سبەى
دوران کاڵکان سەرکردەى باڵاى پەکەکە جەختدەکاتەوە، جگە لە ئازادی عەبدوڵا ئۆجەلان هیچ شتێک ناتوانێت گەریلا لە چیا بهێنێتە خوارەوە، هەروەها دەوڵەت باخچەلى بە هەوڵى فریودانیان تۆمەتبار دەکات.
دوران کاڵکان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاى پەکەکە ئاماژەى بەوەکرد "ساڵانێک جیهان یەکی گرت و لە ئاست پەکەکە شەڕی کرد، ناتۆ لە ساڵی ١٩٨٥ەوە لە دژی گەریلاکانی پەکەکە شەڕ دەکات. بۆ مەگەر توانیان کۆتای بە گەریلا بهێنن؟ مەگەر توانی پەکەکە تەسفییە بکەن؟ بە دڵنیاییەوە نەیانتوانی و واقع دیارە".
وتيشى "ئاپۆ کۆتايی بە تێکۆشانی چەکداری و هەبوونی ڕێکخستندا. پەکەکەی گەیاندە ئەم خاڵە لە تێکۆشان. هەندێک لایەن لە بری ئەوەی ڕێزی ئەمە بگرێت کەچی لە هێرشکردندایە. بە جوانی ئەم دۆخە لێکنادەنەوە".
بەوتەى کاڵکان شتگەلێک کە کەس ناتوانێت بیکات و خەیاڵی بۆ نەکات، لە چەند مانگی ڕابردوودا بەدەست هاتوون. بەڵام هیچ شتێکی نوێ نییە، هیچ گۆڕانکارییەک لە بەرەی باکوردا نییە.
جەختیشیکردەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە گۆشەگیری لەسەر ئیمراڵی رووینەداوە و بەردەوامە. بەڵێ، گۆشەگیرییەکە تا ڕادەیەک لاواز بوو. بەم مانایە لە بارودۆخی ئێستادا یاساکان بەشێکی جێبەجێ دەکرێن.
کاڵکان هەروەها هێرشیکردە سەر دەوڵەتى باخچەلى کە ئۆجەلانى بە رێبەرى دامەزرێنەر ناوبردبوو و دەڵێت، ئەو کە پێشتر دەیوت بە ئۆجەلان لە پەرلەمان وتار بدات، ئێستا دەیەوێت لە ئیمراڵییەوە پڕۆسەکە بەڕێوەببات، ئەمەش هەوڵى فریودانە.
"40 ساڵى دیکەش چاوەڕوان بن بەو ئامانجە ناگەن کە یەک گەریلا لە شاخ بێتە خوارەوە، ئەگەر ئۆجەلان ئازاد نەکرێت"، دوران کاڵکان وایوت.
عەبدوڵا ئۆجەلان 4ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندى ئیمراڵى پابەندى بە دەستپێشخەرییەکەی بۆ کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتی دوپاتکردەوە و بە شاندەکەى راگەیاندبوو گەر کۆمیسیۆن بچنە ئیمراڵیی دەستپێشخەری پرۆسەی دانوستانی دیموکراتیکی دەکات، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێکی شاندەکە کە دواى سەردانەکە بڵاویکردەوە.
سەزای تەمەلی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانى تورکیا رۆژى دووشەممە جەختیکردەوە "دەبێت شاندێک بچێتە ئیمراڵی. ئەمەش پێویستە بەخێرایی پلانی بۆ دابنرێت. ئەو شاندەی کە دەڕوات دەبێت دیاری بکرێت. بێگومان هیوای ئێمە ئەوەیە کە شاندەکە تۆکمە بێت، نوێنەرایەتی هەمووکەسێک بکات".
وتيشى "پێش هەموو شتێک ئەو پارتانەی کە گرووپی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەروەها ئەو پارتانەی کە گرووپی خۆیان نییە، دەکرێت نوێنەریان لە شاندەکەدا هەبێت. کۆبوونەوەکان دەبێت بە سیستەماتیک ئەنجامبدرێن. داواکارییەکانمان ئەمەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێت."
لەگەڵ بەردەوامى فشارەکان بۆ سەردانیکردنى کۆمسیۆنى پەرلەمانى تورکیا بۆ ئیمراڵى، پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە رۆژى دووشەممە بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ئۆجەلان چوونە ئیمراڵی پاش ئەنجامدانی دیدارەکە گەڕانەوە.
نووسینگەی یاسایی سەدە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند "پارێزەرانی نووسینگەکەمان، هەریەک لە مەزڵوم دینچ و ڕێزان ساریجا و سوزان ئاکیپا و عەمران ئەمەکچی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانیانی دوورگەی ئیمراڵی هەریەک لە حامیلی یەڵدرم و عومەر خەیری کۆنار و مەحمود یامالاک و ئەرگین ئاتابای، دیداریان ئەنجامدا".
لاى خۆیەوە، بوڵند ئارنچ سەرۆکى سەرۆکى پێشووترى پەرلەمانى تورکیا رۆژى دووشەممە جەختیکردەوە پێویستە شاندێک بچێتە ئیمراڵى و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبێتەوە، بەو پێیەى بەبێ قسەکردنى راستەوخۆ لەگەڵى ناتوانرێت پڕۆسەى ئاشتى پێشبکەوێت.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر هیچ کەسێک ئامادەى ئەو کارە نەبێت، ئەو ئامادەیە بچێتە ئیمراڵى و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبێتەوە، دواتر ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە لەگەڵ کۆمسیۆنى تایبەت بە پڕۆسەکە هاوبەشى پێدەکات.