سبەى
قۆناغى یەکەمى رێککەوتنى غەززە چووە بوارە جێبەجێکردنەوە و قۆناغى دووەم لە رێگایە کە چەکدانان و بەرێوەبردنى غەززە لە خۆ دەگرێت، لەکاتێکدا چەندین خاڵى ناکۆک هێشتا بەبێ چارەسەر ماونەتەوە.
لە قۆناغی یەکەمی ئاگربەستی غەززە 20 بارمتەی ئیسرائیلی دوای دوو ساڵ دەستبەسەربوون لەلایەن حەماسەوە ئازاد کران و لەبەرانبەریشدا نزیکەی دوو هەزار زیندانی فەڵەستینی لە نێوانیاندا 250 زیندانی کە زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە ئازادکران
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە حەماس هەموو ئەو بارمتە زیندووانەی کە لە غەززە دەستبەسەر کرابوون لە بەرامبەر ئازادکردنی دیل و دەستبەسەرکراوانی فەلەستینی ئازاد کردوە، ئەمەش لە چوارچێوەی قۆناغی یەکەمی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپ بۆ غەززە.
بة گوێرەی ڕێککەوتنەکە ئاگربەست لە کاتژمێر 12ی ڕۆژی هەینی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە و لە کۆتایی هەفتەشدا بڕی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە زیادکرابوو، دوابەدوای کۆتایی هاتنی قۆناغی یەکەمی ئاگربەست چاوەڕوان دەکرێت دانوستانەکان لەبارەی وردەکارییەکانی قۆناغەکانی دواتری ئاگربەست بەردەوام بێت.
بارمتە ئازادکراوان کێن؟
بە گوێرەی ڕێککەوتنی ئاگربەست پێویستە حەماس سەرجەم ئەو 48 بارمتە ئیسرائیلی و بیانییە ئازاد بکات کە دوای دوو ساڵ شەڕ هێشتا دەستبەسەرن و تەنها 20 کەسیان لە ژیاندا ماونەتەوە.
جگە لە یەک کەس کۆی گشتی بارمتەکان لەنێو ئەو ٢٥١ کەسەدا بوون کە لە کاتی هێرشی حەماس بۆ سەر باشووری ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ڕفێندرابوون و لەو ماوەیەدا نزیکەی ١٢٠٠ ئیسرائیلی دیکەش کوژران.
دوابەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەر ئیسرائیل لە کاردانەوەدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە غەززە دەستپێکرد و لەو ماوەیەدا بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستی غەززە زیاتر لە ٦٧ هەزار هاوڵاتی کوژراون.
بەرەبەیانی 13ی تشرینی یەکەم حەماس ٢٠ بارمتەی زیندووی لە دوو گرووپدا ڕادەستی کۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور کرد، لای خۆیەوە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، گرووپی یەکەمی بارمتەکان پێکهاتوون لە ئیتان مۆر، گالی بێرمان، زیڤ بێرمان، ئۆمری میران، ئالۆن ئۆهێل، گای گیلبۆا-دالال و ماتان ئەنگرێست.
گروپی دووەم لە بار کوپەرشتاین، ئێڤیاتار دەیڤد، یۆسێف-چایم ئۆهانا، سێگێڤ کالفۆن، ئەڤیناتان ئۆر، ئێلکانا بۆهبۆت، ماکسیم هێرکین، نەمرۆد کۆهین، ماتان زەنگاوکەر، دەیڤید کونیۆ، ئیتان هۆرن، ڕۆم براسلابسکی و ئاریێل کونیۆ پێکهاتبوون.
بەگوێرەی دەقێکی ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لەلایەن میدیاکانی ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، پێویستە تا کاتژمێر ١٢:٠٠ بە کاتی ناوخۆی ئیسرائیل تەرمی سەرجەم بارمتە کوژراوەکان ڕادەست بکرێت، بەڵام پێدەچێت حەماس و لایەنە فەلەستینییەکانی نەتوانن لەو ماوەیەدا شوێنی هەموویان بدۆزنەوە.
لای خۆیەوە کاربەدەستێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند هێزێکی نێودەوڵەتی بەرپرسیار]تى دیاریکردنی شوێنی پاشماوەی هەر کام لە بارمتە ئیسرائیلییە کوژراوەکان دەگرێتە ئەستۆ.
ئەو زیندانیانەی فەلەستینی ئازاد دەکرێن کێن؟
لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتەکان، ئیسرائیل ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئازادکردنی ٢٥٠ زیندانی فەلەستینی کە لە زیندانەکانی ئیسرائیل سزای هەتاهەتایی بەسەریاندا سەپێنراوە و هەزار و ٧١٨ دەستگیرکراوی خەڵکی غەززە کە ١٥ کەسیان کەم تەمەنن.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، لیستی نوێکراوەی ناوی دەستبەسەرکراوان و زیندانییەکان لەلایەن فەرمانگەی ڕاگەیاندنی زیندانیانی سەر بە حەماسەوە بڵاوکرایەوە.
لیستی زیندانییەکان ئەو کەسایەتییە بالآيانة ناگرێتەوە کە چەندین سزای هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە بەهۆی هێرشی کوشندە بۆ سەر ئیسرائیلییەکان لەنێویاندا مەروان بەرغوسی و ئەحمەد سەعدات کە حەماس داوای ئازادکردنیانی کردبوو.
