قەیرانی پەنابەران؛ سكاڵایەكی یاسایی رێككەوتنێك لەنێوان بەریتانیا و فەڕەنسا رادەگرێت

#پەنابەران#بەریتانیا#فەرەنسا
5 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە بەریتانیا و فەڕەنسا، سكاڵای یاسایی لەبارەی رێككەوتنی "یەكێك دەچێت و یەكێك دەردەكرێت" تۆمار دەكەن، رێككەوتنەكەش بە پێشێلكاری مافەكانی پەنابەران ناودەبەن، بەوەی تووشی دۆخێكی قورس و نائارامیان دەكات.
  • 15 رێكخراوی مافی مرۆڤ لە فەرەنسا و بەریتانیا، سكاڵایەكیان بۆ راگرتنی رێككەوتنێك واژۆكردووە كە لەندەن و پاریس لە ئەیلولی رابردوو واژۆیان كردووە.
Primary Asset

بەلەمێکی کۆچبەران لە فەرەنساوە بەرەو کەناراوەکانی بەریتانیا دەچێت

سبەی

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە بەریتانیا و فەڕەنسا، سكاڵای یاسایی لەبارەی رێككەوتنی "یەكێك دەچێت و یەكێك دەردەكرێت" تۆمار دەكەن، رێككەوتنەكەش بە پێشێلكاری مافەكانی پەنابەران ناودەبەن، بەوەی تووشی دۆخێكی قورس و نائارامیان دەكات.

15 رێكخراوی مافی مرۆڤ لە فەرەنسا و بەریتانیا، سكاڵایەكیان بۆ راگرتنی رێككەوتنێك واژۆكردووە كە لەندەن و پاریس لە ئەیلولی رابردوو واژۆیان كردووە.

"ژیانێكی قورس و نائاراممان هەیە"

ئەو سكالایە لەكاتێكدایە چەند پەنابەرێك كە بەپێی رێككەوتنەكە بەشێكیان گەڕێنراونەتەوە بۆ فەڕەنسا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردۆتەوە و دەڵێن "ژیانێكی قورس و نائاراممان هەیە". جگە لەوەی بەشێكیان دەڵێن لە خێزانەكانیان دابڕاون لە بەریتانیا و كێشەی خۆراك و چاودێری تەندروستییان هەیە.

تائێستا بەپێی ئامارەكان و لەوكاتەوەی رێككەوتنەكە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، 26 پەنابەر لە بەریتانیاوە گەڕێنراونەتەوە بۆ فەڕەنسا، یەكێكیشیان بەهۆی بێزاری لە گێڕانەوەی بەزۆر فەرەنسای جێهێشتووە و چارەنوسی نادیارە.

دەیان پەنابەر لە دۆڤەری بەریتانیا دەستگیركراون 

بەپێی رێككەوتنەكە بەریتانیا هەموو ئەو پەنابەرانەی لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە خاكی بەریتانیا دەنێردرێنەوە بۆ فەڕەنسا، لە بەرامبەردا ناردنەوەی هەر پەنابەرێكی نایاسایدا، بەریتانیا پەنابەرێكی یاسایی كە هەموو مەرجەكانی تێدابێت و بە فلتەری حكومەتی بەریتانیادا تێپەڕیبێت وەردەگرێت.

بەپێی رێككەوتنەكە دوو مانگ لەمەوبەر، دەیان پەنابەر لە دۆڤەری بەریتانیا دەستگیركراون، شابانا مەحموود، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا ئەوكات رایگەیاند لەزووترین كاتدا دیپۆرتی فەڕەنسا دەكرێنەوە.

هەوڵەكانی بەریتانیا دوای ئەوە دێت ئەمساڵ پەڕینەوەی پەنابەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە.

بەپێی ئامارەكان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا رۆژی (13ـی ئەیلوول)، 31 هەزار و 27 پەنابەر لە رێگەی بەلەمی بچووكەوە ئاوەكانی كەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە و خۆیان گەیاندووەتە خاكی بەریتانیا. ئەوەش لە كاتێكدایە، ساڵی 2024 تا مانگی ئەیلوول، نزیكەی 22 هەزار و 440 پەنابەر لەو رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندبووە خاكی بەریتانیا.

وردەكاریی رێككەوتنەكە

بەپێی رێككەوتنەكە كە چواری ئابی 2025 بڵاوكرایەوە، فەڕەنسا رازی بووە بە وەرگرتنەوەی ئەو پەنابەرانەی لە رێگەی كەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا داوای مافی پەنابەرێتییان رەتكراوەتەوە.

ئەگەر كەسێك لە فەڕەنساوە خۆی گەیاندبێت بە بەریتانیا لە رێگەی بەلەمی بچووكەوە، ئەوا لە ماوەی سێ مانگدا دەگەڕێندرێتەوە بۆ فەڕەنسا، ئەگەر داوای مافی پەنابەرێتییەكەی رەتكرابێتەوە.

پلانەكە لە ئێستادا لە بواری تاقیكردنەوەدایە و جارێ بە تەواوەتی نەچووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

بەپێی پلانەكە، پەنابەران لە فەڕەنساوە لە رێگەی ئۆنلاینەوە فۆرمێك پڕدەكەنەوە و داواكاری پێشكەش بە وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەكەن بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدات بە یاسایی بچنە بەریتانیا.

دوای پێشكەشكردنی داواكارییەكە بە ئۆنلاین، ئەگەر داواكارییەكە پەسەندكرا، دەتوانن بۆ ماوەی سێ مانگ لە بەریتانیا بمێننەوە، تا تەواوبوونی رێوشوێنەكانی پەیوەست بە مانەوەیان بەشێوەیەكی یاسایی لە بەریتانیا، هەر بەپێی پلانەكە، حكومەتی بەریتانیا تێچووی گەشتی پەنابەران لە ئەستۆ دەگرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی