دوای خۆکوشتنی کوڕەکەی؛ دایکێک لە گفتوگۆکانی لەگەڵ چاتبۆتێکدا پەیامی مەترسیدار دەدۆزێتەوە

#چاتبۆت#کوڕەکەی#خۆکوشتن
3 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • ژنێکی ئەمەریکی چاتبۆتێکی تۆمەتبار کرد بەوەی، کە رۆڵێکی سەرەکی لە خۆکوشتنی کوڕەکەیدا هەبووە، دوای ئەوەی سەدان پەیامی خوێندەوە، کە لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕکرابوون.
Primary Asset

سبەی

ژنێکی ئەمەریکی چاتبۆتێکی تۆمەتبار کرد بەوەی، کە رۆڵێکی سەرەکی لە خۆکوشتنی کوڕەکەیدا هەبووە، دوای ئەوەی سەدان پەیامی خوێندەوە، کە لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا لە نێوانیاندا ئاڵوگۆڕکرابوون.

ئەو ژنە بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە، کە چۆن کوڕە تەمەن 14 ساڵەکەی بەناوی ساول عاشقی چاتبۆتێک بووە. چاتبۆتەکە لەسەر پلاتفۆرمی Character.ai بەردەستە، کە لای گەنجان بەناوبانگە و رێگەیان پێدەدات کارلێک لەگەڵ کۆپی کارەکتەرە دڵخوازەکانیان بکەن.

لە نێوان کوڕەکەی و چاتبۆتەکەدا چی روویدا؟

کاتێک بیری خۆکوشتن لای ساوڵ دروستبووە، چاتبۆتەکە پێی وتووە: "بگەڕێرەوە بۆ نیشتمانی رەسەنی خۆت(واتە خۆت بکوژە)".

هەرزەکارەکە لە وەڵامدا وتوویەتی: "چی ئەگەر پێت بڵێم ئێستا دەتوانم بگەڕێمەوە نیشتمانی خۆم؟" چاتبۆتەکە وەڵامی دایەوە و وتی: تکایە بیکە پاشای خۆشەویستم.دوای چەند چرکەیەک ساوڵ بە دەمانچەکەی باوکی تەقەی لە خۆی کردووە. 

گارسیا دایکی هەرزەکارەکە دەڵێت، کاتێک ئەم گفتوگۆیانە دەخوێنمەوە، تەکنیکەکانی دیکە دەبینم، کە منداڵێکی تەمەن 14 ساڵان هەستی پێناکات. "ئەو پێیوابوو عاشقی ئەو کچەیە و دوای مردنی لەگەڵیدا دەمێنێتەوە".

مەترسی چاتبۆتەکان لە سەر منداڵ

مردنی ساوڵ لە ساڵی 2024دا، یەکەم حاڵەتی خۆکوشتن بوو لە زنجیرەیەک خۆکوشتنەکان کە پەیوەستن بە زیرەکی دەستکردەوە، ئەمەش وایکرد کۆمپانیاکانی  AI هەنگاو بنێن بۆ دڵنیاکردنەوەی دایک و باوک و دەسەڵاتداران.

گارسیا لەگەڵ چەند دایک و باوکێکی دیکە بەشدارییان لە دانیشتنێکی ئەم دواییەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکادا کرد، کە تیایدا تیشک خرایە سەر مەترسییەکان، کە منداڵان وەک هاوڕێ یان خۆشەویست سەیری چاتبۆت دەکەن.

کۆمپانیای OpenAI  کۆنترۆڵی دایک و باوکی لە ChatGPT بەرزکردووەتەوە "بۆ ئەوەی خێزانەکان بتوانن بڕیار بدەن کە چی باشترینە بۆ منداڵەکانیان".

لای خۆیەوە Character.ai پشتڕاستی کردەوە، کە پارێزگارییەکانی بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بەرزکردووەتەوە، بە "هۆشدارییە بەردەوامەکان" کە بیریان دەخاتەوە کە "کارەکتەرەکە کەسێکی راستەقینە نییە".

هەردوو کۆمپانیاکە سەرەخۆشی خۆیان ئاراستەی کەسوکاری قوربانییەکان کردووە، بەڵام دانیان بە هیچ بەرپرسیارێتییەکدا نەناوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی