عەبدی و سودانی و شەرع
سبەی
چەند سەرچاوەیەك لە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق ئاشكرایانكردووە، بەغداد چووەتە ناو هێڵی هەوڵەكانی ناوبژیوانی لەنێوان حكومەتی سوریا و هێزەكانی سوریای دیموكرات كە هێزێكی كوردییە و كۆنترۆڵی ناوچەیەكی فراوانی سوریای كردووە.
بۆچی عێراق دەستی بە جموجوڵ كردووە بۆ نێوەندگیری حكومەتی سوریا و هەسەدە؟
بەپێی راپۆرتێكی "رادیۆی مۆنتیكارلۆ" نێوەندگیریكردنی حكومەتی سوریا و هەسەدە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە چەند هۆكارێكی هەیە.
یەكەم: زیاتر لە سێ هەفتەیە محەمەد شیاع سودانی سەركەوتوو بووە لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی "مێژوویی" لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆنترۆڵی نەوتی ناوچە كوردیەكانی كردووە، بۆیە دەیەوێت ئەو نمونەیە(نمونەی عێراقی – كوردی) بگوازێتەوە بۆ سوریا، وەك دیاریشە پرسی نەوت دیارترین خاڵی ناكۆكیی نێوان حكومەتی دیمەشق و ئیدارەی رۆژئاوای كوردستانە.
دووەم: دوو ساڵە و بەدیاریكراوی لەگەڵ سەرهەڵدانی جەنگی غەززە، رۆڵی هەرێمیی عێراق لە چارەسەركردنی ناكۆكیەكان پاشەكشەی كردووە، كۆنفرانسی سێیەمی بەغداش بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە، سودانی دەیەوێت لە رێگەی ئەو ناوبژیوانییەوە رۆڵ بۆ عێراق بگەڕێنێتەوە.
هۆكاری سێیەم و زۆر راستەوخۆ، رێككەوتنێكی عێراق و توركیایە، كە پێش نزیكەی هەفتەیەك راگەیەندرا، كە باس لە "چارەسەركردنی كێشە هەرێمییەكان" دەكات، بەغدادیش وەك هەوڵێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو خاڵە دەیەوێت ناوبژیوانی نێوان دیمەشق و هەسەدە بكات.
زانیاریی زیاتر لەبارەی سروشتی ئەو نێوەندگیرییە
بەپێی زانیارییەكان، راوێژكاریەتی ئاسایشی نەتەوەیی و دەزگای هەواڵگری عێراق بەڕێوەبردنی ئەو نێوەندگیریەیان گرتۆتە ئەستۆ، چەند سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو لە بەغداد بە "مۆنتیكارلۆ" یان وتووە "هەفتەی رابردوو گفتوگۆ لەنێوان لایەنی عێراقی و هەسەدە لە سلێمانی بەڕێوەچووە، بەوپێیەی ئەو شارە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدایە و ئەو حزبەش پەیوەندی پتەوی لەگەڵ هەسەدە هەیە، بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی ئەو حزبە.
دوای گفتوگۆی نێوان شاندی عێراقی و هەسەدە، بەوتەی سەرچاوەكان شاندێكی هەواڵگری سوریاش چوونەتە كۆبوونەوەكەوە و لەسەر دوو پرس گفتوگۆیان كردووە.
*تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە بە سوپای سوریا، بە سود وەرگرتن لە ئەزمونی پێشووی عێراق لە تێكەڵكردنی هێزە كوردیەكان بە سوپای عێراق.
*گەیشتن بە رێككەوتنی نەوتی لەنێوان دیمەشق و هەسەدە، كە بەهۆیەوە كێڵگە نەوتیەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بكەونە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا، كە ئێستا لەژێر دەسەڵاتی هەسەدەدان.
بەرژەوەندی عێراق لەو نێوبژیوانیەدا چییە؟
یەكەم بەرژەوەندی عێراق ئەو بڕوایەیە كە لە بەغداد چەسپیوە، بەتایبەت لەلای سەرۆك وەزیران و هەواڵگری و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و وەزارەتی دەرەوە، كە سەقامگیری سوریا زۆر بەسودە بۆ بەرژەوەندی عێراق، بە پێچەوانەشەوە دابەشبوونی گەورە لە سوریا روودەدات ئەگەر شەڕ لەنێوان هێزە كوردیەكان و حكومەتی سوریا هەڵبگیرسێت، عێراق دەیەوێت رێگربێت لەم سیناریۆیە.
هۆكاری دووەم بەپێی راپۆرتەكەی "مۆنتیكارلۆ" هەر چارەسەرێك لەنێوان حكومەتی دیمەشق و هەسەدە، دەرگای كۆتایی هێنان بە بوونی سەربازیی ئەمەریكا لە سوریا و عێراق دەكاتەوە، كە ئەوەش "ئامانجێكی ستراتیژی بەغدادە".