بەهۆی سەرقاڵییەوە نەتەنیاهۆ داوا دەکات ماوەی دادگاییکردنەکەی کورتبکرێتەوە

#ئیسرائیل#بنیامین نەتەنیاهۆ#دادگا
6 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • دادگاییکردنی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەردەوامە و لە کاتی خۆیدا دەبێت لەبەردەم دادوەردا ئامادەیی هەبێت. بەهۆی سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، سەرۆک وەزیران داوای کەمکردنەوەی کاتی دادگاییکردنەکەی کردووە
Primary Asset

نەتەنیاهۆ لە دادگا

سبەی

لەکاتێکدا بۆ ماوەی دوو ساڵە وڵاتەکەی لە شەڕدایە، بەڵام دادگاییکردنی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بەردەوامە و لە کاتی خۆیدا دەبێت لەبەردەم دادوەردا ئامادەیی هەبێت. بەهۆی سەردانی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، سەرۆک وەزیران داوای کەمکردنەوەی کاتی دادگاییکردنەکەی کردووە.

بەپێی هەواڵێکی پێگەی وای نێت نیوزی ئیسرائیلی، بنیامین نەتەنیاهۆ داوای کردووە بۆ سبەینێ دووشەممە (20ـی تشرینی یەکەمی 2025) و رۆژی دواتر، تەنها یەک کاتژمێر و نیو لێکۆڵێنەوەی لەگەڵدا بکرێت.

وەک لە هەواڵەکەدا هاتووە، هۆکاری داواکارییەکەی نەتەنیاهۆ لە دادگا بۆ کەمکردنەوەی ماوەی دادگاییکردنەکەی بۆ هەبوونی "کۆبوونەوە و گفتوگۆی گرنگی دەوڵەت" دەگەڕێتەوە، جگە لە سەردانی جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئیسرائیل.

نەک هەر سبەینێ و رۆژی دواتر، بەڵکو رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (22 و 23ـی تشرینی یەکەمی 2025)، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ناتوانێت بەشداری دانیشتنەکانی دادگا بکات، بەهۆی هەبوونی کۆبوونەوە لەگەڵ جەیدی ڤانس و ستیڤ ویتکۆف و مەراسیمێکی تایبەت بە شین بێت (ناسراو بە شاباک).

ڤانس و ویتکۆف سەردانی ئیسرائیل دەکەن

بەپێی هەواڵی میدیای ئیسرائیلی، رۆژی دووشەممە، جەیدی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی ئیسرائیل بکەن.

سەردانی ئەو دوو بەپرسە باڵایەی ئەمەریکا بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر قۆناغی دووەمی پلانە 20 خاڵییەکەی ترەمپ بۆ ئاشتی.

بەپێی پلانەکەی ترەمپ، دەبوو لە قۆناغی یەکەمدا،  حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد بکات، بەڵام تا ئێستا، تەنها 10 تەرمی بارمتەکانی رادەست کردووە لەگەڵ 20 بارمتەی زیندوو. 

ئیدارەی ئەمەریکا بە وڵاتانی نێوەندگیری راگەیاندووە دژی هەر دواکەوتنێکی رادەستکردنی تەرمی بارمتەکانە.

سەبارەت بە ئەو بابەتە، قەتەر و تورکیا فشارەکانیان بۆ سەر حەماس دەستپێکردووە بۆ رادەستکردنی هەموو تەرمی بارمتەکان.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی