جەواد زەریف: روسیا ناهێڵێت ئێران پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ جیهان هەبێت

#روسیا#ئێران#جەواد زەریف#سێرگێ لاڤرۆڤ
10 کاتژمێر لەمەوپێش
هێمن مەحمود
پوختە :
  • وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیران روسیا تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگری دەکات لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و رۆژئاوا
  • جەواد زەریف: سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا هەوڵی جێگیرکردنی میکانیزمی سناپ باکی داوە
  • سێرگی لاڤرۆڤ: جەواد زەریف هۆکاری سەرەکی جێگیرکردنی میکانیزمی سناپ باکە
  • جەواد زەریف: روسیا دەیهەوێت ئێران لەگەڵ رۆژئاوا لە دۆخی شەڕ و ئاشتی دا بمێنێتەوە
Primary Asset

سبەی

 

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران روسیای تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێگە نادات تاران پەیوەندییەکی ئاسایی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا هەبێت. دەشڵێت"ستراتیژی مۆسکۆ ئەوەیە تاران لە دۆخی شەڕ و ئاشتی لەگەڵ جیهان بمێنێتەوە".

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران وەڵامی بانگەشەکانی سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیای دایەوە کە تۆمەتباری کردبوو بەوەی یەکەمجار بیرۆکەی گەڕاندنەوەی ئۆتۆماتیکی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (سناپ باک) لە ڕێککەوتنی ساڵی 2015ـی ئێران لەگەڵ وڵاتانی (1+5) لەلایەن جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران بووە.

زەریف ئەو بانگەشەیەی لاڤرۆڤ بە توندی رەتدەکاتەوە دەڵێت: ئەو میکانیزمە نەک تەنها لە ڕۆژانی کۆتایی دانوستانەکاندا نەهاتە بەر باس و لە ئەنجامی گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و ئەمەریکاش نەبووە، بەڵکوو پێشنیازێک بووە کە لە لایەن روسیا و فەڕەنسا پێشکەش کرا بۆ پاراستنی بڕیارنامەکانی ڕابردووی ئەنجوومەنی ئاسایش کە ئێران زۆر هەوڵی دەدا لێیان ڕزگار بێت.

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران ڕوونیشی کردەوە کە لە کاتی دانوستانەکاندا، لاڤرۆڤ پێشنیازی ڕاگرتنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی لە دژی ئێران بە شێوەیەکی کاتی و هەر شەش مانگ جارێک پێشکەش کرد، ئەگەر ئەم پێشنیارە ئەو کات لە ڕێککەوتنەکەدا جێگیر بوایە ئەوا ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی 5+1 زۆر زووتر کۆتایی پێدەهات.

زەریف دەشڵێت: "لە ساڵی 2020 کە ئەمەریکا ویستی سناپباک جێبەجێ بکات، 13 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش دژی وەستانەوە و روسیا و چینیش لە پاڵ ئێران وەستان، بە پێچەوانەی سەردەمی ئەحمەدی نەژاد، کە مۆسکۆ دەنگی بە هەموو بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دژی ئێران دا و تەنانەت تاران چووە بەشی حەوتەمی ئەنجومەنی ئاسایش".

وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران باسی لە هەڵسوکەوتەوکانی پێشووی روسیا کرد دژی ئێران و ئاشکرای کرد کە  لە ڕابردوودا روسیا ڕێگریی لە ئەندامێتی ئێران لە ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای کردووە و بەگوێرەی بەڵگەنامەکان لاڤرۆڤ لە دانوستانەکاندا پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە "مافی ڤیتۆی روسیا" بپارێزرێت و لە هەمان کاتدا دژی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران نەبووە. 

جودا زەریف لە بەشێکی دیکەدا باس لە ئاشکراکردنی چەندین رووداوی نهێنی دەکات لە لایەن روسیا و دەشڵێت: روسەکان چەندین جار زانیاری هەستیاریان ئاشکرا کردووە، لەوانە سەردانی ژەنەڕاڵ قاسمی سولەیمانی بۆ مۆسکۆ و ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیا".

زەریف هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا باوەڕی بە پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ روسیا و چین هەیە، بەڵام ئەوان هەرگیز هیچ شتێک بۆ بەرژەوەندییەکانی ئێران ناکەن. 

زەریف دەشڵێت: روسیا دوو هێڵی سووری هەیە لەوانەش ئێران نابێت پەیوەندیی ئاسایی لەگەڵ جیهاندا هەبێت و هاوکات نابێت بگاتە ململانێی ڕاستەوخۆ لەگەڵ جیهان و ستراتیژی مۆسکۆ ئەوەیە ئێران لە دۆخی شەڕ و ئاشتی لەگەڵ رۆژئاوا بمێنێتەوە.

 

سێرگی لاڤرۆڤ: سناپباک دروستکراوی زەریف بوو

لێدوانەکەی  محەمەدە جواد زەریف وەزیر دەرەوەی پێشووی ئێران دوای ئەوە هات کە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیا عەرەبییەکان بانگەشەی ئەوەی کرد کە "میکانیزمی دەستپێکردنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران (سناپباک) بیرۆکەی محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئێران بووە و مۆسکۆش "سەرسام بووە" بەم بڕیارە.

 بە گوتەی لاڤرۆڤ  لە قۆناغە کۆتاییەکانی دانوستانەکانی 2015، زەریف و جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لەسەر ئەم بڕگەیە ڕێککەوتن و ئەندامانی دیکەی گرووپی 1+5 تەنیا "چاودێر" بوون.

 لاڤرۆڤ ئەم بڕگەیەی بە "تەڵەی یاسایی" ناوبرد کە ڕێگە بە هەر ئەندامێکی ڕێککەوتنەکە دەدات بە شێوەیەکی تاکلایەنە گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاک بکات و هیچ میکانیزمێکی خۆپارێزی بۆ ئەوە نییە. ئاماژەی بەوەکرد، روسیا پێی وا بوو ئێران هەرگیز ئەو ڕێککەوتنە پێشێل ناکات و بەو هۆیەشەوە دژایەتی ئەم فۆرمولەکردنە نەکردووە. 

بە گوتەی لاڤرۆڤ، ئەمەریکا دوای کشانەوەی لە ڕێکەوتنەکە، هەمان ئەم میکانیزمەی بەکارهێنا بۆ ئەوەی نمایشێکی "نایاسایی" بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدات. 

لاڤرۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە بڕیار لەسەر ڕێککەوتننامەی 2015 لە کۆتاییدا لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا دراوە و روسیا هەمیشە پشتگیریی لە ڕێککەوتنەکە و بڕیارنامەی 2231 کردووە.

 لە وەڵامی ئەو لێدوانانەی سەبارەت بە ڕۆڵی تێکدەرانەی روسیا لە پرۆسەی بوژاندنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران داروە، لاڤرۆڤ وتی: "مۆسکۆ هەرگیز لە هەڵوێستی خۆی لە پشتیوانیکردن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پاشەکشەی نەکردووە."

 

وێندی شێرمان: سناپباک بیرۆکەی لاڤرۆڤ بوو

لە بەرامبەردا وێندی شێرمان، جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و دانوستانکاری باڵای واشنتن لە دانوستانەکانی ساڵی 2015، چیرۆکێکی تەواو جیاوازی هەیە و دەڵێت" لاڤرۆڤ داهێنەری سەرەکی میکانیزمی سناپباک بووە."

بە گوتەی ئەم ئەندامەی تیمی دانوستانکاری ئەمەریکی "لە کۆتایی دانوستانەکاندا، ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی گەڕاندنەوەی سزاکان پەرەی سەندبوو؛ وڵاتانی 1+5 نەیاندەویست جارێکی دیکە بە پرۆسەی درێژخایەنی پەسەندکردنی بڕیارنامەی سزاکاندا تێپەڕن و روسیاش نەیدەویست دەسەڵاتی ڤیتۆی خۆی لەدەست بدات."

ئەو ئەندامەی باڵایەی پێسووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەشڵێت: لاڤرۆڤ لە کۆتاییدا چارەسەرێکی پێشنیاز کرد، بەپێی ئەو چارەسەرە، ئەگەر هەر یەکێک لە ئەندامانی گروپی 5+1 دیاریکرد کە ئێران ڕێککەوتنەکە پێشێل دەکات، دەتوانێت داوای دەنگدان لە ئەنجومەنی ئاسایشدا بکات و ڕەشنووسی بڕیارنامەیەک دابڕێژرێت بۆ ئەوەی "بەردەوام بێت لە هەڵگرتنی سزاکان"، هەر وڵاتێک دەتوانێت ڤیتۆی لەسەر بکات، بەم شێوەیە هەم دەسەڵاتی ڤیتۆی وڵاتەکەی دەپارێزرێت و هەم ئەمەریکا دەتوانێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە سزاکان بگەڕێنێتەوە، بەم شێوەیە هاوتەریب بەرژەوەندییەکانی روسیا و داخوازییەکانی رۆژئاوا دەپارێزرا و گەمارۆکانیش بەیەکجاری هەڵنەدەگیرا بەڵکوو هەڵدەپەسێردرا.

 

 

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی