سودانى و ئەردۆغان هەڕەشەى "کشانەوەیان" لە لوتکەى میسر کردووە ئەگەر نەتەنیاهۆ بەشدارى بکات

#سودانى#نەتەنیاهۆ#ئەردۆغان
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئاژانسى فەرمى عێراق لەزارى سەرچاوەیەکى باڵاوە گواستییەوە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران لایەنى میسرى و ئەمەریکى ئاگادارکردووەتەوە کە عێراق لە لوتکەکە دەکشێتەوە، ئەگەر نەتەنیاهۆ بەشدارى بکات.
  • ئاژانسى فەرمى تورکیا بڵاویکردەوە، دواى گەیشتنى هەواڵى بەشدارى نەتەنیاهۆ لە لوتکەکە، ئەردۆغان لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئاگادارکردووەتەوە کە بەشداریکردنى لە لوتکەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا و ئاڕاستەى فڕۆکەکەى گۆڕیوە، پێش ئەوەى لەمیسر بنیشێتەوە.
Primary Asset

سبەى

تورکیا و عێراق هەڕەشەى کشانەوەیان کردووە لە لوتکەى شەرم شێخ لە میسر لەئەگەرى بەشداریکردنى بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە لوتکەکە.

ئاژانسى فەرمى عێراق لەزارى سەرچاوەیەکى باڵاوە گواستییەوە، محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران لایەنى میسرى و ئەمەریکى ئاگادارکردووەتەوە کە عێراق لە لوتکەکە دەکشێتەوە، ئەگەر نەتەنیاهۆ بەشدارى بکات.

ئاماژەى بەوەشکردووە، میسر بەفەرمى نەتەنیاهۆى بانگهێشتى لوتکەکە نەکردووە و ترەمپ هەوڵیداوە نەتەنیاهۆ رازى بکات کە بەشدارى لوتکەکە بکات.

بەپێی ئاژانسى فەرمى عێراق، بەشداربووانى دیکە هەمان هەڵوێستیان هەبووە.

لاى خۆیەوە، ئاژانسى فەرمى تورکیا بڵاویکردەوە، دواى گەیشتنى هەواڵى بەشدارى نەتەنیاهۆ لە لوتکەکە، ئەردۆغان لایەنە پەیوەندیدارەکانى ئاگادارکردووەتەوە کە بەشداریکردنى لە لوتکەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ تورکیا و ئاڕاستەى فڕۆکەکەى گۆڕیوە، پێش ئەوەى لەمیسر بنیشێتەوە.

وتیشى بەڵام دواى کشانەوەى نەتەنیاهۆ لە بەشداریکردن ئەردۆغان ئاڕاستەى فڕۆکەکەى بەرەو رێڕەوى سروشتى خۆى گۆڕیوە بەرەو شەرم شێخ.

نوسینگەى بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رۆژى دووشەممە جەختیکردەوە نەتەنیاهۆ بەشدارى لوتکەى شەرم شێخ لەبارەى غەززە ناکات.

ئاماژەى بەوەشکردبوو، نەتەنیاهۆ لەلایەن سەرۆکى ئەمەریکاوە بانگهێشتى لوتکەکە کرابوو، بەڵام نەتەنیاهۆ سوپاسى کردووە و پێی راگەیاندووە کە ناتوانێت بەشدارى بکات، بەهۆى مەراسیمێکى ئاینى تایبەت بە خۆیانەوە.

لوتکەى شەرم شێخ

میسر رۆژى دووشەممە میوانداری لوتکەی نێودەوڵەتی دەکات لە شەرم شێخ بە بەشداری سەرکردەکانی جیهان، بۆ ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززە.

لوتکەکە لەسەر بانگهێشتی میسر و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، کە هەوڵدەدات قۆناغی داهاتووی پلانی ئاشتی دەستپێبکات، لەوانە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی ئاگربەست و حوکمڕانی و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەى غەززە.

لە لوتکەکەدا ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکان لە سەرانسەری جیهان و سەرۆکی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەشدار دەبن.

ئامانجەکانی لوتکەکە چین؟

ئامانجی لوتکەکە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی کەرتی غەززە و تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی ڕێکخستنە ئەمنی و ئیدارییەکانی قۆناغی دوای جەنگ، لەوانەش پرسی ئاوەدانکردنەوە و پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر.

چاوەڕواندەکرێت ترەمپ قۆناغی دووەمی دەستپێشخەریی ئاشتی خۆی لە میانی لوتکەی شەرم شێخدا پێشکەش بکات. کە هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە و دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئیسرائیل و  چاودێریکردنی ئاگربەست لەخۆبگرێت، ئەوەش بەپێی بی بی سی.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی