ئەبو نەعیم کێیە؟ .. جێگرەوەی سینوار بۆ سەرکردایەتی حەماس و غەززە دیاری دەکرێت

#حەماس#سینوار#ئەبو نەعیم#غەززە
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات، کەسایەتییەک بۆ جێگرتنەوەی یەحیا سینوار بۆ سەرکردایەتی حەماس و قۆناغی داهاتووی غەززە دیاری دەکرێت
  • بەهۆی کوژرانی زۆرینەی سەرکردەکانی حەماس و ئازاد نەکردنی ژمارەیەکی دیکەیانەوە، ئەگەری زۆرە ئەو ئەرکە بە تۆفیق ئەبو نەعیم بسپێردرێت
Primary Asset

یەحیا سینوار و ئەبو نەعیم - ئەرشیف

سبەی

رۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرای دەکات، کەسایەتییەک بۆ جێگرتنەوەی یەحیا سینوار بۆ سەرکردایەتی حەماس و قۆناغی داهاتووی غەززە دیاری دەکرێت، بەهۆی کوژرانی زۆرینەی سەرکردەکانی حەماس و ئازاد نەکردنی ژمارەیەکی دیکەیانەوە، ئەگەری زۆرە ئەو ئەرکە بە تۆفیق ئەبو نەعیم بسپێردرێت.

رۆژنامەی "ئیسرائیل هیوم" بڵاوی کردەوە، تۆفیق ئەبو نەعیم، بەهێزترین بەربژێرە بۆ جێگرتنەوەی یەحیا سینوار بۆ سەرکردایەتی بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە. هەر ئەویش بۆ قۆناغی داهاتووی غەززە و دوای جەنگ ئەرکی پێدەسپێردرێت.

بەپێی زانیاری میدیا ئیسرائیلییەکە، دوای ئەوەی حەماس شکستی هێنا لەوەی هەریەک لە ئیبراهیم حامید، حەسەن سەلامە، عەبدوڵڵا بەرغوسی و عەباس سەید لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکات، لە پرۆسەی گۆڕینەوەی بارمتەکان و دیلەکان. ئێستا حەماس بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت بۆ یەحیا سینوار کە ساڵی رابردوو لە غەززە کوژرا.

بەهێزترین بەربژێر

ئەبو نەعیم، ساڵی 1962 لە کۆمەڵگەی بریج لە کەرتی غەززە لە دایک بووە. بەکالۆریۆس و دکتۆرای لە زانکۆی ئیسلامی غەززە بەدەستهێناوە. ساڵی 1983 پەیوەندی بە شانەیەکی سەر بە ئیخوان موسلیمینەوە کردووە و یەکێک بووە لە خوێندکارەکانی ئەحمەد یاسین.

لەگەڵ یەحیا سینوار و روحی موشتەهی دەزگای "مەجد"یان دامەزراندووە کە ئەرکیان کوشتنی ئەو کەسانە بووە کە گومان دەکرێت پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەبێت.

ساڵی 1989 ئەبو نەعیم لەلایەن ئیسرائیلیەوە دەستگیرکرا و سزای زیندانی تا هەتایی بەسەردا سەپێنرا، لەماوەی 22 ساڵی زیندانی کردنی فێری زمانی عیبری بووە.

ساڵی 2011 لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی حەماس بە جەلعاد شالیتی سەربازی ئیسرائیلی ئازاد کراوە و گەڕاوەیەوە غەززە، لەوکاتەوە ژمارەیەک بەرپرسیارێتی لەناو حەماس و حکومەتی ئەو گروپە وەرگرتووە.

ئەرکەکانی ئەبو نەعیم

لە ماوەی رابردوودا ئەبو نەعیم، ژمارەیەک بەرپرسیارێتی وەرگرتووە تایبەت بە کاروباری زیندانی دیلەکان و کەسوکاری کوژراو و دەستگیرکراوەکان، دواتر سەرپەرشتی ئەو فەلەستینیانەی کردووە کە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان و بەشێکی زۆریانی تێکەڵ بە باڵی سەربازیی حەماس کردووە.

ساڵی 2015 ئەرکێکی دیکەی ئاسایشی و هەواڵگری پێسپێردراوە، ئەویش هەڵوەشاندنەوە و شکستپێهێنانی هەر دزەیەکی هەواڵگری بۆ ناو حەماس و پاراستنی ئاسایشی کەرتی غەززەی فەلەستین بوو.

ئەبو نەعیم، رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سیاسییەکان و روبەڕوبونەوەی ئەو گروپانەی کاریگەر بوون بە فیکری داعش.

هەڵکشانی هەژموونی

رۆژنامەی ئیسرائیل هیوم بڵاوی کردەوە، دوای کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە شەڕەکانی ئەم دوایەی غەززە، مانەوەی بەشێکی دیکەی بەرپرسانی حەماس لە دەرەوەی وڵات، چانسی ئەبو نەعیمی زیاتر کردووە بۆ سەرکردایەتی ئەو بزوتنەوەیە.

رۆژنامەکە بڵاوی کردەوە، ئەبو نەعیم ئەزمونێکی زۆری سیاسی هەیە و زاڵە بەسەر بۆچوونە سەربازییەکاندا، بۆیە دەکرێت یاریکەری سەرەکی بێت بۆ داڕشتنەوەی داهاتووی غەززەی دوای جەنگ، تەنانەت ئەگەر لیژنەیەکی کارگێڕی تەکنۆکرات و بێلایەن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کەرتەکەش پێکبهێنرێت.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە "میکانیزمی تاوانکاری" کە ئەبو نەعیم لە چوارچێوەی خزمەتگوزارییە ئاسایشییەکاندا دایمەزراندووە، لە ساڵانی ڕابردوودا فراوانتر بووە لە ڕێگەی دادگاییکردنی ساختە و بەکارهێنانی رێوشێنی تۆقاندنەوە بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی حەماس بەسەر غەززەدا.

ئاماژەی بەوەکردووە، چاندنی ترس لەناو دانیشتووانی غەززە و ڕێگرییکردن لە هەر یاخیبوونێکی ناوخۆیی، تەنانەت لە تاریکترین قۆناغەکانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا، هەژمونێکی زۆری بەسەر غەززەدا هەیە و ئەبو نەعیم سەرکردایەتی ئەو پڕۆسەیە دەکات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی