سبەی
وەزارەتی خوێندنی باڵا، سیستمی زانکۆلاینی بۆ دەرچووانی 12ـی ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگاکان کاراکرد. بۆ ئەمساڵ نمرەکان بەشێوەیەکی گشتی دابەزیوون، 97%ـی ئەو کەسانەی داواکارییانە پێشکەشکردووە ناویان گەڕاوەتەوە، هێشتا 14731 کورسی زانکۆ و پەیمانگاکان بە بەتاڵی ماونەتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2025) ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی زانکۆی لاینی راگەیاند و ووتی: بەشێوەیەکی گشتیی نمرەکان دابەزیون لە 100٪ـی دەرچووانمان وەرگرتووە و سیستمی زانکۆلاین زۆر دادپەروەرانە بووە. جگە لە نمرەی خوێندکارەکە هیچ شتێکی تر لێکنەدراوەتەوە، بۆ ئەم ساڵی خوێندن خواستێکی زۆر لەسەر بەشی پزیشکی هەیە نمرەکان بە گشتی دابەزیون بە شێوەی پۆینت لە ناویانە وەرگرتن لە کۆلێژی پزیشکی.
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە راگەیەندراوێکیشدا ئاماری کۆتایی پێشکەشکاران و وەرگیراوانی بڵاوکردەوە، کە لە هەریەک لە لقی زانستی و وێژەیی 57980 خوێندکار وەرگیراون. لەو ژمارەیە42257 خوێندکاری دەرچووی بەشی زانستی و 13826 دەرچوی بەشی وێژەی و 570 لە خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و 1327 دەرچووانی پیشەیین.
بەپێی پلانەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بۆ ئەمساڵی خوێندن 65476 کورسی تەرخانکراوە بۆ دەرچوووانی ئامادەیی، بەوەش نزیکەی 1000 کورسی زیاتر بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.
بەپێی ئامارەکە، ئەو خوێندکارانەی لە رێگەی زانکۆلاینەوە داواکارییان پێشکەش کردووە ژمارەیان گەیشتووەتە 54278 دەرچوو لەو ژمارەیەش 45717 لە دەرچوانی ساڵی 2025 و 8561 پێشکەشکاریان دەرچووانی ساڵی ڕابردوو بوون.
لە کۆی گشتی ئەو دەرچووانە، لە بەشی زانستی و وێژەی 50862 کەس وەرگیراون، 44339 خوێندکاری دەرچوی ئەم ساڵ و 6523 دەرچوی ساڵی رابردوو.
وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاند: بۆ ئەم ساڵ 97%ـی خوێندکاران وەرگیراون و ئەو 3%ـەی کە ماوەتەوە و وەرنەگیراون، بەهۆی نەگونجانی نمرەی خوێندکاران بووە لەگەڵ ئەو بەشانەی هەڵیانبژاردوە.
ووتیشی: "هێشتا خوێندکاران دەتوانن لە ڕیگەی ئەو کورسیە بەتاڵانەی هەیە کە ژمارەیان 14731 کورسی خوێندن دەبێت فۆڕم بە شێوەی ڕاستەوخۆ پڕبکەنەوە و خۆیان سەردانی ئەو بەشانە بکەن کە کورسی خوێندنی بە تاڵیان هەیە و لەو رێگەیەوە دەرفەتی خوێندن بە دەست بهێنن."
سەبارەت بە دەرچووانی خوێندنگە پیشەییەکان 1049 خوێندکار داواکارییان پێشکەش کردوە 825 پیشکەشکاران دەرچوی ئەمساڵ و 224یان دەرچووی ساڵی ڕابردوون، لەو ژمارەیەش 863 خوێندکار وەرگیراوە کە 704یان خوێندکاری ئەمساڵ و159یان ساڵی رابردووە، هەر لەو ژمارەیەش 186 پێشکەشکاریان وەرنەگیراون و 503 خوێندکاریش داواکارییان پێشکەش نەکردوە کە سەرجەمیان خوێندکاری ئەم ساڵن.
ئەوەی تائێستا ئەنجامەکانی ڕانەگەیەندراوە خوێندکارانی خوێندنگە نێودەڵەتییەکان و دەرچوانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن لە شارەکانی کەرکوک و شەنگال و خانەقینن و ژمارەیان 1368 دەرچووە.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەمساڵی خوێندن گفتوگۆ کراوە لەنێوان وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و وەزارەت خوێندنی باڵای عێراق بۆ ئەوەی 500 کورسی ئاڵوگۆڵا بکەن بۆ خوێندن لە زانکۆکانی هەرێم و عێراقدا کە 100 کورسیان بۆ ماستەر و دکتۆرا بوە و وەرگیراون و 400 کورسییان بۆ بەکالۆریۆس و دیبلۆمی تەکنیکیە و لە چەند ڕۆژی داهاتودا لینکەکان دەکرێنەوە بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی وەرگرتن.
وەزارەتی خوێندنی باڵا رایگەیاند: بۆ تانەدان لە هەر ئەنجامێک خوێندکاران دەتووانن تا هەفتەیەک پەڵپ بگرن. هەروەها پێویستە وەرگیراوان تا رۆژی (26ـی تشرینی یەکەمی 2025) سەردانی تۆمارگای زانکۆکانیان بکەن و خۆیان تۆمار بکەن.