سبەى
سەرۆکى پێشووترى پەرلەمانى تورکیا ئەگەرى سەردانیکردنى ئیمراڵى و کۆبوونەوەى لەگەڵ ئۆجەلان ئاشکراکرد، دەم پارتیش جەختدەکاتەوە دەبێت بە خێرایی پلان دابنرێت بۆ ئەوەى شاندێکى کۆمسیۆنى چارەسەرى بچێتە ئیمراڵى.
بوڵند ئارنچ سەرۆکى سەرۆکى پێشووترى پەرلەمانى تورکیا رۆژى دووشەممە جەختیکردەوە پێویستە شاندێک بچێتە ئیمراڵى و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبێتەوە، بەو پێیەى بەبێ قسەکردنى راستەوخۆ لەگەڵى ناتوانرێت پڕۆسەى ئاشتى پێشبکەوێت.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر هیچ کەسێک ئامادەى ئەو کارە نەبێت، ئەو ئامادەیە بچێتە ئیمراڵى و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبێتەوە، دواتر ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە لەگەڵ کۆمسیۆنى تایبەت بە پڕۆسەکە هاوبەشى پێدەکات.
عەبدوڵا ئۆجەلان 4ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندى ئیمراڵى پابەندى بە دەستپێشخەرییەکەی بۆ کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتی دوپاتکردەوە و بە شاندەکەى راگەیاندبوو گەر کۆمیسیۆن بچنە ئیمراڵیی دەستپێشخەری پرۆسەی دانوستانی دیموکراتیکی دەکات، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێکی شاندەکە کە دواى سەردانەکە بڵاویکردەوە.
سەزای تەمەلی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانى تورکیا رۆژى دووشەممە جەختیکردەوە "دەبێت شاندێک بچێتە ئیمراڵی. ئەمەش پێویستە بەخێرایی پلانی بۆ دابنرێت. ئەو شاندەی کە دەڕوات دەبێت دیاری بکرێت. بێگومان هیوای ئێمە ئەوەیە کە شاندەکە تۆکمە بێت، نوێنەرایەتی هەمووکەسێک بکات".
وتيشى "پێش هەموو شتێک ئەو پارتانەی کە گرووپی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەروەها ئەو پارتانەی کە گرووپی خۆیان نییە، دەکرێت نوێنەریان لە شاندەکەدا هەبێت. کۆبوونەوەکان دەبێت بە سیستەماتیک ئەنجامبدرێن. داواکارییەکانمان ئەمەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێت."
لەگەڵ بەردەوامى فشارەکان بۆ سەردانیکردنى کۆمسیۆنى پەرلەمانى تورکیا بۆ ئیمراڵى، پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە رۆژى دووشەممە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان چوونە ئیمراڵی پاش ئەنجامدانی دیدارەکە گەڕانەوە.
نووسینگەی یاسایی سەدە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "پارێزەرانی نووسینگەکەمان، هەریەک لە مەزڵوم دینچ و ڕێزان ساریجا و سوزان ئاکیپا و عەمران ئەمەکچی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دوورگەی ئیمراڵی هەریەک لە حامیلی یەڵدرم و عومەر خەیری کۆنار و مەحمود یامالاک و ئەرگین ئاتابای، دیداریان ئەنجامدا".
"کات کوشتن"
تولای هاتیمئۆغلاری، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەکاتی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکەی ژن تیڤیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە ئۆجەلان پێیوایە کۆمسیۆنی پەرلەمانی کەوتووەتە دۆخی سەرقاڵکردن و کات کوشتنەوە، بۆیە گەر کۆمیسیۆن بچنە ئیمراڵیی، ئەوا دەستپێشخەری پرۆسەی دانوستانی دیموکراتیکی دەکەم.
وتیشی: "چوونی کۆمسیۆن بۆ دوورگەی ئیمرالی یەک لەو بابەتانەیە کە بووەتە ڕۆژەڤ، ئۆجەلان دەڵێت گەر کۆمیسیۆن بچێتە ئیمرالی، لەگەڵیاندا دانوستانی دیموکراتی بەڕێوەدەبات، ئەم خواستەی ئۆجەلان، نەک بە تەنها لەگەڵ کۆمسیۆنە، بەڵکو دەیەوێت لەگەڵ هەموو کەس و لایەنەکاندا دیدار بکات و لەگەڵیاندا پرۆسەی دانوستانی دیموکراتی دەستپێبکات."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەکردووە، ئۆجەلان خۆی ئەم خواستەی هەیە و دەیەوێت دەستی پێبکات. دەبێت بابەتی دەستوور بنەڕەتی بە رژدی وەرگیرێت، دەبێت کۆتای بە دواخستن بهێندرێت. چونکە ئۆجەلان دۆخە وەک وەک دۆخێکی دواخستن دەبینێت. دەبێت بەزوترین کاتی کۆتایی پێبهێنرێت.
ئۆجەلان نیگەرانی خۆی نیشانداوە لەوەی کۆمسیۆن (لیژنە پەرلەمانییەکە) رێگەیان نەداوە دایکان بە زمانی کوردی قسەبکەن و ناڕەزایەتی خۆی دەربڕییووە و پێیوایە ڕێگرییکردن لە کوردیی ئاخافتنی دایکان لە کۆمسیۆنێکی لەم جۆرەدا کارێکی نەژادپەرستانەیە.