هاوکێشەی نوێی ئۆکراینا بۆ ئاشتی: قسەی کەم و چەکی زۆر

#ئەمەریکا#ئۆکراینا#ڤۆلۆدمیر زیلینسکی#دۆناڵد ترەمپ#تۆماهۆک
5 کاتژمێر لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • دوای ئەوەی روسیا رەتی کردەوە هیچ هەنگاوێک بنێت بۆ ئاشتی و چارەسەری دیپلۆماتییانەی شەڕی ئۆکراینا، کێیڤ بە سیاسەتێکی نوێوە مامەڵە دەکات، ئەویش قسەی کەم و داواکاری چەکی زۆرە لە ئەمەریکا
Primary Asset

ساتی هەڵدانی موشەکیکی تۆماهۆک لەسەر کەشتییەکی ئەمەریکی

سبەی

دوای ئەوەی روسیا رەتی کردەوە هیچ هەنگاوێک بنێت بۆ ئاشتی و چارەسەری دیپلۆماتییانەی شەڕی ئۆکراینا، کێیڤ بە سیاسەتێکی نوێوە مامەڵە دەکات، ئەویش قسەی کەم و داواکاری چەکی زۆرە لە ئەمەریکا.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی، داواکردنی موشەکی دوورهاوێژ، داواکاریی سەرەکی ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەبێت لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا.

ماوەی چەندین مانگ، سەرەڕای ئەوەی دەیزانی ئەنجامی نابێت، بە نێوەندگیری ئەمەریکا، ئۆکراینا بە دوای چارەسەری ئاشتییانەوە بوو لەگەڵ روسیا.

وەک لە راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمزدا هاتووە، ئێستا بەهۆی رەتکردنەوەی چارەسەری دیپلۆماتییانەی شەڕی ئۆکراینا، توڕەیی دۆناڵد ترەمپ زیاتر بووە، ئۆکراینا دەیەوێت ئەوە وەک هەل بقۆزێتەوە بۆ دەستکەوتنی موشەکی دوورمەدای تۆماهۆکی ئەمەریکی.

بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، کیێڤ قسەی کەم و چەکی زۆری دەوێت بۆ لێدان لە روسیا، جگە لە ئەوەش ئابڵوقەی زیاتری دەوێت بۆ ئەوەی مۆسکۆ ناچار بە دانوستان بکات بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ.

بۆ رێککەوتن لەسەر کڕینی چەکە ئەمەریکییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2025)، شاندێکی باڵای ئۆکرایا گەشتی واشنتن دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کڕینی چەکە ئەمەریکییەکان، وەک چەکی هێرشبەر بۆ بە ئامانجگرتنی قوڵایی خاکی روسیا و چەکی بەرگریی دژی هێرشە ئاسمانییەکانی روسیا. جگە لە شاندە باڵاکە، بەپێی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، رۆژی هەینی (17ـی تشرینی یەکەمی 2025)، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی پلانی هەیە بچێتە واشنتن بۆ رێککەوتنی کۆتایی لەسەر کڕینی چەکەکان، ئەگەر دانوستانی شاندە باڵاکەی ئۆکراینا و واشنتن سەرکەوتوو بێت.

ئەوەی ئۆکرانیا بە دوایەوەتی موشەکی دوورهاوێژی تۆماهۆکە. سەبارەت بە ئەگەری رازییبوونی ئەمەریکا بۆ پێدانی تۆماهۆک بە ئۆکراینا، رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی یەکەم)، پێش گەشتەکەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، رەنگە موشەکی دوورهاوێژ بنێرێت بۆ ئۆکراینا و وتی: "رەنگە بڵێم، سەیرکە، ئەگەر ئەو جەنگە (جەنگی ئۆکراینا) چارەسەر نەبێت، موشەکی تۆماهۆک دەنێرم بۆ ئۆکراینا."

بەپێی وتەی پسپۆڕان کە قسەیان بۆ نیویۆرک تایمز کرووە، تۆماهۆک ناتوانێت یاریەکە بگۆڕێت، چونکە موشەکی تۆماهۆک پێوسیتی بە کەشتی و ژێردەریایی هەیە بۆ هەڵدانی، ئۆکراینا کەشتی و ژێردەریایی نییە، هەروەها ئەمەریکا ژمارەیەکی کەم هەڵدەری تۆماهۆکی وشکانی هەیە، بۆیە پێناچێت تۆماهۆک کاریگەریی زۆری هەبێت لەسەر رێڕەوەی جەنگەکە.

سەبارەت بە هەڵوێستی روسیا، ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا، رایگەیاند، "پێشبینی ناکەم واشنتن موشەکی دوورهاوێژ بۆ ئۆکراینا بنێرێت،" هەروەها هۆشدارییدا لە ئەگەری پەرەسەندنی جەنگەکە، ئەگەر ئۆکراینا موشەکی دوورهاوێژی پێبدرێت.

جگە لە پێدانی موشەکی دوورهاوێژ، بۆ لێدان لە کەرتی وزەی روسیا، ئەمەریکا دەستی کردووە بە پێدانی زانیاریی هەواڵگرییش بە ئۆکراینا.

بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکراینا، ماوەی چەند مانگێکە واشنتن لە رێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە یارمەتی کیێڤی داوە بۆ بە ئامانجگرتنی کەرتی وزەی روسیا، وەک بۆرییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی و وێستگەکانی کارەبا.

 رۆژی شەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2025)، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، لە رێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنییەوە قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد، و دوای لێکرد وەک چۆن ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرپاکرد، بە ئەو جۆرەش ئاشتی بۆ ئۆکراینا بەرقەرار بکات.

سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، زیلینسکی رایگەیاند، گفتوگۆیەکی بەرهەمداری لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکادا کردووە و لەسەر توانا دوورمەوداکان (موشەکی تۆماهۆک) قسەیان کردووە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی