پۆستى سەرۆک کۆمار ماوەى دوو خولە بووەتە خاڵى ناکۆکى توندى نێوان پارتى و یەکێتى
سبەى
پارتى دیموکراتى کوردستان جەختدەکاتەوە ئەنجامى هەڵبژاردن و رێککەوتنى سیاسی کاریگەرییان دەبێت لەسەر دابەشکردنى پۆستەکانى کورد لەبەغداد، لەناویاندا پۆستى سەرۆک کۆمار، لەکاتێکدا پێدەچێت پارتى و یەکێتى دابەشکردنى پۆستەکانى هەرێم و بەغداد بکەن بەیەک پاکێج.
پۆستى سەرۆک کۆمارى عێراق ماوەى 20 ساڵە لەلاى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانە لەبەر پێدانى پۆستى سەرۆکى هەرێم بە پارتى دیموکراتى کوردستان، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى نێوانیان لە ساڵى 2005 کە دواتر بووە بناغەى رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
پۆستەکە دوو خول لەلایەن جەلال تاڵەبانییەوە بەرێوەبرا لە ساڵانى (2005-2014)، دواتر فوئاد مەعسوم لە ساڵانى (2014-2018)، پاشان بەرهەم ساڵح لە ساڵانى (2018-2022)، لەتیف رەشید لە ساڵى 2022 ەوە پۆستەکەى بەدەستەوەیە تا ئێستا.
ئەو پۆستە ماوەى دوو خولە بووەتە خاڵى ناکۆکى توندى نێوان پارتى و یەکێتى، بەڵام پۆستەکە تا ئێستا لەلاى یەکێتى ماوەتەوە، کە بەپشکى خۆى دایدەنێت لەبەرانبەر پۆستى سەرۆکى هەرێم کە لەساڵى 2005 ەوە بەدەست پارتییەوەیە، ئەوەش بەپێی رێککەوتنى ستراتیژى نێوانیان.
عەلى حسێن ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا لە سلێمانى لە وەڵامى پرسیارێکدا لەبارەى هەوڵى حزبەکەى بۆ وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمار دوو بنەماى دیاریکرد بۆ دابەشکردنى پۆستەکان کە بریتین لە ئەنجام و ئیستحقاقى سیاسی و رێککەوتنى سیاسی.
جەختیشیکردەوە، هێشتا زووە باس لە کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستە بکرێت، بەبێ ئەوەى رەتیبکاتەوە یان پشتڕاستى بکاتەوە کە بۆ خولى داهاتووى سەرۆک کۆمار کاندیدیان دەبێت یاخود نا، هاوشێوەى دوو خولى رابردوو.
عەلى حسێن باسى لەوەشکرد، ئەوەى بەلاى ئەوانەوە گرنگە ئەوەیە ئەو پۆستە وەک پشکى کورد بمێنێتەوە.
پۆستى سەرۆک کۆمار بەشێک بوو لە ناکۆکییەکانى نێوان پارتى و یەکێتى لەدانوستانەکانى پێشووى پێکهێنانى حکومەتدا کە تا ئێستاش نەگەیشتوون بە ئەنجام.
عەلى حسێن جەختیکردەوە 90%ى پۆستەکان یەکلایی کراونەتەوە، بەڵام هەندێ وەزارەت ماون لەناویاندا وەزارەتى ناوخۆ.
بێ ئەنجامى دانوستانەکان لەکاتێکدایە، 11ى مانگى داهاتوو هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بەڕێوەدەچێت و بەپێی سەرچاوەکان پێدەچێت پێکهێنانى حکومەت بکەوێتە دواى هەڵبژاردن و پۆستەکانى هەرێم و بەغداد بەیەک پاکێج دانوستانیان لەسەر بکرێت.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە یەکێتى بۆ “سبەى” جەختیکردەوە، کە ئەگەر پڕۆسەکە بگاتە ئەوکات مافەکانى یەکێتى لەبەغداد روونن، لەناویاندا پۆستى سەرۆک کۆمار و ئەو پۆستە پشکى حزبەکەیانە.
لەچەند مانگى رابردوودا "سبەى" جموجۆڵ و کێبڕکێی پێشوەختەى لەسەر پۆستى سەرۆک کۆمارى داهاتووى عێراق ئاشکراکرد و دەنگۆى خۆکاندیدکردنى بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى ئەو پۆستە بڵاوبووەوە.
سەعدى ئەحمەد پیرە وتەبێژى پێشووى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان پێشتر لەلێدوانێکیدا بۆ سبەى دەنگۆى خۆکاندیدکردنى بافڵ تاڵەبانى سەرۆکى یەکێتى بۆ پۆستى سەرۆک کۆمار بە "بیدعەى سۆشیال میدیا" ناوبردبوو، جەختیکردبووەوە پرسی لەو شێوەیە لەناو یەکێتى گفتوگۆى لەسەر نەکراوە.