سبەى
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، کە هەمیشە هەوڵدەدات بۆئەوەی بە باشترین شێوە دەربکەوێت، هێرشێکی توندی کردە سەر گۆڤاری تایم و وێنەی بەرگی گۆڤارەکەی، کە لە چوارچێوەی بابەتێکی بەرفراوان سەبارەت بە "رێککەوتنی ئاشتی" لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکراوەتەوە، بە "خراپترین وێنە"ی خۆی وەسفکرد.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی TRUTH Social نووسیویەتی: گۆڤاری تایم چیرۆکێکی تاڕادەیەک باشی لەبارەی منەوە کردووە، بەڵام رەنگە وێنەکە خراپترین بێت، کە تا ئێستا نمونەی نەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "قژم شاردراوەتەوە، شتێک لەسەر سەرمە لە تاج دەچێ، بەڵام زۆر بچووکە، بەڕاستی سەیرە!".
سەرۆکی ئەمەریکا وێنەکەی بە "زۆر خراپ" وەسف کردووە .هەروەها ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە "هەرگیز حەزی لەوە نەبووە وێنەی لە خوارەوە بگیرێت"، پرسیاری ئەوەشی کردووە، کە بۆچی تایم ئەو کارەی کردووە؟
"سەرکەوتنەکەی"
بەرگی نوێی گۆڤاری تایم لەژێر مانشێتی "سەرکەوتنەکەی"دا بڵاوکرایەوە، بە ئاماژەدان بە ترەمپ و وێنەیەکی سەرۆکی ئەمەریکای لە بەرگی گۆڤارەکەدا داناوە.
هەروەها وتارێک لە ناوەوەدا خراوەتە روو، کە باس لە هەوڵەکانی ترەمپ دەکات، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و دەستکەوتەکەی سەرۆکی ئەمەریکای بە "دەسکەوتێکی بەرچاو لە خولی دووەمی" و "خاڵی گۆڕانکاری ستراتیجی" بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوبردووە.
ترەمپ مێژوویەکی دوورودرێژ و ئاڵۆزی لەگەڵ گۆڤاری تایم هەیە. وێنەکەی لەسەر گۆڤارەکە چەندان جار دەرکەوتووە، هەندێکجاریش بە شێوەیەک، کە بەدڵی ترەمپ نەبووە، بەڵام تایم دووجار وەک کەسی ساڵ هەڵیبژاردووە.
دوای پەسەندکردنی "بەڵگەنامەی ئاشتی و پێکەوەژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، سەرۆکی ئەمەریکا کۆتایی بە لوتکەی نێودەوڵەتی لە شاری شەرم شێخی میسر هێنا. هەروەها سەرپەرشتی واژۆکردنی رێککەوتننامەی غەززەی کرد، کە هەینی رابردوو کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.