ژینگە و تەندروستی؛ گۆڕانی کەشوهەوا چۆن کاریگەری لەسەر پێستت جێدەهێڵێت؟

#ژینگە#گۆڕانی کەشوهەوا#پێست
3 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • بەیانییەکی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2018، ماریا وی پزیشکی پێستی ئەمەریکی بە پاسکیل دەچووە کلینیکەکەی لە زانکۆی کالیفۆرنیا. سەرنجی دا کە پەرداخی سپی لە ئاسمانەوە دەکەونە خوارەوە. خێرا تێگەیشت کە بەفر نییە، بەڵکو خۆڵەمێشی ئاگرە، کە لە دووری 175 میلەوە دەسوتێت. ئەو دەڵێت: "بیرم لەوە دەکردەوە، کە ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر سییەکانم دەبێت، دواتر پرسیارم کرد، 'ئەی پێستم؟'
Primary Asset

سبەی

بەیانییەکی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 2018، ماریا وی پزیشکی پێستی ئەمەریکی بە پاسکیل دەچووە کلینیکەکەی لە زانکۆی کالیفۆرنیا. سەرنجی دا کە پەرداخی سپی لە ئاسمانەوە دەکەونە خوارەوە. خێرا تێگەیشت کە بەفر نییە، بەڵکو خۆڵەمێشی ئاگرە، کە لە دووری 175 میلەوە دەسوتێت. ئەو دەڵێت: "بیرم لەوە دەکردەوە، کە ئەمە چۆن کاریگەری لەسەر سییەکانم دەبێت، دواتر پرسیارم کرد، 'ئەی پێستم؟'

لە هەفتەکانی دواتردا، کلینیکەکە زیادبوونی بەرچاوی هەوکردنی پێستی بەخۆیەوە بینی، بەتایبەتی ئەکزیما و سەدەف، هەروەها گلەیی گشتی لە خوران. ئەم نموونەیە بە وتەی پزیشکانی پێست، رەنگدانەوەی پەرەسەندنی پەیوەندی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و تەندروستی پێستە، چونکە پلەی گەرمی بەرز و پیسبوونی هەوا، زۆرێک لە حاڵەتەکانی پێست خراپتر دەکات.

گەرمی بەرز هەوکردنی پێست زیاد دەکات

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان، کێشەکانی پێست و مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەبێت. ئیڤا پارکەر پزیشک لە سەنتەری پزیشکی ڤاندەربیڵت لە ویلایەتی تێنسی دەڵێت: پێست گەورەترین ئەندامی جەستەیە و بەرکەوتنی راستەوخۆی لەگەڵ ژینگەدا هەیە.

بەگوێرەی پێداچوونەوەیەکی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتی بۆ ئەکزیما لە ساڵی 2024، گەرمای زۆر و ئارەقکردنەوە، نیشانەکانی ئەکزیما و سەدەف توندتر دەکات. هەروەها سووربوونەوەی دەموچاو لە نەخۆشانی تووشبوو بە لوپوسی پێست زیاد دەکات.  ئەم نیشانانە، لە کاتی شەپۆلی گەرمی نائاساییدا زووتر دەردەکەون زیاتر دەمێننەوە.

دوکەڵی ئاگر؛ دوژمنێکی زیادەی پێست

لەگەڵ زیادبوونی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، پێست راستەوخۆ کاریگەری پیسبوونی هەوای لەسەردەبێت. وی دەڵێت: "نزیکەی هەموو نەخۆشییە هەوکردنەکان بەهۆی پیسبوون و دوکەڵی ئاگرەوە کاریگەرییان لەسەرە". کاتێک ئاگرەکان دەسووتێن، گەردیلە وردەکان بەربەستی پارێزەری پێست لاواز دەکات و هەوکردن زیاد دەکات.

لە مانگی حوزەیرانی 2023، ئاریان کورۆش پزیشکی پێست لە زانکۆی هارڤارد، سەرنجی بەرزبوونەوەی بێ وێنەی حاڵەتەکانی ئەکزیمای لە بۆستن دا لە کاتی شەپۆلی دوکەڵدا، کە لە ئەنجامی ئاگرکەوتنەوەکانی کەنەدا دروست ببوو. ژمارەی نەخۆشەکان لە کەمتر لە 20 نەخۆش لە مانگێکدا بۆ 160 نەخۆش زیادی کردووە، هەروەها خورانی پێست لەو کەسانەدا دەرکەوتووە، کە پێشتر هیچ کێشەیەکیان نەبووە.

توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دووبارە بەرکەوتنی دوکەڵ دەبێتە هۆی زیانێکی درێژخایەن لەوانە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی پێست. خەمڵاندنە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پێست دوو بۆ سێ هێندە زیاترە لە چاو کەسانی دیکەدا.

چارەسەری پاراستن لەبەردەستی هەموو کەسێکدا نییە

پزیشکەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زۆر کەس توانای جێبەجێکردنی راسپاردەکانی پاراستنیان نییە، وەک مانەوە لە ژوورەوە یان بەکارهێنانی پاککەرەوەی هەوا. کورۆش دەڵێت: "رەنگە هەندێک کەس ناچاربن لە دەرەوە کاربکەن و بژاردەی مانەوەیان لە ژوورەوە نەبێت".

توێژینەوەکان کە ئەمساڵ بڵاوکراونەتەوە دەریدەخەن، ئەو کەسانەی کەمتر دەستیان بە پاراستن دەگات، زیاتر تووشی خراپتربوونی بارودۆخی پێست دەبن.

داهاتوو؛ لە نێوان توێژینەوەی پزیشکی و خۆگونجاندن

شارەزایان پێیان وایە بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر پێست پێویستی بە خۆگونجاندن لەگەڵ بارودۆخی ژینگەیی نوێ و چاودێریکردنی کوالێتی هەوا و گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی هەیە.  ناتالی بەیکەر جەخت لەوە دەکاتەوە: "هەرچەندە پەیوەندی نێوان گۆڕانی کەشوهەوا و تەندروستی پێست بوارێکی تاڕادەیەک نوێیە لە لێکۆڵینەوە، بەڵام ئەو پێشکەوتنانەی لە ساڵانی رابردوودا بەدەست هاتوون، دڵخۆشکەرن و ئاسۆی ئومێدبەخش بۆ داهاتوو دەکاتەوە".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی