زانایان هۆشداری دەدەن؛ تەمەنی باوک تەندروستی کۆرپەلە دیاری دەکات

#کۆرپەلە
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، کە زیادبوونی گۆڕانکارییەکان بەهۆی کاریگەریی سروشتییەوەیە. چونکە هەڵکشانی تەمەنی پیاوان، هەندێک گۆڕانکاری لە کاتی بەرهەمهێنانی سپێرم دروستدەکات، لەگەڵ کەڵەکەبوونی بەردەوامی گۆڕانکارییە هەڕەمەکییەکان لە DNA.
Primary Asset

سبەى

توێژینەوە نوێیەکان دەریانخستووە، تەمەنی باوک رۆڵی هەیە لە دەرئەنجامەکانی دووگیانیدا، بەو پێیەی گۆڕانی بۆماوەیی زیانبەخش لە سپێرمدا زیاتر لە پیاوانی بەتەمەندا باو دەبێت.

لە راپۆرتێکدا کە لە گۆڤاری (Nature)بڵاوکراوەتەوە، توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، کە زیادبوونی گۆڕانکارییەکان بەهۆی کاریگەریی سروشتییەوەیە. چونکە هەڵکشانی تەمەنی پیاوان، هەندێک گۆڕانکاری لە کاتی بەرهەمهێنانی سپێرم دروستدەکات، لەگەڵ کەڵەکەبوونی بەردەوامی گۆڕانکارییە هەڕەمەکییەکان لە DNA.

توێژەران ئاماژەیان بەوە کردووە، هەندێک لە گۆڕانکارییەکان پەیوەندییان بە گەشەکردنی خانەی کۆرپەلەوە هەیە، هەندێکی دیکەیش پەیوەستن بە تێکچوونی توندی گەشەی دەمار لە منداڵ و مەترسی بۆماوەیی شێرپەنجە. ئەوان دەڵێن، هەندێکی دیکە لەوانەیە پیتاندن و گەشەکردنی کۆرپەلە تێکبدەن، یان ببنە هۆی لەدەستدانی دووگیانی.

مات هێرلز مامۆستا لە پەیمانگای ویلکۆم سانگر لە هینکستۆن لە ئینگلتەرا دەڵێت: هەندێک گۆڕانکاری نەک تەنها لە DNA بەردەوام دەبێت، بەڵکو لەناو کۆئەندامی زاوزێشدا گەشە دەکات، واتە ئەو باوکانەی لە تەمەنێکی گەورەدان، ئەگەری ئەوەیان هەیە، گۆڕانکارییەکی زیانبەخش بۆ منداڵەکانیان بگوازنەوە.

لە توێژینەوەیەکی تەواوکەردا، کە لەسەر زیاتر لە 54 هەزار دایک و باوک و منداڵەکانیان و 800 هەزار کەسی تەندروست ئەنجامدراوە و  لە رۆژنامەی Nature یشدا بڵاوکرایەوە، هەندێک لە توێژەران شیکارییان بۆ گۆڕانکارییەکان کردووە، کە بۆ منداڵەکان دەگوازرێنەوە.

ئەوان زیاتر لە 30 هۆکاری بۆماوەیییان دەستنیشان کردووە، لەنێویاندا چەندان هۆکاری پەیوەندیدار بە تێکچوونی دەگمەنی گەشەکردن و شێرپەنجە. توێژەران روونیان کردەوە، کە ئەم توێژینەوەیە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی، کە چۆن گۆڕانکاری سروشتی لەناو سپێرمدا، دەتوانێت راستەوخۆ کاریگەری لەسەر DNAی منداڵان هەبێت.

بەپێی وتەی هێرلز کە بەشداری لە هەردوو توێژینەوەکەدا کردووە، "دۆزینەوەکانیان مەترسییەکی بۆماوەیی شاراوە ئاشکرا دەکەن، کە لەگەڵ تەمەنی باوکدا زیاد دەکات".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی