سبەی
رێکخراوی سی پی تی بڵاوی کردەوە، بۆ یەکەمجار و لە دوای ساڵی 2015ـەوە سوپای تورکیا لە مانگێکدا هیچ هێرشێکی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام نەداوە، سەرەڕای راگرتنی هێرش و پێکدادانە چەکدارییەکان، لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی (CPT) نوێترین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جموجۆڵی سەربازی و ئاشتی سارد، ئاگربەستێک بەبێ وەستاندنی لەشکرکێشی و جموجۆڵی سەربازی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کردووە: لە مانگی ئەیلوولدا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامنەداوە، ئەمەش یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2015ـەوە مانگێک بەبێ هێرش و بۆردوومانی سوپای تورکیا تێپەڕێت.
بەپێی راپۆرتەکە، سەرباری وەستاندنی تەواوەتی هێرش و پێکدادانە چەکدارییەکانی سوپای تورکیا و پەکەکە، هەردوولا بەردەوامن لە فراوانکردنی پێگەی سەربازی، لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری.
رێکخراوی سی پی تی بڵاوی کردەوە، سوپای تورکیا هێرشەکانی بەتەواوەتی ڕاگرتووە، بەڵام بەردەوامە لە بنیاتنانی بارەگای سەربازی نوێ لەسەر چیای مەتینا، دروستکردنی ڕێگای سەربازی لە نێوان بنکە و بارەگاکانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لە سنوری قەزای ئامێدی و وێرانکردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی زاپ و گواستنەوەیان بۆ ناو تورکیا.
لەبەرامبەردا، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرباری دەستبەرنەدان لە چەک، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ڕێڕەوی ژێرزەمینین لە ناوچەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆس.
بەپێی راپۆرتەکە، لە یەکی ئادار تا (30ـی حوزەیرانی 2025) سوپای تورکیا، 1390هێرش و بۆردوومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابوو. لەکاتێکدا لە یەکی تەمموزەوە تا 30ـی ئەیلوول، سوپای تورکیا تەنیا 34 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: سەرباری ڕاگرتنی بۆردوومانەکان، گوندنشینانی گوندەکانی بەری گارێ نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان. گوندنشینانی دەڤەری نهێلێش، تائێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان. لە مانگی ئابدا، کاتێک گوندنشینانی گوندی (گوهەرزێ) لە دەڤەری نهێلێ ویستیان بچنەوە سەر ڕەز و باخەکانیان، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستبەسەرکران.
تیمی کوردستانی سی پی تی ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا، سوپای تورکیا زیاتر لە 50 خانووی هاووڵاتییانی مەدەنی لە گوندەکانی بەری گارێ بە تەواوەتی خاپور و وێران کردووە.
جیاواز لە جارەکانی ڕابردوو، لە ئێستادا سوپای تورکیا نەک هەر ڕێگا لە نێوان بارەگا سەربازییەکانی لەناو خاکی هەرێمدا دروستدەکات، بەڵکو لە بارەگا سەربازییەکانەوە ڕێگا دەباتە ناو گوندە ئاوەدانەکان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: پڕۆسەی ئاشتی بووەتە مایەی ڕاگرتنی تەواوەتی بۆردوومان و هێرش و پێکدادانی چەکداری، بەڵام لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری و فراوانکردنی هەژموونی سەربازی هەردوولا، بووەتە هۆی لاوازبوونی پڕۆسەکە و هەستیار بوونی دۆخەکە. ئەمەش وایکردووە، تا ئێستا گوندنشینان نەتوانن بگەڕێنەوە ناو گوند و ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و کاریگەری جەنگیان بەسەرەوە بمێنێتەوە.