سەرەڕای داهاتی زەبەلاحی نەوت .. بۆچی عێراق قەرزاری ناوخۆ و دەرەوەیە؟

#بودجە#کورتهێنان#قەرز#قەرزی دەرەکی#قەرزی ناوخۆ
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سەرەڕای ئەوەی داهاتی عێراقە تەنها لە فرۆشتنی نەوت، مانگانە لەنێوان 7 بۆ 8 ملیار دۆلاردایە، بەڵام وڵاتەکە کەوتوەتە ژێر قەرزێکی گەورەوە و زیاتر لە 121 ملیار دۆلار قەرزاری ناوخۆ و دەرەوەیە
  • تەنها لە خەرجییە جێگیرەکاندا لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا مانگانە 50 ملیار دینار کورتهێنان تۆمار کراوە
Primary Asset

سبەی

سەرەڕای ئەوەی داهاتی عێراق تەنها لە فرۆشتنی نەوت، مانگانە لەنێوان 7 بۆ 8 ملیار دۆلاردایە، بەڵام وڵاتەکە کەوتوەتە ژێر قەرزێکی گەورەوە و زیاتر لە 123 ملیار دۆلار قەرزاری ناوخۆ و دەرەوەیە. لە خەرجییە جێگیرەکاندا لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا مانگانە 50 ملیار دینار کورتهێنان تۆمار کراوە.

کۆمپانیای سۆمۆ بۆ بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق بڵاوی کردەوە، مانگی ئاب داهاتی نەوتی فرۆشراو گەیشتوەتە زیاتر لە 7 ملیار و 106 ملیۆن دۆلار، هەندێک مانگیش کە نرخی نەوت بەرزە نزیک دەبێتەوە لە 8 ملیار دۆلار. لەبەرامبەردا پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق بڵاوی کردەوە، قەرزەکانی سەر عێراق کەڵەکەبوون و گەیشتووەتە 54 ملیار دۆلاری دەرەکی و 91 ترلیۆن دیناری عێراقی قەرزی ناوخۆ.

شارەزایانی ئابوری کەڵەکەبوونی قەرزەکە بە مەترسی دەزانن  پێیانوایە بێپلانی و دامەزراندنی هەڕەمەکی و بەهەدەران هۆکاری زیادبوونی قەرزەکانە، سەرەڕای ئەوەی عێراق بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت.

حەیدەر شێخ عەلی، شارەزای دارایی و ئابوری رایگەیاندووە، لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا قەرزەکانی عێراق لە 64 تریلیۆن دینارەوە گەیشتووەتە 91 تریلیۆن دینار، ئەوەش بەهۆی کەمبونەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی، قەبەبوونی خەرجییەکان، دامەزراندنی هەڕەمەکی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا.

 ئاماژەی بەوەکرد؛ سەرەڕای ئەوەی تائێستا خشتەکانی بودجەی 2025 پەسەند نەکراوە، لەکاتێکدا قەبارەی کورتهێنانی بودجە لە وەزارەتی دارایی زۆر زیادی کردووە بەراورد بە خەرجییەکان گەیشتووەتە 150 ترلیۆن دینار.

ئەو شارەزای ئابورییە رایگەیاند: باسکردنی بودجەی 2026 لەئێستادا خەیاڵە، چونکە حکومەتی سودانی لە کۆتایی تەمەنیدایە و حکومەتی نوێیش پلانی خۆی هەیە و کار لەسەر بودجە دەکات، ئەگەر نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ 60 دۆلار دابەزێت، ئەوکاتە ساڵی داهاتوو عێراق بودجەی نابێت.

نەبوونی چاودێرییەکی کارای راستەقینە لەسەر دەوڵەت و خەرجییەکانی وایکردووە، بەردەوام قەبارەی خەرجییەکانی زیادبکات بە بەرچاوی پەرلەمانێکی بێدەسەڵات و بێدەنگەوە.

 عێراق کەوتووەتە ژێر باری قەرزێکی گەورەوە

دوێنێ شەممە (18ـی تشرینی یەکەمی 2025) عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد: قەرزە ناوخۆییەكانی عێراق گەیشتۆتە 91 ترلیۆن دینار و قەرزە دەرەكییەكانیش 54 ملیار دۆلاری تێپەراندووە. كورتهێنانی بودجەش زۆرە و ناكرێت بە قەرز پڕبكرێتەوە.

پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەداشدا، بودجەی گشتی دەوڵەت هەندێكجار كورتهێنانی گەورەی هەیە، پڕكردنەوەی ئەو كورتهێنانەش لە رێگەی قەرزەوە دەبێت، وەرگرتنی قەرزیش لە  بانكەی حكومی و ئەهلییەكان ئاسانتر و گونجاوترە، كورتهێنانی بودجە لە زیادبوونی بەردەوامی خەرجییەكانەوە سەرچاوە دەگرێت بەشێوەیەك لەگەڵ گەشەی داهاتدا هاوتا نەبێت بەتایبەتی داهاتە ناوخۆییەكان.

بەوتەی عەلاق ،مووچە زۆرترینی خەرجییەکانی عێراق لەخۆی دەگرێت، بۆ دابینكردنی خەرجییەكانیش پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە هەر بەرز و نزمییەك لە نرخی نەوتدا كاریگەری لەسەر ئەو داهاتە دەبێت.

عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لە ڕێكخراوی "ئۆپیك" بەشێوەیەكی سەرەكیی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و بەشێوەیەك 90% ی داهاتی حكومەت لە ڕێگەی نەوتەوەیە.

مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری كاروباری ئابوری و دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: لەسەر ئاستی قەرزە دەرەكییەكان عێراق چووەتە دەرەوەی ناوچەی مەترسییەكانی قەرز، ئەو قەرزانەی پێویستە تا ساڵی 2028 بیداتەوە نزیكەی 9 بۆ 10 ملیار دۆلارە.

بەوتەی مەزهەر محەمەد ساڵح، قەرزەكانی عێراق ناگاتە 5% ی بەرهەمی ناوخۆیی بەكۆی گشتی و بەپێی ستانداردە جیهانییەكان كە قەرزەكان بەرامبەر بە 60% ی بەرهەمی ناوخۆییە، جەختیش دەكاتەوە "عێراق لەدەرەوەی ناوچەی مەترسیداری قەرزە جیهانییەكانە، توانیویەتی ئاستی قەرزەكانی لە ڕیزبەندی B دا بپارێزێت".

عێراق مانگانە 50 ملیار دینار کورتهێنانی بودجەی هەیە

پێشتریش روانگەی ئیکۆ عێراق تایبەتمەند بە کاروباری ئابوریی، رۆژی (4ـی تشرینی یەکەمی 2025) لە راپۆرتێکی شیکارییدا بۆ خەرجییەکانی حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵ بڵاوی کردەوە، تا مانگی تەمموز کورتهێنانی بودجەی گشتی عێراق گەیشتووەتە 12.15 ترلیۆن دینار، بەوەش مانگانە زیاتر لە 50 ملیار دینار کورتهێنانی بودجە هەیە.

بەپێی راپۆرتی شەش مانگی یەکەمی 2025، کە لەلایەن روانگەی ئابوری عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، کۆی گشتی خەرجییەکانی عێراق تا مانگی تەمموز گەیشتوەتە 84.18 ترلیۆن دینار.

خەرجی بەکاربردن لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدل گەیشتوەتە 62.27 ترلیۆن دینار، کە زۆرترین پشکی بودجەی گشتی بۆ تەرخانکراوە. خەرجییەکانی چوارچێوەی رێککەوتنی چینی 321.13 ملیار دینار. خەرجییەکانی گەڕەکانی مۆڵەتپێدانی گرێبەستی نەوتی 8.53 ترلیۆن دینار. خەرجییەکانی وەبەرهێنان 13.06 ترلیۆن دینار.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە: کۆی گشتی داهاتەکانی خەزێنەی گشتی گەیشتوەتە 72.03 ترلیۆن دینار، 7.07 ترلیۆن دینار داهاتی نانەوتی کە دەکاتە 10%ـی داهاتەکان، داهاتە رادەستکراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەژمارکراوە، کە لەو ماوەیەدا 439.34 ملیار دینار رادەستی خەزێنەی گشتی عێراق کراوە.

داهاتی نەوت لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتوەتە 64.96 ترلیۆن دینار، بەوەش بەراورد بە خەرجی و داهاتەکان تا مانگی تەمموز گەیشتوەتە 12.15 ترلیۆن دیناری عێراقی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی