سبەى
موقتەدا سەدر بوونى هەماهەنگى لەگەڵ سیستانى لەبارەى ئەنجامدانى خۆپیشاندان و دانانى دروشمى بایکۆتى هەڵبژاردن لەسەر شەقامەکان رەتدەکاتەوە.
موقتەدا سەدر رۆژى 14ى تشرینى یەکەم لە وەڵامى یەکێک لە لایەنگرانى لەبارەى بەرزکردنەوە و دانانى دروشمى بایکۆتکردنى هەڵبژاردن لەسەر شەقامەکان ئاماژەى بەوەکردووە، کێ فەرمانى پێکردوون ئەوە بکەن؟، لە ئاماژەیەکدا بۆ رەتکردنەوەى هەر چالاکییەکى مەیدانى بەناوى رەوتەکەیەوە بەبێ هیچ بڕیارێکى فەرمى.
ئەو وەڵامەى سەدر دواى بڵاوبوونەوەى چەند وێنەیەک هات لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا ژمارەیەک کەس بەناوى رەوتى سەدرەوە دروشمى بایکۆتکردنى هەڵبژاردن لەسەر شەقامەکان هەڵدەواسن.
هەر ئەمڕۆ هەژمارى موقتەدار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو هەواڵانەى رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن گوایە سەدر عەلى سیستانى مەرجەعى باڵاى شیعەکانى ئاگادارکردووەتەوە کە رەوتى سەدر لە 25ى تشرینى یەکەمدا خۆپیشاندان ئەنجام دەدات و جەختیکردووەتەوە ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکى نییە.
موقتەدا سەدر لە مانگی ئازاری رابردوودا بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند و داوای لە لایەنگرانی کرد دەنگ نەدەن، پێش ئەوەی دواتر داوایان لێبکات "داتاکانیان نوێ بکەنەوە" بە هۆکارێک کە دواتر ڕوون دەبێتەوە.
لە پێشهاتێکی بەرچاو بۆ رەوتى "بایکۆت"، مانگى رابردوو لایەنگرانی بزووتنەوەکە لە ناوچەى سەدری بەغداد خۆپیشاندانیان ڕێکخست و هەڵبژاردنیان رەتکردەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١دا، ڕەوتی سەدری زیاتر لە ٨٠٠ هەزار دەنگی لە کۆی نزیکەی نۆ ملیۆن دەنگدەر کە بەشدارییان کرد بەدەستهێنا، لە کاتێکدا هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" دوو ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیان بەدەستهێنا.
بەڵام باوەڕێکی بەرفراوان لە نێو بازنەى هێزە شیعییەکاندا هەیە کە کاریگەرییەکانی بایکۆتی سەدرییەکان دەتوانێت تا دە ملیۆن دەنگدەر بگرێتەوە، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى مەداى عێراقى.
بەپێی ئامارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە 21 ملیۆن عێراقی خاوەنی کارتی بایۆمەترین و نزیکەی نیوەی ئەو ژمارەیە خاوەنى ئەو کارتە نین.
دوایین یاسای هەڵبژاردن تەنها ڕێگە بەو عێراقییانە دەدات کە کارتی بایۆمەترییان هەیە دەنگ بدەن. ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی ١٠ ملیۆن عێراقی ناتوانن بەشدارى بکەن، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ئەو کارتەوە.
لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا، بەپێی ئامارى کۆمسیۆن ڕێژەی بەشداریکردن ٤٦% بووە، لە کۆی نزیکەی ٢٠ ملیۆن دەنگدەر کە تۆمارەکانیان نوێکردبووەوە، نزیکەی ٩ ملیۆن دەنگدەر بەشدارییان کرد.
پلانی نوێی رەوتەکە ئەمجارە "تاکتیکی سەدر"ە، کە داوای لە لایەنگرانی کردووە سەرەڕای راگەیاندنی بایکۆت، تۆمارەکانیان نوێ بکەنەوە. ئەمەش بۆ پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکان بۆ "ساختەکردنی ڕێژەی بەشداریکردن" بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی لایەنگرانی خاوەنی کارتی بایۆمەترین لەکاتێکدا خۆیان لە دەنگدان بەدوور دەگرن.
رێژەی بەشداریکردن بە پشتبەستن بە ژمارەی ئەو کەسانەی کە کارتی بایۆمەترییان هەیە هەژمار دەکرێت. بەگوێرەی سەرچاوەکانی رەوتەکە، "نیوەی خاوەن کارتەکان"- زیاتر لە 21 ملیۆن دەنگدەر- لایەنگری سەدرن، واتە لە هەڵبژاردن ئامادەنەبن.
موقتەدا سەدر لە وتاری بایکۆتی مانگی ئازاری ڕابردوودا رایگەیاندبوو، "تا گەندەڵی هەبێت، من بەشداری هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن ناکەم".
بازنەى سەدرییەکان پێیان وایە کە ڕەنگە هەڵبژاردن "لە کاتی خۆیدا ئەنجام نەدرێت" بەهۆی چاوەڕوانی گۆڕانکاری لە ناوچەکە و ئەگەرى هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل.
سیاسەتمەدارانى شیعى هۆشداریانداوە لە مەترسی بایکۆت، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "بایکۆت دەبێتە دیارییەک بۆ گەندەڵکاران".
هاوکات، نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختدەکاتەوە "دواخستنی هەڵبژاردنەکان بە واتای داڕمانی پرۆسەی سیاسییە". مالیکی هەروەها هۆشداری لە "گەڕانەوەی حزبی بەعس" و ئەگەری "کودەتا" دا.