میدیا ئیسرائیلییەکان هەفتەی ڕابردوو بڵاویانکردەوە، نزیکەی 100 کەس لەو 250 کەسە لە کەناری ڕۆژئاوای ئازاد دەکرێن، 15 کەسیان دەنێردرێنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی قودس و 135 کەسیش دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ کەرتی غەززە یان شوێنێکی دیکە.
تا ئێستا دیار نییە کە ئایا دواکەوتنی ئازادکردنی هەموو بارمتە کوژراوەکان دەتوانێت ئازادکردنی زیندانییە فەلەستینییەکانیش دوابخات یا خود نا؟
دواتر چی ڕوودەدات؟
پێش ئازادکردنی بارمتەکان، هێزەکانی ئیسرائیل کشانەوە بۆ هێڵێک کە وادەکات 53%ی غەززە لەژێر دەستیاندا بمێنێتەوە، ئەمەش یەکەم قۆناغە لە سێ قۆناغی کشانەوەی ئیسرائیل، بەپێی پلانەکەی ترەمپ.
بە وتەی بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا، هێزێکی فرەنەتەوەیی کە نزیکەی 200 سەرباز پێکدێت و لەلایەن سوپای ئەمریکاوە سەرپەرشتی دەکرێن، چاودێری ئاگربەستەکە دەکەن. پێدەچێت ئەو هێزە سەربازانی میسر، قەتەر، تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لەخۆبگرێت، ئەگەرچی بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاندوە، هیچ هێزێکی ئەمەریکا لە غەززە نابێت.
ئەگەر هەردوو لایەن لەسەر پلانە ٢٠ خاڵییەکە ڕێکبکەون، ئەوا شەڕەکە "دەستبەجێ کۆتایی دێت و هاوکات حەماس و غەززە لە چەک دادەماڵدرێن و هەموو ژێرخانە سەربازیەکان لەناو دەبرێن.
هەروەها بە گوێرەی ئاگربەستەکە لە سەرەتادا غەززە لەلایەن لیژنەیەکی کاتی کە لە گروپێک لە کەسایەتییە تەکنۆکراتە فەلەستینییەکان پێکهاتووە بەڕێوەدەبرێت کە لەلایەن "دەستەی ئاشتی"ەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە ترەمپ سەرۆکایەتی دەکات و تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووی بەریتانیا تێیدا بەشدارە و لە کۆتاییدا حوکمڕانی کەرتی غەززە ڕادەستی دەسەڵاتی فەلەستینی دەکرێت کە کەرتی ڕۆژئاوا بەڕێوەدەبات بەو مەرجەی ئەم دەسەڵاتە چاکسازی گەورە لە پێکهاتەکەیدا دروست بکات.
بە گوێرەی ئاگربەستەکە بزووتنەوەی حەماس کە لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە غەززە بەڕێوە دەبات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ هیچ ڕۆڵێکی لە داهاتووی حوکمڕانی غەززە نابینێت و ئەندامانی حەماس ئەگەر پابەند بن بە پێکەوەژیانی ئاشتیانە، لێبوردنیان بۆ دەکرێت، یان بۆ وڵاتێکی دیکە دەگوازرێنەوە.
هەروەها هیچ فەلەستینییەک ناچار ناکرێت غەززە بەجێبهێڵێت و پلانی گەشەپێدانی ئابووری ترەمپ بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەی غەززە لەلایەن گروپێکی پسپۆڕ وشارەزاوە بەڕێوەدەچێت.
ناکۆکییە سەرەکییەکان چین؟
پێدەچێت ناکۆکى جیاجیا بوونیان مابێت کە لە قۆناغەکانى دواترى رێککەوتنەکە بخرێنە بەرباس، ئەوەش بەپێی بی بی سی.
حەماس پێشتر چەکدانانى رەتکردبووەوە، تەنها دواى دامەزراندنى دەوڵەتى فەلەستینى نەبێت، هەروەها هیچ ئاماژەیەکى بە چەکدانان نەکردبوو لە وەڵامى یەکەمیدا بۆ پلانەکەى ترەمپ لە هەفتەى رابردوودا، ئەوەش مشتومڕى لەبارەى هەڵوێستى ئەو بزوتنەوەیە هێناوەتە ئاراوە.
سەرەڕاى رەزامەندى ئیسرائیل لەسەر پلانەکەى ترەمپ، بنیامین نەتەنیاهۆ رەتیکردووەتەوە دەسەڵاتى فەلەستینى بەشدارى بکات لە بەڕێوەبردنى غەززە لەدواى جەنگ.
هەروەها حەماس رایگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکات رۆڵێکى لە داهاتووى غەززە هەبێت وەک بەشێک لە بزوتنەوەیەکى فەلەستینى یەکگرتوو.
خاڵە ناکۆکەکانى دیکە پەیوەستن بە کشانەوەى ئیسرائیل، بەو پێیەى ئەو وڵاتە دەڵێت لە قۆناغى یەکەمدا 53%ى کەرتەکە بەدەستیەوە دەمێنێت. پلانەکەى کۆشک سپیش ئاماژە بەوەدەکات کە کشانەوەکان دەگاتە نزیکەى 40% پاشان 15%.
جیبەجێکردنى کۆتایی پلانەکە هێشتا بە ناڕوونى ماوەتەوە، بەو پێیەى خشتەیەکى کاتى روون بۆ کشانەوەى تەواوەتى ئیسرائیل لە خۆ ناگرێت، کە پێدەچێت حەماس لە دانوستانەکاندا داواى رونکردنەوە بکات لەو بارەیەوە.