سبەی
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: دوای تەواوکردنی پشکنینەکان لە پەیمانگای پزیشکی دادوەری، دەرکەوت کە تەرمی چوارەم کە دوێنێ لەلایەن حەماسەوە ڕادەستی ئیسرائیل کرا، لەگەڵ هیچ کام لە ئیسرائیلییە ڕفێنراوەکاندا ناگونجێت.
ئەفیخای ئەدرەعی، وتەبێژی عەرەبیزمانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: پشکنینی دادوەری بۆ ئەو چوار تەرمە کراوە کە دوێنێ سێشەممە (14ـی تشرینی یەکەمی 2025) رادەستی کردەوە، سیانیان ناسراوەنەتەوە و کەسوکاریان ئاگادار کراوەتەوە، بەڵام تەرمی چوارەم هیچ کام لەو ئیسرائیلیانە نییە کە لەلایەن حەماسەوە رفێنرابوون. داوا لە حەماس دەکات هەموو هەوڵێک بدات بۆ گەڕانەوەی تەرمی سەرجەم ڕفێنراوەکان.
بەپێی راگەیەندراوەکە، دوای تەواوکردنی پرۆسەی ناسینەوە لە پەیمانگای پزیشکی دادوەری، بە هاوکاری لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیل، نوێنەرانی سوپا بنەماڵەی کەسە ڕفێنراوەکانیان ئاگادارکردەوە، کە تەرمی هەریەک لە رائید تامیر نەمرۆدی، ئوریێل برۆچ و ئیتان لیڤی گەڕێنراونەتەوە و رادەستیان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەخاکبسپێردرێن.
ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی زانیاری هەواڵگریی، ڕائید تامیر نەمروودی بە زیندووی لە بەڕێوەبەرایەتیی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی فیرقەی غەززە لەلایەن حەماسەوە ڕفێندراوە. مەزەندە دەکرێت کە لە سەرەتای جەنگدا بە دیلی کوژرابێت و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هۆکاری مردنەکەی لە پەیمانگای پزیشکی دادوەری، ئەنجامە کۆتاییەکان رادەگەیەندرێت.
بەگوێرەی زانیاری و هەواڵگری لەبەردەستدا، هاوڵاتی ئوریێل برۆچ، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، دوای هەڵاتن لە کۆنسێرتەکەی نۆڤا، لەلایەن حەماسەوە کوژراوە و تەرمەکەی ڕفێندرا و براوەتە کەرتی غەززە.
هەروەها هاوڵاتی ئیتان لیڤی، لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 لەلایەن چەکدارەکانی حەماسەوە لە شەقامی مێفلاسیم کوژراوە و تەرمەکەی ڕفێندراوە و گواستراوەتەوە بۆ کەرتی غەززە.
سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم سەربازە ڕفێنراو و تەرمی کوژراوەکان، ئامادەکاری دەکات بۆ بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە. پێویستە بزووتنەوەی حەماس بەپێی ڕێکەوتننامەکە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و هەموو هەوڵێک بدات بۆ گەڕاندنەوەی سەربازە ڕفێندراو و کوژراوەکان بۆ ناو بنەماڵەکانیان بۆ ئەوەی بەخاکبسپێردرێن.