سبەی
سوپای ئەمەریکا 200 سەرباز دەنێرێتە ئیسرائیل، بۆ سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی غەززە و جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکەی ترەمپ.
ئەمڕۆ شەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2025) تۆڕی (ئەی بی سی) نیوزی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، ناردنی سەربازانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، بۆ دروستکردنی ناوەندێکی هەماهەنگییە، کە سەرپەرشتی ئاگربەست دەکات و هیچ سەربازێکی ناچێتە کەرتی غەززە.
ئاشکرای کردووە، سەربازەکان شارەزای کاروباری گواستنەوە، پلاندانان، خزمەتگوزاری لۆجستی، ئاسایش و ئەندازیاریین و هاوشانی نوێنەرانی ژمارەیەک وڵاتان، کەرتی تایبەت و رێکخراوە ناحکومییەکان کاردەکەن بۆ سەرخستنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەپێی ئەو نەخشەڕێگایەی بڕیاری لەسەر دراوە. لەگەڵ دابەشکردنی کۆمەک و هاوکاریی و پێداویستییە لۆجستییەکان.
تۆڕە ئەمەریکییەکە بڵاوی کردوەتەوە، ناوەندی هەماهەنگی هەنگاوی یەکەمە بۆ یارمەتیدانی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و ئەوەش پێویستی بە هەماهەنگی چڕ هەیە بۆ هاوکارییە مرۆیی و لۆجستی و ئاسایشییەکان.
بڕیارە لەگەڵ گەیشتنی سەربازانی ئەمەریکا لە کۆتایی هەفتەدا، ناوەندێکی سەربازی درووست بکەن. ئەندامانی تیمەکەی ئەمەریکاش لە رێگای ئاسمانییەوە لە ئەمەریکا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەگەنە ئیسرائیل.
براد کوپە، سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە سەرانسەری ناوچەکە بەوپێیەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکایە و بارەگاکەی لە ویلایەتی فلۆریدایە و دوێنێ هەینی گەیشتووەتە ئیسرائیل.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمەریکی پشتبەستن بە زانیارییەکانی بەرپرسێکی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە: هێزێکی پرۆسە سەربازییەکانی ئەمەریکا چاودێریی ئاگربەستی غەززە دەکات، لە بنکەی سەربازیی هاتسوری ئاسمانی لە نزیک شاری ئاشدودی ئیسرائیل جێگیر دەکرێن.
سەعات 12ـی نیوەڕۆی دوێنێ هەینی (10ـی تشرینی یەکەمی 2025) بەپێی پلانە 20 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند: سوپای ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ هێڵی زەرد و پێویستە لەماوەی 72 کاتژمێردا حەماس سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات و تەرمی ئەوانەش رادەست بکات کە گیانیان لەدەستداوە.
دوای کەوتنە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەست، هەزاران هاوڵاتی لە رێگەی شەقامی رەشیدی کەناراوەکانەوە گەڕانەوە شاری غەززە لە باکوری کەرتی غەززە.
هاوکات یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی لە رێگەی میسرەوە گەیشتە کەرتی غەززە بۆ ئەوەی بەسەر دانیشتوانەکەی دابەش بکرێت.