وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئەو ژنانەی یارمەتیدەربوون بۆ تێكشكانی داعش ئێستا لە سوریای نوێدا جێگەیان نابێتەوە

#رۆژئاوای کوردستان#هێزەکانی سوریای دیموکرات#یەکینەکانی پاراستنی ژنان#سوریا
4 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • ژنە شەڕڤانەكانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی هاوپەیمانی ئەمەریكا كە رۆڵی كارایان هەبوو لە تێكشكانی داعش، حكومەتی سوریای نوێ رەتی دەكاتەوە جێگەیان ببێتەوە لە سوپای وڵاتەكەدا
Primary Asset

شەڕڤانانی ژن لە رۆژئاوای کوردستان

سبەی

"ئەو ژنانەی یارمەتیدەربوون بۆ تێكشكانی داعش ئێستا لە سوریای نوێدا جێگەیان نابێتەوە" ئەوە ناونیشانی راپۆرتێكی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمەریكییە لەسەر رۆڵی ژنە شەڕڤانەكانی رۆژئاوای كوردستان و ئاڵنگارییەكانی بەردەمیان لە سوریای نوێدا.

ژنە شەڕڤانەكانی هێزەكانی سوریای دیموكراتی هاوپەیمانی ئەمەریكا كە رۆڵی كارایان هەبوو لە تێكشكانی داعش، حكومەتی سوریای نوێ رەتی دەكاتەوە جێگەیان ببێتەوە لە سوپای وڵاتەكەدا.

سەبارەت بە رۆلی ژنە شەڕڤانەكان لە سوریای نوێدا، روهڵات عەفرین، فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی ژنان، قسەی بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ كردووە و دەڵێت: "قورسە بۆ جیهادییەكان ئەو قبوڵ بكەن رۆڵی ژنان یەكسانە بە رۆڵی پیاوان."

لە كاتی كۆبوونەوەی شاندی رۆژئاوای كوردستان و حكومەتی نوێی سوریا، بۆ باسكردن لە پرسی تێكەڵكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەگەڵ سوپای سوریا، ئەبو موحەمەدی جۆلانی ناسراو بە ئەحمەد شەرع رەتی كردەوە تەوقە لەگەڵ روهڵات عەفرین بكات.

فەرماندەی یەكینەكانی پاراستنی ژنان لەسەر ئەو پرسە وتی: "ئێمە دوو دیدگای زۆر جیاوازمان هەیە."

ئەوە دەرخەری جیاوازی بنچینەیی هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی نوێی سوریایە، بۆیە قورسە رۆڵی ژنان قبوڵ بكەن.

بۆ ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا، نزیكبوونەوەی رۆژئاوای كوردستان و حكومەتی سوریا بە گرنگ دەزانن بۆ سەقامگیریی لە سوریا، بەڵام مێژووی شەش مانگی رابردوو دەرخەری بێتمانەییەكی زۆری نێوان هەردوولایە.

وەك لە راپۆرتەكەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە، توركیا هەڕەشەی دەستوەردان دەكات، ئەگەر هەسەدە خۆی هەڵنەوەشێنێتەوە و تێكەڵ بە سوپای سوریا نەبێت. لەلایەكی دیكەوە ئەمەریكا فشار لە دیمەشق و رۆژئاوای كوردستان دەكات بۆ رێككەوتن.

خاڵی ناكۆكی نێوان هەسەدە و دیمەشق، چۆنێتی تێكەڵكردنی هەسەدەیە. هەسەدە داوا دەكات وەك یەكەیەكی (بلۆكێك)ی سەربەخۆ ببێتە بەشێك لە سوپای سوریا، بەڵام دیمەشق ئەوە رەتدەكاتەوە و داوا دەكات وەك تاك بچنە نێو سوپای سوریاوە، ئەوەش دەبێتە ئاڵنگاریی لەبەردەم ژنە شەڕڤانەكان، چونكە سوپای سوریا ژن وەك سەرباز قبوڵ ناكات.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، حكومەتی نوێی سووننی سوریا كە سەردەمانێك بەشێك بوون لە رێكخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە، بە هەموو شێوەیەك مافەكانی ژنان و ئازادییان رەتدەكەنەوە. تەنانەت ژمارەیەك لە بەرپرسانی باڵای حكومەتی نوێی سوریا لەسەر ژنە شەڕڤانەكان و بوون بە بەشێك لە سوپای سوریا، پێیانوایە ژنان ناگونجێن بۆ ئەوەی بچنە نێو سوپا و دەسەڵاتی دادوەرییەوە.

وەك لە راپۆرتەكەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا هاتووە، بەپێچەوانەی دیدگای حكومەتی نوێی سوریا، ژنان لە نێو هەسەدە-دا رۆڵی گرنگییان هەیە. بەپێی یاسای بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، دەبێت ژنان 40%ـی دامەزراوە حكومییەكان پێكبهێنن.

لە راپۆرتەكەی وۆڵ ستریت جۆرناڵدا باسی چیرۆكی ژنە شەڕڤان، ئارین میركان كراوە.

نزیكەی 10 ساڵ لەمەوبەر، ئارین میركان كاتێك هەموو چواردەوری بە چەكدارانی داعش دەگیرێت، رەتی دەكاتەوە خۆی رادەستبكات، لەبری خۆڕادەستكردن خۆی بە چەكدارەكاندا دەتەقێنێتەوە و ژمارەیەك چەكداری داعش دەكوژێت.

وۆڵ ستریت جۆرناڵ نوسیویەتی چەند مانگێك دوای رووداوەكە، ئارین جۆندا پەیوەندی بە ریزەكانی یەكەی یەكینەكەكانی پاراستنی ژنانی هەسەدە دەكات، ناوی خۆی دەكات بە ئارین وەك وەفایەك بۆ ئارین میركان.

ئارین جۆندا قسەی بۆ وۆڵ ستریت جۆرناڵ كردووە و دەڵێت: "ئارین میركان بە ئازایەتییەكەی ئیلهامبەخش بوو بۆ من."

ئارین جۆندای تەمەن 28 ساڵان، هاوسەرگیریی نەكردووە، ژیانی خۆی بۆ سەربازیی تەرخانكردووە. كاتێك توركیا لە 2018، هێرشی كردە سەر عەفرین، ئارین جۆندا لە بەرەكانی پێشەوەی بەرگریی بووە. دواتر لە 2019 شەڕی میلیشیاكانی كردووە لە سەرێكانی.

یەكێكی دیكە لە شەڕڤانە ژنەكانی رۆژئاوای كوردستان، كوردستان كۆبانی 28 ساڵانە، لە 2015ـەوە پەیوەندیی بە ریزەكانی یەپەژە-وە كردووە. خۆشەویستی بۆ شارەكەی كە كۆبانێیەوە بۆ نیشتمانەكەی كە كوردستانە ناوی خۆی كردووە بە كوردستان كۆبانێ.

یەكەكەی كوردستان كۆبانێ لە شارۆچكەی "گرێ سپی" دژی چەكدارانی داعش شەڕیان كردووە. لە یەكێك لە شەڕەكاندا، لەگەڵ ژمارەیەك شەڕڤانی پیاو لە قاتی یەكەمی باڵەخانەیەك گیردەخۆن و چەكدارانی داعش لە قاتێك سەرووی باڵەخانەكەوەن.

وەك كوردستان كۆبانێ بۆ ۆوڵ ستریت جۆرناڵی باس دەكات، چونكە چەكدارانی داعش لە قاتی سەرەوەن، زاڵترن بەسەر شەڕڤانەكاندا، شەڕڤانەكان ناچار بە كشانەوە لە باڵەخانەكە دەكەن، بەڵام دواتر لە پشتەوە دەگەڕێنەوە بۆ چەكدارانی داعش و هەموویان دەكوژن.

لە كاتێكدا ژنانی رۆژئاوای كوردستان هەمان مافەكانی پیاویان هەیە، بەڵام لە بەشەكانی دیكە سوریای ژێر كۆنترۆڵی حكومەتی دیمەشق ژنان لە مافە سەرەتاییەكانیان بێبەشكراون.

ژنە شەڕڤانەكان داوا دەكەن میكانیزمێك بۆ گۆرێنی دیدگای سەرانی حكومەتی سوریا بدۆزرێتەوە، بۆ ئەوەی مافەكانی ژنان پێشێل نەكرێن.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی