى چوارچێوە دەڵێت، پابەندنەبوون بەو مەرجە بەشێک لە پێکهێنەرەکانى هاوپەیمانێتییەکە ناچار دەکات بیر لە دیاریکردنى کەسایەتییەکى چوارچێوە بکەنەوە بۆ سەرۆکایەتى حکومەتى داهاتوو.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی