كۆتایی سەردەمی مەردۆخ!؛ بنەماڵەیەكی نوێ دەست بەسەر میدیاكانی ئەمەریكادا دەگرێت

#مەردۆخ#بنەماڵە#ئەمەریکا#میدیا
6 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • بنەماڵەیەكی نوێ لە ئەمەریكا دەست بەسەر چەندین كۆمپانیای میدیایی دا دەگرن، ئەوەش نیگەرانی زۆری بەتایبەت لەلایەن دیموكراتەكانی كۆنگرێس لێكەوتۆتەوەو بەلەبەرچاوگرتنی نزیكی بنەماڵەكە لە دۆناڵد ترەمپ نیگەرانن لەوەی كە سەرۆكی ئەمەریكا ئەو نزیكایەتییە بۆ قازانجی خۆی بەكار بهێنێت.
  • لاری ئێلیسۆن، ملیاردێری تەكنەلۆژیا و كوڕەكەی دەیڤید، بەرهەمهێنەری هۆلیوود، لە مێژە لەنێو نوخبە جیهانییەكاندان، بەڵام ئەمساڵ دەسەڵاتەكەیان ڕەهەندێكی نوێی وەرگرتووە، چونكە بەدوای گرێبەستەكاندا دەگەڕێن لە تیك تۆكەوە بۆ سی ئێن ئێن كە دەتوانێت رێگەیان پیبدات بۆ كۆنترۆڵی هەندێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی میدیایی جیهان.
Primary Asset

سبەی

بنەماڵەیەكی نوێ لە ئەمەریكا دەست بەسەر چەندین كۆمپانیای میدیایی دا دەگرن، ئەوەش نیگەرانی زۆری بەتایبەت لەلایەن دیموكراتەكانی كۆنگرێس لێكەوتۆتەوەو بەلەبەرچاوگرتنی نزیكی بنەماڵەكە لە دۆناڵد ترەمپ نیگەرانن لەوەی كە سەرۆكی ئەمەریكا ئەو نزیكایەتییە بۆ قازانجی خۆی بەكار بهێنێت.

لاری ئێلیسۆن، ملیاردێری تەكنەلۆژیا و كوڕەكەی دەیڤید، بەرهەمهێنەری هۆلیوود، لە مێژە لەنێو نوخبە جیهانییەكاندان، بەڵام ئەمساڵ دەسەڵاتەكەیان ڕەهەندێكی نوێی وەرگرتووە، چونكە بەدوای گرێبەستەكاندا دەگەڕێن لە تیك تۆكەوە بۆ سی ئێن ئێن كە دەتوانێت رێگەیان پیبدات بۆ كۆنترۆڵی هەندێك لە گەورەترین كۆمپانیاكانی میدیایی جیهان.

مەردۆخەكان بنەماڵەیەكی بەناوبانگی جیهانین، ڕەنگە زۆری پێنەچێت تا بنەماڵەی  ئێلیسۆنیش بە هەمان شێوە ناوێكی ناوازە بۆخۆیان دەستەبەر بكەن.

پەیوەندی لاری ئێلیسۆن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی خێزانەكە بەرەو لوتكە ببات، پەیوەندییەك كە سەرۆكی ئەمەریكا پشتگیری لێدەكات. 

لە سەرەتای ئەمساڵدا ترەمپ، ئێلیسۆنی گەورەی بە "پیاوێك و بازرگانێكی گەورە" وەسف كرد. ئاماژەی بەوەشكردووە، "تواناكانی ئێلیسۆن تەكنەلۆجیا تێپەڕ دەكات" و دەبێتە بەنزیكەیی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری هەموو شتێك.

ئەم ڕێگایە بۆ بنەماڵەی ئێلیسۆن چاوەڕوان نەكراو بوو

لە هەندێك ڕووەوە ئەم ڕێگایە بۆ بنەماڵەی ئێلیسۆن چاوەڕوان نەكراو بوو، ناوی لاری ئێلیسۆن تەمەن 81 ساڵ، سەرەتا لە بواری كۆمپیوتەردا ناوبانگی دەركرد و لە ساڵی 1977 كۆمپانیای سۆفتوێری ئۆراكلی دامەزراند، كە كۆمپانیایەكی گەورەی تەكنەلۆژیایە، سامانەكەی بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ نزیكەی 40% ی پشكەكانی لە كۆمپانیای ئۆراكل، لە ماوەی ١٢ مانگی ڕابردوودا دوو هێندە زیادیكردووە بۆ نزیكەی ٣٧٠ ملیار دۆلار، چونكە كۆمپانیاكە بووەتە یاریزانێكی سەرەكی لە بنیاتنانی ژێرخانی زیرەكی دەستكرد و تەنانەت لە كاتێكدا لەم مانگەدا پێش ئیلۆن مەسك كەوت وەك دەوڵەمەندترین كەسی جیهان.

تا ئێستا هەواڵە جەنجاڵییەكانی ئیلیسۆن، زیاتر لە دەوری كەشتیوانی، تێنس، لێكۆڵینەوە لە دەرمانی دژە پیربوون و كڕینی دوورگەیەك لە هاوایی دەسوڕاوە، بەڵام ئەوەی لەم دواییانەدا زۆرترین سەرنجی ڕاكێشاوە پەیوەندییەكەیەتی لەگەڵ سەرۆكی ئەمەریكا.

ئیلیسۆن یارمەتیدەرێكی گەورەی كۆمارییەكان بووو و لە ساڵی ٢٠٢٠ میوانداری گردبوونەوەیەكی بۆ ترەمپ كرد، هەرچەندە دەوترێت خۆی بەشداری لە چالاكییەكەدا نەكردووە و تۆمارە فیدراڵیەكان دەریدەخەن كە هیچ بەخشینێكی گشتی بۆ سەرۆك نەكردووە.

كۆمپانیای ئۆراكل لە یەكەم خولی سەرۆكایەتی ترەمپدا پەیوەندی بە تیك تۆكەوە كرد و زانیارییەكانی بەكارهێنەرانی ئەپەكەی لە ئەمەریكا بەدەستەوە گرت.

هەروەها پەیوەندییەكانی خێزانی لاری ئێلیسۆن لەگەڵ حكومەتدا قازانجی بۆ كوڕە تەمەن ٤٢ ساڵەكەی دەیڤید هەبووە كە ئێستا وەك یاریزانێكی سەرەكی لە بواری میدیادا سەریهەڵداوە و دەركەوتوە.

لە ساڵی ٢٠١١ خوشكەكەی، مێگان ئێلیسۆن، ستۆدیۆی بەرهەمهێنانی تایبەتی خۆی بەناوی ئاناپورنا پیكچەرز دامەزراند، كە فیلمی وەك “ئەمریكی هاستڵ”، “هێر” و “سی خولەك دوای نیوەشەو” بەرهەم هێناوە.

لەلایەكی دیكەوە كڕینی كۆمپانیای پارامۆنت لە مانگی ڕابردوودا بە پشتیوانی باوكی بازدانێكی بەرچاو بوو بۆ ناو بوارێكی نوێ، ئێستا سەرۆكی ئۆپەراسیۆنێكی فراوانە و زیاتر لە ١٨ هەزار كارمەندی هەیە و ڕووبەڕووی ئاستەنگی نوێ دەبێتەوە، لەوانە سەرپەرشتیكردنی سی بی ئێس كە یەكێكە لە گەورەترین تۆڕەكانی هەواڵی ئەمەریكا.

كڕینی كۆمپانیاكە پێویستی بە ڕەزامەندی كۆمیسیۆنی پەیوەندییە فیدراڵیەكان هەبوو، ئەو دەزگایەی كە سەرپەرشتی میدیای پەخش دەكات لە ئەمەریكا و لەلایەن برێندان كار، كەسی نزیك لە ترەمپەوە سەرۆكایەتی دەكرێت.

هەروەها دەوترێت خێزانی ئێلیسۆن خەریكی ئامادەكردنی پێشنیارێكن بۆ فرۆشتنی كۆمپانیای وارنەر برۆس دیسكۆڤەری، ئەو كۆمپانیایە میوانداری كارەكتەرەكانی وەك لۆنی تیونز و هاری پۆتەر و سوپەرمان دەكات و هەروەها خاوەنی تۆڕەكانی وەك ئێچ بی ئۆ و سی ئێن ئێنە و ئەمەش دەتوانێت یەكێك لە گەورەترین كۆمپانیا زەبەلاحەكانی میدیا لە ئەمەریكا دروست بكات.

"مەترسیدارە بۆ دیموكراسی"

هاوكات لەگەڵ سەركوتكردنی بەرفراوانتری میدیاكان لەلایەن كۆشكی سپی، گەشەسەندنی دەسەڵاتی خێزانی ئێلیسۆن و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ترەمپ نیگەرانییەكی لەلایەن رەوتە چەپەكانەوە دروستكردووە و نیگەرانییەكی لای ڕەخنەگران دروستكردوە لەبارەی توانای ترەمپ بۆ كاریگەری لەسەر ڕووماڵكردنی ئیدارەكەی.

گروپی چاودێری میدیایی فەیر لەم دواییانەدا هۆشداریدا لەوەی "دەستبەسەرداگرتنی بنەماڵەی ئێلیسۆن بەسەر سی بی ئێس و سی ئێن ئێن، لەگەڵ كۆنترۆڵكردنی تۆڕێكی كۆمەڵایەتی گەورەی وەك تیك تۆك، مەترسیدارە بۆ دیموكراسی و پێدەچێت مەبەستیان لە نزیكبوونەوە لەگەڵ ترەمپ هەر ئەو ئامانجە بێت".

لای خۆیەوە سیناتۆر ئەلیزابێس وارن دەڵێت "پێویستە ڕێگری بكرێت لە هەر جۆر یەكگرتنێكی نێوان كۆمپانیای پارامۆنت و كۆمپانیای وارنەر برۆس و بە چڕبوونەوەی مەترسیداری دەسەڵات لەلایەن بنەماڵەیەكەوە ناوی بردووە".

دیموكراتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران مانگی ڕابردوو ڕایانگەیاند، لێكۆڵینەوەیەك دەستپێدەكەن بۆ ئەوەی ئایا پارامۆنت-سكایدانس بەڵێنی بە ترەمپ داوە بۆ ئەوەی پشتگیری لێبكەن، ئەوەش دەتوانێت یاساكانی دژە بەرتیل پێشێل بكات.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، تەنها چەند هەفتەیەك پێش پەسەندكردنی گرێبەستەكە، كۆمپانیای پارامۆنت ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی ١٦ ملیۆن دۆلار بۆ یەكلاییكردنەوەی داوای یاسایی لەگەڵ ترەمپ، كە تێیدا ترەمپ كەناڵی سی بی ئێسی تۆمەتباركردووە بەوەی بە ساختەكاری چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كامالا هاریس مۆنتاژكردووە بۆ ئەوەی یارمەتی دیموكراتەكان بدات.

ترامپ هەروەها ڕایگەیاندووە "خاوەنە نوێیەكانی كۆمپانیاكە " بەڵێنی ملیارەها دۆلاریان پێداوە لە ڕیكلام یان بەرنامەسازی بێبەرانبەر.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی