سبەى
هەرچەندە تەنیا داروپەردوو لە غەززە ماوەتەوە، بەڵام توێژەران پێیان وایە ئاوەدانکردنەوە ئاسانترین هەنگاوە لەسەر رێگایەکی دوورودرێژ بۆ ژیانەوەی تەواوەتی.
سەختترین جەنگ بنیاتنانەوەى مرۆڤە: بنیاتنانەوەى پەروەردە و نەوەیەک، کە قوتابخانە و مامۆستایان لەدەستداوە. بەبێ وەبەرهێنان و سودوەرگرتن لە فەڵەستینییەکانیش، هیچ پلانێکی ئاوەدانکردنەوە سەرکەوتوو نابێت، هەرچەندە بودجەکەی چەندە گەورە بێت.
توێژەرانی تایبەتمەند لە توێژینەوەکانی دوای جەنگ، هۆشداری دەدەن لەوەی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی غەززە سەرکەوتوو نابێت، ئەگەر لەلایەن پسپۆڕان و دامەزراوە فەڵەستینییەکانەوە سەرکردایەتی نەکرێت. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژیانەوەی بوارەکانی تەندروستی گشتی و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ژینگە، پێویستی بە سەرکردایەتییەکی ناوخۆیی هەیە، کە شارەزا بێت لە راستی لەسەرزەوی و پێداویستییەکانی. ئەو هۆشدارییە لە راپۆرتێکدا لە گۆڤاری زانستی (Nature) بڵاوکراوەتەوە.
لەناوبردنی بەرفراوانی ژێرخانی ئابووری
هەڵمەتە سەربازییەکانی ئیسرائیل، کە دوای هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، زیاتر لە 67 هەزار کوژراوی لێکەوتەوە و نزیکەی تەواوی ژێرخانی غەززەی لەناوبرد، لەوانە نەخۆشخانە و دامەزراوە خزمەتگوزاری و پەروەردەییەکان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە گۆڤاری پزیشکی The Lancet بڵاوکراونەتەوە، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە رووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە. لەکاتێکدا نزیکەی 55 هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ، بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن.
هەروەها نووسینگەی ناوەندی ئاماری فەڵەستین ئاشکرای کردووە، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگەوە زیاتر لە دوو هەزار و 200 کارمەندی پزیشکی و پەروەردەیی کوژراون. هاوکات نزیکەی 80%ی زانکۆ و پەیمانگاکانی غەززە وێران بوون. رێکخراوی پەروەردەیی و زانستی و فەرهەنگی نەتەوە یەکگرتووەکانیش (یونسکۆ) ئاشکرایکردووە، خوێندنی نزیکەی 88 هەزار خوێندکار پەکیکەوتووە.
پەروەردەیەکی وێران
سافۆ هێلێتا توێژەر لە زانکۆی نیلسۆن ماندێلا لە باشووری ئەفریقا، کە لە خوێندنی باڵا لە ناوچە جێناکۆکەکان دەکۆڵێتەوە، دەڵێت جەنگەکە 222 ملیۆن دۆلار زیانی بە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا گەیاندووە. دەشڵێت، ئاوەدانکردنەوەی کەرتی خوێندنی باڵا پێویستی بە یەک ملیار دۆلارە.هێلیتا ئاماژەی بەوەدا، کە هاوکارییەکانی پێشووی زانکۆکانی فەڵەستین ساڵانە لە 20 ملیۆن دۆلار تێپەڕی نەکردووە.
لە دەرەوەی خشت و چیمەنتۆ
ئەمانی موقەدمە بەرپرسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی ئیسلامیی غەززە دەڵێت، "لە هەنگاوی یەکەمدا خوێندنی باڵا لە کەرتی غەززە پێویستی بە بەردەوامبوونی خوێندنی ئۆنلاین، پێشکەشکردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ خوێندکاران و کارمەندانە. هەروەها پەیوەستکردنەوەی توێژەران بە جیهان لە رێگەی کۆنفرانسەوە".
موقەدمە، کە ئێستا لە زانکۆی ئەدینبۆرگ لە بەریتانیا کاردەکات، بڕوای وایە کە دامەزراوە ئەکادیمی و زانستییەکان لە غەززە دەبێت هاوبەشی سەرەکی بن لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەدا، چونکە خاوەنی "زانیاری ناوخۆیی گرنگن و تێگەیشتنێکی قووڵیان لە پێداویستییەکانی کۆمەڵگادا هەیە".
بەشداریکردنی بەرفراوانی کۆمەڵگای فەڵەستینی
نائۆمی رینتۆل هاینز توێژەر لە زانکۆی کانتربێری کە لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییە ژینگەییەکانی جەنگی غەززە دەکات، هاوڕایە و جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بڕیارەکان سەبارەت بە داهاتووی کەرتی غەززە، دەبێت لەسەر بنەمای بەشداریکردنی فراوانی کۆمەڵگا بێت.
شارەزایان پێیان وایە هەر پلانێکی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە، لەوانەش پلانەکەی ترەمپ، کە رۆڵێکی روونی بۆ کاراکتەرە فەلەستینییەکان دیاری نەکردووە، لە سنوری ئەگەری شکستهێناندایە، چونکە فەلەستینییەکانی لە پۆستی سەرکردایەتیدا دانەناوە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی پێداویستی غەززە تەنها لە ئاوەدانکردنەوەی باڵەخانە و ماڵەکان کۆنابێتەوە، بەڵکو غەززە پێویستی بە دووبارە بنیاتنانەوەی گەل هەیە.