سبەی
بۆ زۆرێک لە گەنجان چیتر چاتبۆتی AI تەنها ئامراز یان بزوێنەری گەڕانی پێشکەوتوو نین؛ ئەوان بوونەتە هاوڕێ و بۆ زۆرێکیش لە خوێندکارە ئەمەریکییەکان بوونەتە خۆشەویست. راپرسییەکیش وێنەیەکی نا ئارامکەر لە پەیوەندی نێوان خوێندکاران و زیرەکیی دەستکرد دەخاتەڕوو.
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات، نزیکەی یەک لە هەر پێنج خوێندکاری ئامادەیی لە ئەمەریکا، واتە 19%، رایانگەیاندووە، ئەوان یان هاوڕێیەکانیان AI یان بەکارهێناوە بۆ چوونە ناو "پەیوەندییەکی سۆزداری"، رێژەیەکی نائارامکەر کە نیگەرانی نوێ لەبارەی کاریگەرییەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو تەکنەلۆجیایە لەنێو منداڵان و هەرزەکاران دروستدەکات، ئەویش بەپێی پێگەی Futurism.
توێژینەوەکەی سەنتەری دیموکراسی و تەکنەلۆجیا، راپرسییەکەی لە ناو هەزار خوێندکاری ئامادەیی لە پۆلەکانی شەشەم تا 12و هەزار دایک و باوک و نزیکەی 800 مامۆستای قوتابخانە حکومییەکان کردووە.
زیرەکیی دەستکرد لە قوتابخانەکاندا
لە 86%ی خوێندکاران و 85%ی مامۆستایان رایانگەیاندووە، کە لە ماوەی ساڵی خوێندنی رابردوودا AI یان بەکارهێناوە. هەندێک لە قوتابخانەکان هانی خوێندکاران دەدەن، کە ئەم تەکنەلۆجیایانە بەکاربهێنن، بەڵام ئەم کراوەییە دەتوانێت کاردانەوەی لێبکەوێتەوە.
ئەلیزابێس لایرد بەڕێوەبەری سەنتەری دیموکراسی و تەکنەلۆجیا بە کەناڵی NPRی راگەیاندووە، "پێویستە خوێندکاران لەوە تێبگەن، کە قسە لەگەڵ کەسێکی راستەقینە ناکەن، بەڵکو قسە لەگەڵ ئامرازێک دەکەن". دەشڵێت "توێژینەوەکانمان ئەوە پیشان دەدەن، ئاستی هۆشیاری و راهێنان، کە خوێندکاران سەبارەت بە AI وەریدەگرن هێشتا زۆر سەرەتاییە."
کاریگەرییەکانی AI لەسەر پەروەردە گرنگییەکی زۆری پێدراوە، چونکە دەتوانرێت لە چاتبۆت و ئامرازەکانی دیکە، بۆ فێڵکردن یان تەنانەت تەواوکردنی ئەرکەکان بەکاربهێنرێت. لە راپرسییەکەدا دەرکەوتووە، زیاتر لە نیوەی خوێندکاران AI بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدان لە ئەرکەکانیاندا، لەکاتێکدا نزیکەی دوو لەسەر سێیان رایانگەیاندووە، کە بۆ مەبەستی ئەکادیمی یان بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی قووڵتر لە بابەتەکانی پرۆگرامی خوێندن بەکاریدەهێنن.