سبەی
نرخی زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، نرخی یەک ئۆنسە چوار هەزار دۆلاری تێپەڕاندووە، لە کاتێکدا وەبەرهێنەران بەدوای پەناگەیەکی ئارامدا دەگەڕێن بۆ پاراستنی سەرمایەکانیان لە نێوان نادڵنیایی جیۆپۆلەتیکیدا.
زێڕ لەمساڵدا نرخەکەی زیاتر لە 55% بەرزبووەتەوە. روس مۆڵد بەڕێوەبەری وەبەرهێنان لە کۆمپانیای ئەی جەی بێڵ دەڵێت: "لە ئەمساڵدا زێڕ ئەستێرە گەشاوەکە بووە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بە شێوەیەکی نەریتی، وەبەرهێنەران رویان کردۆتە کڕینی زێڕ، کاتێک بازاڕەکان تاریک دەردەکەون، وەبەرهێنەران هەنگاو بۆ پارێزگاریکردن لە سامانەکەیان دەگرنەبەر. زۆرجار فرۆشی زێڕ کاتێک بەرز دەبێتەوە، کە وەبەرهێنەران بەدوای وەبەرهێنان لە زێڕدا دەگەڕێن، کاتێک هیچ بژاردەیەکی گونجاو لە بازاڕی بۆرسەدا نادۆزنەوە.
تەنانەت پێش داخستنی حکومەتی ئەمەریکاش، نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدا بووە. بەو پێیەی سیاسەتی باجی گومرکی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ئابووری جیهانی خستە ناو نادڵنیاییەوە.هاوکات دابەزینی رێژەی سوود، کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی زێڕ کردووە.
هەروەها کانزا بەنرخەکانی دیکەش لەناو ئەو نادڵنیاییەدا بەرزبوونەتەوە. لە مانگی یەکەوە نرخی زیو زیاتر لە 65% بەرزبووەتەوە. لە ئەوروپا بۆ هەر ئۆنسەیەک لە سەرووی 48 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بۆچی نرخەکان بەرز دەبنەوە؟
زۆرێک لە گێژاوی ئابووری ئەم دواییە لە جەنگە بازرگانییەکانی ترەمپەوە سەرچاوە دەگرێت. لە سەرەتای ساڵی 2025ەوە، باجی قورس بەسەر ئەو کاڵایانە دەسەپێندرێت، کە لە سەرانسەری جیهانەوە هاوردە دەکرێن بۆ ئەمەریکا، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچوونەکان . لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی تێچوونەکان و روون نەبوونەوەی ئاسۆ، دامەزراندنی کارمەند کەمی کردووە، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە شرۆڤەکاران، رەشبینی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئاسۆی ئابووری ئەمەریکا.
داخستنی حکومەت لە واشنتۆن ئەم نیگەرانیانەی گەورەتر کرد، چونکە بڵاوکردنەوەی زانیارییە سەرەکییە ئابوورییەکان دواکەوت، ئەمەش وایکرد وەبەرهێنەران دڵنیا نەبن لە دۆخی راستەقینەی ئابووری ئەمەریکا.
جیۆڤانی ستاونۆڤۆ، شرۆڤەکاری کاڵاکان لە کۆمپانیای یو بی ئێس گڵۆباڵ روونیکردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ دەگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی لاوازی دۆلاری ئەمەریکی و هەنگاوی بانکی فیدراڵی بەرەو کەمکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود. مانگی رابردوو بانکی ناوەندی ئەمەریکا، رێژەی سوودی کەمکردەوە و پێشبینی دوو کەمکردنەوەی دیکەشی کردبوو لەمساڵدا.
ئەی زێڕینگەریی؟
زۆرێک لە بازرگانان و زێڕینگەران رایانگەیاندووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە کڕیاران دەیانەوێت هەڵسەنگاندن بۆ هەڵگرتنی زێڕەکانیان بکەن. هەندێکیان پەنا دەبەنە بەر فرۆشتنی زێڕەکانیان، بۆئەوەی سوود لە بەرزبوونەوەی ئێستای نرخی کانزا بەنرخەکان وەربگرن.
کۆمپانیا گەورەکانی زێڕنگەری دانیان بەوەدا ناوە، کە رووبەڕووی فشاری زیادە دەبنەوە، بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچوون و باجەکانی زێڕ و زیو.
ئایا زێڕ شایەنی وەبەرهێنانە؟
بەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر کانزا بەنرخەکان، کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس پێشبینی نرخی زێڕی لە 4300 یۆرۆوە بۆ 4900 یۆرۆ بۆ هەر ئۆنسێک تا کۆتایی ساڵی 2026 کردووە.
بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن لە چڕکردنەوەی وەبەرهێنانەکان لە یەک سەروەت و ساماندا. هەموو شرۆڤەکاران بڕوایان نییە، کە زێڕ وەبەرهێنانێکی باشە. رەخنەگران دەڵێن کە هەمیشە پاراستن لە دژی هەڵاوسان دابین ناکات.
یەکێک لە بازرگانانی بازاڕ روونی دەکاتەوە: "زۆرێک زێڕ وەک سەرمایەیەکی سەلامەت سەیر دەکەن، بەڵام وەبەرهێنەران دەبێ ئاگاداربن، کە ناجێگیرییەکانی بە شێوەیەکی گشتی لە نێوان 10% بۆ 15%دایە."
کۆمیسیۆنی بازرگانی ئایندەی کاڵاکان پێشتر هۆشداریی بە وەبەرهێنەران لە مەترسییەکانی وەبەرهێنان لە زێڕدا دابوو. ئاماژەی بەوەدا کە کانزا بەنرخەکان دەتوانن زۆر ناجێگیر بن، لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواست لەسەر نرخی کانزاکان.