سبەی
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای فشار لەسەر حکومەتی ئێران دەکات بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی "ترسناک و بێ وێنەی" لەسێدارەدان. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بە تێکرا ڕۆژانە چوار کەس لەسێدارە دەدرێن ئەوەش لە ماوەی 35 ساڵی رابردوو لە ئێران بێ وێنە بووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی کە ڕێکخراوێکی ناحکومییە و چاودێری پرسەکانی مافی مرۆڤ دەکات، پێش پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوەکان یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدان لەو وڵاتە.
بە گوێرەی لێبوردنی نێودەوڵەتی شەپۆلی لەسێدارەدان لە ئێران لە ماوەی 35 ساڵدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی. لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە، بە تێکرا ڕۆژانە چوار کەس لە ئێران لەسێدارە دەدرێن.
حسێن باومی جێگری بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا، رایگەیاندووە: وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە هەنگاوی بەپەلە لە بەرامبەر شەپۆلی بێ وێنەی لەسێدارەدان لە ئێران بگرنەبەر.
دەشڵێت: "لە دوای شۆڕشی ژینا ئەمینی لە ساڵی 2022ـەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لە سێدارەدان بەکاردەهێنن بۆ درستکردنی ترس لەناو هاوڵاتیاندا بە جۆرێک ئامارەکانی لەسێدارەدان گەیشتووەتە ئاستێک کە لە ساڵی 1989ـەوە لە ئێراندا هاوشێوەی نەبووە.
ئاماژەی بەوەکردووە، بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بە ڕێژەیەکی ترسناک هەڵکشاوە، ئەوەش بە پێشێلکردنی ئاشکرای پابەندبوونەکانی ئێرانە بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و سزای لەسێدارەدان لە پرۆسەیەکی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و دوای ئەشکەنجە و دانپیدانانی زۆرە ملێ و ئازارێکی زۆر بەسەر تۆمەتبارەکاندا دەسەپێندرێت.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە، داوا لە ئێران بکەن دەستبەجێ لەسێدارەدانەکان ڕابگرێت و سزاکان هەڵبوەشێنێتەوە و چاکسازی لە یاساکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکاندا بکات لەوانەش هەڵگرتنی سزای لەسێدارەدانی تۆمەتبارەکان.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، نەتەوەکان لە ئێران لەوانەش کورد، بەلوچ، عەرەب و ئەفغانییەکان مەترسی لەسێدارەدانیان لە چاو ئەوانی تر زیاترە، هۆشداریش دەدات سەبارەت بە زیادبوونی بەرچاوی لەسێدارەدانەکان لە ئێران لە چەند مانگی ڕابردوودا.
ئەوە لە کاتێکدایە، پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندبوو کە حکومەتی ئێران لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا زیاتر لە هەزار کەسی لەسێدارەداوە.
پێنج ڕاپۆرتدەری تایبەت لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا هۆشدارییان دابوو کە قەبارەی لەسێدارەدان لە ئێران سەرسوڕهێنەرە و پێشێلکارییەکی روونی مافی ژیان نیشان دەدات.
ئاماژەیان بەوەکردووە، نیوەی ئەو لەسێدارەدانانەی تۆمارکراون بۆ تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بووە و بە گوێرەی ئامارەکان لەسێدارەدانی لانیکەم 9 کەس لە رۆژێکدا تۆمار کراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، تا ئێستا ئێران وەڵامی ئەو ئامار و ڕاپۆرتانەی نەداوەتەوە، بەڵام چەندین جار بەرگری لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان کردووە، دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش ڕایانگەیاندووە، سزای لەسێدارەدان تەنها بۆ تاوانی قورس جێبەجێ دەکرێت.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناتوانێ "لەبەرامبەر ئەو جۆرە پێشێلکارییە سیستماتیکیانە بێدەنگ بێت" و وڵاتان "پێویستە هەنگاوی دیپلۆماسی کۆنکرێتی بنێن بۆ فشارخستنە سەر ئێران بۆ ڕاگرتنی شەپۆلی لەسێدارەدان".
کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشتر ڕایگەیاندبوو، زیاتر لە 40%ـی ئەوانەی ئەمساڵ لە ئێران لە سێدارە دراون بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون و ئەوانی دیکەش بە تۆمەتی ئاسایشی لەوانەش تیرۆر و بەغی (شەڕ لەگەڵ خودا لەسەر زەوی) لەسێدارەدراون.
دوای شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، ژمارەیەکی دیکە لە ئێران بە تۆمەتی "سیخوڕی" لە سێدارە دراون و چاودێرانی دۆخی ئێران بەرپرسانی ئێران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە کەشێکی ترس و تۆقاندنیان بۆ پەردەپۆشکردنی لاوازییە ئاشکراکانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا دروست کردووە.
ئەوە لە کاتێکدایە لەماوەی رۆژانی رابردوو بەشێک لە زیندانییەکانی زیندانی قزڵ حەساری تاران لە ناڕەزایەتی دەربڕین دژی شەپۆلێ بێ وێنەی لەسێدارەدان مانیان لە خواردن گرتوە و بەهۆیەوە دۆخی تەندروستی ژمارەیەک زیندانی ناجێگیرە.