هێرش و گەمارۆ لە حەلەب؛ هێزەکانى سوریا هێرشیان کرد و دوو ئەندامى هێزەکانى ئاسایش برینداربوون

#حەلەب
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 4 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانى سوریا هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەش لە حەلەب و لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو ئەندامی ئاسایش (هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) بە سەختی برینداربوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.
Primary Asset

سبەى

هێزەکانى سەر بەسوریا هێرشیانکردە سەر خاڵێکى پشکنین لە گەڕەکى ئەشرەفییەى کوردنشین لە حەلەب و بەهۆیەوە دوو ئەندامى هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ بەسەختى برینداربوون، لەگەڵ بەردەوامى گەمارۆى ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە.

روانگەى سورى بۆ مافى مرۆڤ بڵاویکردەوە، هێزەکانى سوریا هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هاوبەش لە حەلەب و لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو ئەندامی ئاسایش (هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ) بە سەختی برینداربوون و بۆ وەرگرتنی چارەسەر گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

شەوى شەشى تشرینى یەکەم لە دوو گەڕە کوردنشینەکەى حەلەب پێکدادان لەنێوان هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆى ئیدارەى خۆسەر و ئاسایشى سوریادا روویدا، بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و دوو ئەندامى هێزەکانى سوریا و هاوڵاتییەک کوژران.

لەدواى ئەو رووداوانەوە، تۆڕەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان پچڕاون، بەمەش ناوچەکە زیاتر دابڕاوە و پەیوەندی لەگەڵ دانیشتووانەکەیدا قورستر کردووە.

گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە خۆجێییەکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەردایە، هاوکات هێزەکانی حکومەت کۆنتڕۆڵی دەروازەکانی چوونە ژوورەوە دەکەن.

 بەگوێرەی سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، گرژییە ناوخۆییەکانی نێوان ئەو هێزانە بووە هۆی کشانەوەی کارمەندانی ئاسایشی گشتی لە هەندێک خاڵی پشکنین.

لە ئێستادا ئارامیەکی سنوردار لە هەردوو گەڕەکەکەدا زاڵە، لە کاتێکدا ترسی دانیشتووان لە دووبارەبوونەوەی پێکدادانەکان هەیە. 

هەروەها لە ئێوارەی ٦ی تشرینى یەکەمەوە شاری ڕەقە، کۆبانی، حەسەکە، قامیشلۆ و عامودا، ناڕەزایەتی بەرفراوان بەخۆوە دەبینێت دژى گەمارۆدانى هەردوو گەڕەکى شێخ مەقسود و ئەشرەفییەى کوردنشین لە حەلەب.

دواى پێکدادانەکەى شەوى شەشى تشرینى یەکەم، مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە و شاندێکى ئیدارەى خۆسەر گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى سوریا کۆبوونەوە.

دواى کۆبوونەوەکە، وەزیری بەرگری سوریا رێککەوتنێکی لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.

هێزەکانى سەر بە سوریا لەماوەى نزیکەى حەوت مانگدا 122 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى هەسەدە، وتەبێژى (هەسەدە)ش جەختدەکاتەوە بەرانبەر ئەو هێرشانە بێدەنگ نابن.

فەرهاد شامى وتەبێژى هەسەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى روناهى رۆژئاواى کوردستان پێشتر رایگەیاندبوو، لەدواى رێککەوتنى 10ى ئازار، هێزەکانى سەر بە دیمەشق 122 جار هێرشی جۆراوجۆریان کردووەتە سەر دێر حافر و گەڕە کوردنیشنەکانى حەلەب، کە بەشێکیان لەرێگەى درۆنەوە بوون.

رێککەوتنى 10ى ئازار لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکى کاتى سوریا و مەزڵوم عەبدى فەرماندەى گشتى هەسەدە واژۆکرا، بەڵام هێشتا نەچووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

فەرهاد شامى جەختدەکاتەوە، بەپێی رێککەوتنەکە هەسەدە هێزەکانى لە گەڕەکە کوردنیشنەکانى حەلەب کشاندەوە، بەڵام ئەوە بەماناى ئەوە نییە بێدەنگ بن بەرانبەر هێرشەکانى دیمەشق و وەڵامى دەدەنەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی