ژاپۆن بە خێرایی لە گۆڕاندایە و خۆى بۆ جەنگ ئامادە دەکات

#ژاپۆن#
16 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهادین عەلی
پوختە :
  • ژاپۆن پەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە، کە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە درێژ بووبووەوە و بە "دەستووری ئاشتی" سنووردار کرابوو، بە تایبەتی لە مادەی نۆیەمدا، مەرجی ئەوە بوو "نەتەوەی ژاپۆن بۆ هەمیشە دەستبەرداری جەنگ دەبێت ". ئەم سنووردارکردنانە بەو مانایە بوو، تۆکیۆ لە پەرەپێدانی چەکی هێرشبەری ئاشکرا، وەک مووشەکی بالیستی یان بۆمب هاوێژی ستراتیجی خۆی بپارێزێت.
Primary Asset

سبەى

"پەیمانی بەرگریمان لەگەڵ ژاپۆن هەیە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ژاپۆن، جەنگ دەکەین. ئەگەر هێرش بکرێتە سەر ئەمەریکا؟ ژاپۆنییەکان هیچ ناکەن، تەنها لە تەلەفزیۆنی سۆنی سەیری دەکەن." دۆناڵد ترەمپ لە حوزەیرانی 2019 ئەمەى راگەیاند.

ئەو قسانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە خولی یەکەمی خۆیدا و لە پەراوێزی لوتکەی گروپی 20، کە شاری ئۆساکای ژاپۆن میوانداری کرد. تەنیا گاڵتەیەکی تێپەڕ نەبوو. بۆ ژاپۆنییەکان، ئەو دەستەواژەیە؛ گریمانەیەکی ئاشکراکرد کە لە ساڵی 1947ەوە بەردەوام بوو: چەتری پاراستنی ئەمەریکا هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە.

ئەووتانەى سەرۆکی ئەمەریکا کە لە دڵی خاکی ژاپۆنەوە بیسترا، بانگەوازێک بوو بۆ دووبارە بیرکردنەوە لەو رێکخستنە ئەمنییانەی زیاتر لە حەوت دەیەیە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی بەڕێوەبردووە.

دوای دەیان ساڵ لە پابەندبوونی توند بە چەکی "بەرگری تەواو"، تۆکیۆ ناچار بوو پایەکانی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی هەڵبسەنگێنێتەوە، نەک وەک ئامڕازێکی پاراستنی لەلایەن ئەمەریکاوە، بەڵکو وەک زلهێزێک لە بەرامبەر پەرەسەندنی هەڕەشەکانی کۆریای باکوور و چین.

ئەم گۆڕانکارییە لە چوارچێوەی ستراتیجییەکی نوێی ئاسایشی نیشتمانیدا هات، کە هێرشە مووشەکییەکانی بە "مەترسییەکی گەورە" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە، پەرەپێدانی توانای دەستپێکردنی هێرشی پێشوەختە دژی خاڵەکانی هەڵدانی مووشەک، بووەتە رێوشوێنێکی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی کەمترین ئاستی پاراستن.

بەم راگەیاندنە، ژاپۆن پەڕەیەکی نوێی هەڵدایەوە، کە لە کۆتایی جەنگی جیهانی دووەمەوە درێژ بووبووەوە و بە "دەستووری ئاشتی" سنووردار کرابوو، بە تایبەتی لە مادەی نۆیەمدا، مەرجی ئەوە بوو "نەتەوەی ژاپۆن بۆ هەمیشە دەستبەرداری جەنگ دەبێت ". ئەم سنووردارکردنانە بەو مانایە بوو، تۆکیۆ لە پەرەپێدانی چەکی هێرشبەری ئاشکرا، وەک مووشەکی بالیستی یان بۆمب هاوێژی ستراتیجی خۆی بپارێزێت.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە، ئەم گۆڕانکارییە تەنیا لە بواری سیاسی و ئەمنیدا سنووردار نییە؛ بەڵکو هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکاری لە هەستی جەماوەری لەناو ژاپۆنییەکاندا. راپرسییەکی ئەم دواییە دەریدەخات، نزیکەی 60%ی ژاپۆنییەکان ئێستا پشتگیری لە توانای "بەرپەرچدانەوە" دەکەن، ئاستێک لە پشتیوانیکردن، کە تەنها دە ساڵ لەمەوبەر بیری لێنەدەکرایەوە.

تایپ 12؛ مەودای درێژتر، شوێنپێی بچووکتر

ئەنجامدانی " دژە هێرش " پێویستی بە ئامرازی هێرشبەری ورد هەیە، کە توانای چوونە ناو قووڵایی ناوەوەی دوژمنی هەبێت. بۆ بەدیهێنانی ئەمە، ژاپۆن لە ماوەی دەیەی ئێستادا وەبەرهێنانی بەرچاوی بۆ دروستکردن و مۆدێرنکردنی جبەخانەکەی تەرخانکردووە، چ لە ڕێگەی پڕۆژەکانی گەشەپێدانی ناوخۆیی، یان لە رێگەی هاوبەشی چەک لەگەڵ هاوپەیمانەکانی.

