ساڵێكە هەڵبژاردن كراوە؛ بارزانی: ئومێدەوارین حكومەتی هەرێم پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكبێت

#هەرێمی کوردستان#هەڵبژاردن#پەرلەمان#بارزانی#تاڵەبانی#عێراق
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • 20-10-2025 ساڵێكی تەواوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام تائێستا نە سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاریكراوە و نە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێكهاتووە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "ئومێدەوارین حكومەتی هەرێمی كوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكبێت".
  • مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی ئاینی، سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان رایگەیاند:" ئومێدەوارین حكومەتی كوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكبێت، كاری جیدیش بۆ ئەوە دەكرێت".
Primary Asset

مەسعود بارزانی

سبەی

20-10-2025 ساڵێكی تەواوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە، بەڵام تائێستا نە سەرۆكایەتی پەرلەمان دیاریكراوە و نە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێكهاتووە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت "ئومێدەوارین حكومەتی هەرێمی كوردستان پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكبێت".

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی دیدارێكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی ئاینی، سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی كوردستان رایگەیاند:" ئومێدەوارین حكومەتی كوردستان پێش ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێكبێت، كاری جیدیش بۆ ئەوە دەكرێت".

وتەكانی بارزانی لەكاتێكدایە پێشتریش چەند جارێك بۆ ئەو مەبەستە داوای پێكهێنانی حكومەتی كردووە، لەسەر ئاستی باڵاش لەگەڵ یەكێتی كۆبۆتەوە.

نزیكەی ساڵێكە پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردراوە، بەڵام ئەندامەكانی تائێستا یەك دانیشتنی سوێندخواردنیان ئەنجامداوە و مووچە و شایستەكانیشیان وەردەگرن، لەكاتێكدا نە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی هەڵبژێردراوە و نە كابینەی نوێی حكومەتیش لەلایەن پەرلەمانەوە راسپێردراوە، هەرچەندە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی چەندین جار جەختیان كردۆتەوە "پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كابینەی نوێ پێكدەهێنن".

پەككەوتنی پەرلەمان 

تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت لەكاتێكدایە، ماوەی سێ ساڵە پەرلەمانی كوردستان بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق پەكیكەوتووە. دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لەوبارەیەوە دەڵێت " پچڕانێكی وەها درێژخایەن لە دانیشتنەكانی پەرلەماندا، هیچ بیانوێكی تر بەخۆوە ناگرێت، كە بۆتە مایەی پێشێلكردنی پرەنسیپەكانی دیموكراسی و ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی بەواقیعی پوچەڵ كردۆتەوە، پرۆسەی یاسادانانی تێكداوە، چاودێری بەسەر حكومەتەوە نەهێشتووە، دامەزراوە فەرمی و یاساییەكانی پەكخستووە. بە كورتی متمانەی گشتی شێواندووە كە هاووڵاتیان باوەڕیان بە سیستەمەكە لەدەست داوە".

دوای نزیكەی ساڵێك لە هەڵبژاردن و ئەنجامدانی چەندین كۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا و شاندەكانی پێكهێنانی حكومەت، هێشتا ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بە چارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.

بافڵ تاڵەبانی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ بارزانی دڵنیایدا كە حكومەت دوادەكەوێت

بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی رۆژی دووشەممە لە دەستپێكی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەیدا دڵنیاییدا كە پێكهێنانی حكومەت هەر دوادەكەوێت تا ئەو كاتەی قەناعەت نەكات بە پۆستەكان و رێككەوتنی نێوان لایەنەكان لەو بارەیەوە كە ئەم حكومەتە جیاواز دەبێت لە حكومەتەكانی پێشوو.

قسەكانی بافڵ تاڵەبانی دوای زیاتر لە هەفتەیەك هات لە كۆبوونەوەی لوتكەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی كە دواتر كۆبوونەوەی باڵای هەردوو حزبیشی بەدوادا هات، بۆ تاوتوێكردنی پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەت.

نێچیرڤان بارزانی باوەڕناكات پێش هەڵبژاردن حكومەت پێكبێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتییە، رۆژی چوارشەممە لەدیداری مێری وتی كە باوەڕناكات پێش هەڵبژاردن كابینەی نوێ پێكبهێنرێت.

بەربەستە سەرەكییەكە

بەپێی زانیارییەكانی “سبەی”، پۆستی وەزارەتی ناوخۆ وەك یەكێك لە بەربەستە سەرەكییەكانی دانوستانەكان ماوەتەوە، یەكێتی جەخت لە وەرگرتنی ئەو پۆستە دەكاتەوە و پارتیش ئامادە نییە دەستبەرداریی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی پێشنیازێكی جێگرەوەی پێشكەش كردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی هەرێم لەجیاتی وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام پارتی رەزامەندی نەداوە.

بێ ئەنجامی دانوستانەكان لەكاتێكدایە، 11ی مانگی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و بەپێی سەرچاوەكان پێدەچێت پێكهێنانی حكومەت بكەوێتە دوای هەڵبژاردن و پۆستەكانی هەرێم و بەغداد بەیەك پاكێج دانوستانیان لەسەر بكرێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی