سبەى-هانا مەحمود
زیاتر لە هەزار پڕۆژە لە هەرێمى کوردستان کارکردن تێیاندا دەوەستێنرێن بەهۆى بڕیارێکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بۆ راگرتنى خەرجى و بودجەى پڕۆژەکان تا کۆتایی ئەمساڵ، ئەوەش بەڵێندەرانى نیگەران کردووە.
لەکۆبوونەوەى رۆژى 15ى تشرینى یەکەمى 2025، حکومەتى هەرێمى کوردستان چەند بڕیارێکى بۆ کەمکردنەوەى خەرجییەکان دەرکرد، لەناویاندا راگرتنى خەرجى و بودجەى پڕۆژەکان تا کۆتایی ئەمساڵ.
ئالان کەریم سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتى بەڵێندەران بە “سبەى” راگەیاند "ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی پەکخستنى پرۆژەکان و چاوەڕێین تا وردەکاریی بڵاودەکرێتەوە و ڕێکاری پێویست دەگرینەبەر، سەرجەم بەڵێندەران بەهۆی ئەم بریارەوە زیانیان بەردەکەوێت و زیاتر لە 1000 پرۆژەش دەوەستن".
لاى خۆیەوە، لوقمان ئەحمەد ، ئەندامی دەستەی کارگێری یەکێتی بەڵێندەرانی سلێمانی باس لەوە دەکات ئەم بریارە بە گشتی کاریگەری خراپی هەیە و دەبێتە هۆی وەستانی تەواوی پرۆژەکان و زەرەردمەند بوونی بەڵێندەران و ناتوانن پڕۆژەکان وەک پێویست تەواو بکەن.
ئاماژەشی بەوەدا ''تاکە ڕێگەی ئێمە ئەوەیە نوسراومان بەرز کردووەتەوە بۆ حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار تا یارمەتیمان بدەن بۆ تەواوکردنى پڕۆژەکان''.
راگرتنى خەرجى پڕۆژەکان لەکاتێکدایە، لە 3ى ئابى ئەمساڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان رەزامەندى نیشاندا لەسەر گواستنەوەى بودجەى جێبەجێکردنى زیاتر لە 200 پرۆژە لە شیرینى نەوت و پترۆدۆلارەوە بۆ سەر بودجەى وەبەرهێنان، بە ئامانجى ئەوەى ئەو پرۆژانە دواى زیاتر لە 10 ساڵ لە راگرتنیان کارکردن تێیاندا دەستپێبکاتەوە.
ژین عەبدوڵا وتەبێژی لقی سلێمانی یەکێتى بەڵێندەران بە “سبەى” راگەیاند ''ئێمە لە 2014وە لە چاوەڕوانیداین بۆئەوەی پارەی بەڵێندەران خەرج بکرێت و دوێنێش لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە بریاردراوە تەمویلی سەرجەم رۆژە بەردەوامەکان بوەستێت و ناتوانن بە چەک پارە وەربگرن''.
وتیشى ''بەهۆی ئەمەوە 200 بۆ 300 پرۆژەی بەردەوام و 1000 پرۆژەی ساڵانی پێشوو رادەگیرێن و نازانین ئایا بڕیارەکە ئەو پڕۆژانەش دەگرێتەوە و کە پێش دەرچوونى بڕیارەکە کارکردن تێیاندا بەردەوام بووە یاخود نا''.
لەکۆى زیاتر لە هەزار پڕۆژە کە بەهۆی بڕیارەکەوە رادەگیرێن، زیاتر لە 200 پڕۆژەیان زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆى دابیننەکردنى بودجەوە کارکردن تێیاندا وەستاوە و تەواونەکراون. ئەوەش بەپێی ئامارەکانى یەکێتى بەڵێندەرانى کوردستان.
پڕۆژەکان لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستانن، رێگاوبان، قوتابخانە و نەخۆشخانە و زۆربەى سێکتەرە جیاجیاکان لە خۆدەگرن.