یەکێک لە دیارترین ئەو پڕۆژانە بریتییە لە پەرەپێدانی وەشانی مووشەکی تایپ 12، کە مووشەکێکی دژە کەشتییە و لەلایەن کۆمپانیای میتسوبیشی هێڤی ئیندستریزی ژاپۆنی بەرهەم هێنراوە. لە سەرەتادا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەی دەریایی مەودای کورت بەکارهاتووە (نزیکەی 200 کیلۆمەتر). بەڵام دواتر مەودای بۆ نزیکەی 900 کیلۆمەتر زیادکرا، ئەمەش رێگەی پێدەدات زۆربەی کۆریای باکوور و بەشێکی گەورەی کەنارەکانی چین بگرێتەوە، کاتێک لە بنکە وشکانییەکانی دوورگەی کیوشو یان دوورگەکانی باشووری ژاپۆنەوە هەڵدەدرێت.

بەپێی ئاژانسی تەکنەلۆژیا و لۆجستی،  تایپ-12 بە شێوەیەک دیزاین کراوە، کە لە چەندان سەکۆوە هەڵبدرێت، ئەمەش نەرمییەکی زۆری پێدەبەخشێت و توانای ئەنجامدانی ئەرکی هێرشبەری لە دەرەوەی هەڵدانی زەمینی باو پێدەبەخشێت.

پرۆگرامی هایپەرسۆنیکی ژاپۆنی

ژاپۆن لە ساڵی 2018 دەستیکردووە بە پەرەپێدانی سیستەمی موشەکی گلاید هایپەرسۆنیک (HVGP). ئەم سیستمە هێرشبەرە مووشەکییە سەر بە پۆلی چەکی هایپەرسۆنیکە، کە بە خێرایی زیاتر لە پێنج هێندەی خێرایی دەنگ (Mach 5) دەڕوات، ئەمەش کاتێکی فڕینی زۆر کورت و توانای زیاتری پێدەبەخشێت بۆ تێپەڕاندنی بەرگرییەکانی دوژمن.

بە پێچەوانەی موشەکی بالیستیکی ئاسایی، کە رێڕەوێکی دیاریکراو و پێشبینیکراو پەیڕەو دەکەن، موشەکی گلاید توانای مانۆڕکردنیان هەیە لەناو بەرگەهەوادا لە کاتی فڕیندا. ئەمەش وا دەکات دیاریکردنی رێڕەوەکەی و رێگریکردنیان قورس بێت، چونکە مووشەکەکە دەتوانێت لە ساتەوەختە گرنگەکاندا ئاراستە و بەرزی بگۆڕێت، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو رادار و سیستمی رێگریکردن سەرلێشێواو دەکات.

ژاپۆن یەکەم تاقیکردنەوەی  سیستمەکەی لە ساڵی 2024دا ئەنجامدا، هاوتەریب لەگەڵ دامەزراندنی دوو کەتیبەی تایبەتمەند بۆ بەڕێوەبردنی: یەکێکیان لە کیوشو بۆ دەستەبەرکردنی بەرەی باشوور و رۆژئاوا لە دژی چین و کۆریای باکوور، ئەوی دیکەیان لە هۆکایدۆ بۆ بەهێزکردنی بەرگرییەکانی باکوور.

هەڵبژاردنی ئەم دوو دوورگەیە رەنگدانەوەی رەهەندی ستراتیجی جوگرافیای پرۆگرامەکەیە. کیوشو یەکێکە لە دوورگە سەرەکییەکانی ژاپۆن و نزیکە لە دەریای رۆژهەڵاتی چین و نیمچە دوورگەی کۆریا، ئەمەش شوێنێکی گونجاوی بۆ دابین دەکات، بۆ داپۆشینی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری لە باشوور و رۆژئاواوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆکیۆ وەشانێکی سەرەتایی سیستمەکەی تەواوکردووە، کە مەودای 500-900 کیلۆمەتر دەبێت، بە ئامانجی خستنە بواری جێبەجێکردنەوە لەمساڵدا. ئەم مۆدێلە بە سووتەمەنی رەق کاردەکات، کە موشەکەکە بەرەو بەرزاییە بەرزەکان دەبات، پێش ئەوەی دەست بکات بە خلیسکان بەرەو ئامانجەکەی لەناو بەرگەهەوادا.

"بەرپەرچدانەوە" دژی هێزی ئەتۆمی؟

پێداگری ژاپۆن لەسەر خێراکردنی بەدەستهێنانی توانای مووشەکی هایپەرسۆنیک، دەرخەری هۆشیاری قووڵی ئەو وڵاتەیە، لە ناتەواوی جبەخانەی ئێستای بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی هەر ململانێیەکی بەرفراوانی ناوچەیی، بەتایبەتی لەگەڵ چین.

تۆکیۆ پێی وایە، کە خاوەندارێتی مووشەکی هایپەرسۆنیک، بە خێرایی و توانای مانۆڕکردنی زۆریانەوە، ئامرازێکی گرنگ پێکدەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەنرخەکان، چ لەناو چین و چ لە دژی جبەخانەی ئەتۆمی کۆریای باکوور، بەمەش کاریگەری ستراتیجی بەرپەرچدانەوەی ژاپۆن بەرز دەکاتەوە.

بەڵام ئەم کاریگەرییە بەهۆی  تواناکانی کۆریای باکوورەوە رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە. پیۆنگ یانگ خاوەنی جبەخانەی ئەتۆمییە، کە بەسەر وشکانی و دەریاییەکان دابەشکراوە، لەوانەش مووشەکی بالیستی مەودای کورت، مامناوەند و دوور، جگە لە سیستمی هەڵدانی دەریایی و مووشەکی سووتەمەنی رەق. پلاتفۆرمە گەڕۆکەکان و ژێردەریاییە بالیستییەکان توانای مانۆڕکردنی بەرز دابین دەکەن، لە کاتێکدا موشەکە سووتەمەنی رەقەکان، کاتەکانی ئامادەکاری لە کاتژمێرەکانەوە بۆ خولەک کەم دەکەنەوە.

ماساشی مورانۆ، توێژەر لە پەیمانگای هادسۆن دەڵێت، پلانەکانی ژاپۆن تەنیا پشت بە سیستمی مووشەکی ئاسایی دەبەستێت، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی چەکی ئەتۆمی. ئەمەش وا دەکات بەدەستهێنانی رێگرییەکی کاریگەر لە دژی نەیارێکی چەکداری ئەتۆمی، وەک چین یان کۆریای باکوور، زۆر قورس بێت، تەنانەت بە پێشکەوتنی بەرچاو لە تەکنەلۆجیای هەواڵگری، چاودێری، سیخوڕی، ئامانجکردن و رێنمایی ورد.

ململانێ لەگەڵ کەلێنی ئامادەیی

جگە لە سەروەت و سامانی ئەتۆمی، چین خاوەنی جبەخانەی مووشەکی گەورەیە، کە زۆربەی رۆژهەڵاتی ئاسیا و زەریای هێمن دەگرێتەوە. لە بەرامبەر ئەم ناهاوسەنگییە پەرەسەندنەی هێزدا، ژاپۆن پشت بە هێرشی مووشەکی دوور مەودا دەبەستێت بۆ تێکدانی توانای نەیارەکانی.

چین دژایەتی خۆی بۆ جێگیرکردنی مووشەکی دوور مەودای ژاپۆن لە کیوشو دەربڕی و هۆشداریشی داوە لە کاریگەرییە ناسەقامگیرکەرەکانیان. هەروەها دانانی ئەم مووشەکانە لە دوورگەکانی باشووردا، لە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەدا، دەیانکاتە ئامانجی پێشوەختە. ئەمەش نیگەرانی کۆمەڵگا ناوخۆییەکان دروست دەکات، کە ترسیان هەیە ناوچەکانیان ببێتە هێڵی پێشەوەی ململانێکان و داوای گەرەنتی ئەمنی و سیستمی بەرگری دژە مووشەکی لە نزیک شوێنەکانی هەڵدانی مووشەک دەکەن وەک مەرجێک بۆ قبوڵکردنیان.

جگە لەوەش پلانە مووشەکییەکانی ژاپۆن، رووبەڕووی ئاستەنگی دیکەی ناوخۆیی دەبنەوە، دیارترینیان ئەوەیە، کە پرۆگرامەکانی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، پێویستی بە ساڵانی زیاترە پێش ئەوەی بچنە خزمەتەوە. 

ئەم دواکەوتنە وایکردووە تۆکیۆ پەنا بباتە بەر گرێبەستی چەکی بیانی بۆ خێراکردنی کەمیی چەک. بەڵام ئەم گرێبەستانە رووبەڕووی بەربەست دەبنەوە. وەک دواکەوتنی گەیاندنی هەندێک سیستم.بەپێی زانیارییەکان، تۆکیۆ گرێبەستێکی بە بڕی 1.7 ملیار دۆلار واژۆ کردووە، بۆ کڕینی 400 مووشەکی کروزی تۆماهۆک بلۆک 5ی ئەمەریکی. بەڵام خواستی بۆ خێراکردنی بەدەستهێنانی ئەم توانایە، نەک چاوەڕێی وەشانی نوێتر، وایکردووە چەندان مووشەکی کۆنتری بلۆک-٤ بخاتە نێو گرێبەستەکەوە.

جگە لەوەش، تۆکیۆ بەدوای بەدەستهێنانی مووشەکی دوور مەودای JASSM-ERی ئەمەریکییە، کە مووشەکێکی رێنمایی کراوە و دەتوانرێت لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکاوە هەڵبدرێت وەک F-35. و F-15، لەگەڵ توانای گونجاندن بۆ هەڵدانی لە فڕۆکەی گواستنەوەی کاوازاکی C-2 یان فڕۆکە جەنگییەکانی Mitsubishi F-2 ی ژاپۆنی.

لە دەرەوەی توانا سەربازییە تەکنیکییەکان، خودی دیمەنی گۆڕانکاری سەربازی لە ژاپۆن واتایەکی تایبەتی خۆی هەیە، کە ئاماژە بە جیهانێک دەکات، کە خۆی چەکدار دەکات و چاوەڕێی جەنگە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی