سبەی
شەش مانگ دوای ئەوەی ئیدارەی ترەمپ رایگەیاند، دەست بە کشانەوەی هێزەکانیان دەکەن لە سوریا، ئەم هەفتەیە ئەمەریکا کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراقیش راگەیاند. پسپۆڕان پێیانوایە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریا دەبێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی "ئیمپراتۆریەتی سێبەر"ـی ئێران لە ناوچەکە.
بەپێی راپۆرتێکی فۆکس نیوز، کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا و کەمکردنەوەی رێژەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەبێتە هۆی بەهێزبوونی ئێران و "ئیپراپۆریەتە سێبەر"ـەکەی لە ناوچەکە.
پسپۆڕان قسەیان بۆ فۆکس نیوز کردووە هۆشداریی دەدەن لە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و بە هەڕەشەیەکی دەستبەجێی دەزانن لەسەر عێراق.
گرێگ رۆمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە فۆکس نیوز راگەیاند، "ئێران میلیشیا شیعەکان لە سوریا، عێراق، لوبنان و ئەفغانستان بەکاردەهێنێت بۆ بنیاتنانی ژێرخانی سەربازی هاوتەریب بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ سوپای پاسداران."
گرێگ رۆمان دەشڵێت، مەترسییەکە ئەوەیە وڵاتانی دیکە لە نائامادەیی ئەمەریکا، وەک ئێران دەست بکەن بە دروستکردنی هێزی سێبەر بۆ لێدان لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.
بیل رۆجیۆ، شرۆڤەکاری شارەزای تیرۆر و سەرنووسەری باڵای دامەزراوەی بەرگریکردن لە دیموکراسی بە فۆکس نیوزی راگەیاند، "ئێرانییەکان ستراتیژییەکیان هەیە لە عێراق و کاریگەر بووە،" دەشڵێت: "ئێران هێزی سەربازی، سیاسی و ئابووری بەکاردەهێنن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان، نزیکییان لە عێراق وایکردووە ئەو سیاسەتەیان سەرکەوتوو بێت."
رۆجیو دەڵێت: "لە عێراق سەدان هەزار چەکداری شیعی هەیە، بەشێکن لە حەشدی شەعبی و هێزی کاریگەربوون لە تێکشکانی داعش، ئێستا بەشێکن لە سوپای عێراق، لە ژێر فەرمانی سەرۆک وەزیراندان، بەڵام زیاتر هەژموونی ئێران بەسەریاندا زاڵە."
پسپۆڕەکە دەشڵێت: "چەکدارە شیعەکان کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر حکومەتی عێراق، ژمارەی کورسییەکانیشیان لە پەرلەمان زۆرە، تەنانەت لە رووی ئابووریشەوە بەهێزن،" دەشڵێت: "ئێران ئەو گرووپانەی دروستکردووە هاوشێوەی حیزبوڵڵان لە لوبنان."
هەردوو پسپۆڕەکە، رۆمان و رۆجیۆ نیگەرانن لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە، پێیانوایە نەمانی هەژموونی ئەمەریکا لەم کاتەدا دەبێتە هۆی زیادبوونی هەژموونی ئێران و چالاکییە دژە ئەمەریکاییەکانی لە ناوچەکە.
رۆجیۆ دەڵێت: "ئێمە وانەمان لە ئەفغانستان و عێراق وەرنەگرتووە، گرنگ نییە بە لامەوە 100 سەرباز یان 100 هەزار سەربازمان هەبێت لە ئەو وڵاتانە، بەڵکو ئەوە گرنگە ئەو سەربازانە ئەوە بەدەستبهێنن کە بۆچی لەوێن."
هەردوو پسپۆڕەکە پێیانوایە هەرگیز ئەمەریکا مەترسییەکانی ئێرانی بە رژی وەرنەگرتووە، هەموو ئیدارەکانی ئەمەریکا بە دیموکرات و کۆمارییەکانەوە ئێرانیان بە رژدی وەرنەگرتووە.
رۆجیۆ دەڵێت: "ئێرانییەکان بە ئارامن. دەیان ساڵە و چەندین نەوەیە دژی ئەمەریکا کار دەکەن،" بەپێچەوانەوە وەک رۆجیۆ دەڵێت: "ئەمەریکا ئارامگر نییە، تەنها ماوەیەکی کاتی دژی ئێران کار دەکات، لە کۆتاییدا ئێران بەدوای کردنە دەرەوەی ئەمەریکان لە ناوچەکە و زیادکردنی هەژموونیانن بەسەر وڵاتانی ناوچە."