"تۆمارى کەسی" کاندیدەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەترسێنێت

#عێراق#هەڵبژاردن
16 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 16 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکانی دورخستنەوەی پاڵێوراوان تا کاتى هەڵبژاردن بەردەوام دەبن. چاودێران هۆشداری دەدەن لەوەی، کە دەکرێت ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی کێبڕکێی توندی سیاسی بقۆزرێتەوە.
Primary Asset

سبەى

لە کاتێکدا عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ شەشەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی 2003ەوە، بڕگەی "تۆمارى کەسی" مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی بووە ئامڕازێک بۆ بێبەشکردنی دەیان کاندید.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەکانی دورخستنەوەی پاڵێوراوان تا کاتى هەڵبژاردن بەردەوام دەبن. چاودێران هۆشداری دەدەن لەوەی، کە دەکرێت ئەم بڕیارانە لە چوارچێوەی کێبڕکێی توندی سیاسی بقۆزرێتەوە. 

پێوەرە ناڕوونەکان

هەرچەندە هەندێک لە بڕیارەکانی بێبەشکردن لەسەر بنەمای پەیوەندی پێشووی بە حزبی قەدەغەکراوی بەعسەوە بووە. بێبەشکردنی ئەم دواییە لەسەر بنەمای پێوەرە تاڕادەیەک ناڕوونەکەی "ژیاننامەی کەسی " بووە، کە دەرگا بەڕووی لێکدانەوە یاساییە جیاوازەکان لە نێوان دامەزراوەکانی دەوڵەتدا دەکاتەوە.

بڕیارەکانی بێبەشکردنی کۆمسیۆن لەگەڵ زنجیرەیەک دووبارە گەڕاندنەوەی کاندیدە مشتومڕاوییەکان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوەیە، کە چاودێران بە "ململانێیەکی بێدەنگ" لە نێوان ئەو دامەزراوانەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەبەن، وەسف دەکەن.

شرۆڤەکاران دەڵێن، خەرجییە قورسەکانی بەشێک لە کاندیدەکان و هەڵمەتی کڕینی دەنگ، گوزارشت لە کاریگەری پارەی سیاسی دەکات لە رێنماییکردنی هەڵبژاردندا. پێشبینی دەکەن پەرلەمانی داهاتوو ژمارەیەکی زۆر بازرگان و کاسبکار لەخۆبگرێت.

سەجاد سالم پەرلەمانتاری سەربەخۆ، کە بە دژایەتیکردنی گروپە چەکدارەکان ناسراوە، دوای ئەوەی کۆمسیۆن بە بیانووی "ژیاننامەی کەسی" دوریخستەوە، بۆ سێیەمجار بە فەرمانی دادوەری گەڕایەوە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان.

دەسەڵاتی دادوەری لە بەڵگەنامەیەکی فەرمیدا رایگەیاندووە کە "بڕیاری دورخستنەوەکە نادروستە و پێشێلکاری یاسایە"، روونیشیکردووەتەوە کە لێدوانەکانی سالم بۆ کەناڵێکی تەلەفزیۆنی کەوتووەتە چوارچێوەی "ئازادی بیروڕا و رادەربڕین" و پێشێلکارییەکی هەڵبژاردن پێکناهێنن.

سالم بە توندی هێرشی کردبووە سەر کەتیبەکانی حیزولڵا دوای ئەوەی بەرپرسی ئاسایشی حزبەکە باسی لە پەیوەندییە گوماناوییەکانی نێوان ئەلیزابێس تسورکۆڤ ژنە رفێندراوە ئیسرائیلیەکە و بزووتنەوەی تشرین کردبوو.

لە بەرامبەردا دەسەڵاتی دادوەری بڕیاری کۆمسیۆنەکەی بۆ گەڕاندنەوەی محەمەد داینی پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمان بۆ کێبڕکێکە هەڵوەشاندەوە و جەختی لەوە کردەوە کە "تۆمارەکەی لەگەڵ یاساکانی هەڵسوکەوتی باشدا ناگونجێت"، ئەمەش بە پشتبەستن بە سکاڵای یاسایی پەیوەست بە "سووکایەتیکردن بە گەلی عێراق".

تیرۆری سیاسی

هاوتەریب لەگەڵ جەمسەرگیری سیاسی و لەسەروبەندی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، رووداوە ئەمنییەکان بۆ سەر شانۆی عێراق دەگەڕێتەوە. لە نەینەوا و بەدیاریکراوی قەزای شەنگال، گروپێکی نەناسراو هەڵیکوتایە سەر نووسینگەی مەحما خەلیل پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان. لە بەغداد، لێکۆڵینەوەکان لەسەر تیرۆرکردنی سەفا مەشهەدانی یەکێک لە کاندیدەکان لە ناوچەی تارمییە بەردەوامە، لە کاتێکدا زانیاری ناکۆک لەبارەی ئەنجامدەری تاوانەکە بڵاودەکرێتەوە.

سەرچاوە ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، "ئەو ئامێرە تەقەمەنییەی کە مەشهەدانی کردووەتە ئامانج، لە ماڵەوە دروستکراوە و لە دوورەوە بە بەکارهێنانی مۆبایل تەقێنراوەتەوە". ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە هێزە ئەمنییەکان "سەرەداویان دەستکەوتووە" سەبارەت بە تاوانباران. جەختیشیان لەوە کردووەتەوە، کە دوای تەواوبوونی رێکارە تەکنیکی و یاساییەکان، راگەیەندراوێکی فەرمی بڵاودەکرێتەوە.

ئاراس حەبیب کەریم ئەمینداری گشتی کۆنگرەی نیشتمانی عێراق، رەتیکردەوە هیچ رۆڵێکی گروپە چەکدارەکان لە تارمیە لە تیرۆرکردنەکەدا هەبێت و ئاماژەی بەوەدا، کە رەنگە "ناکۆکییەکان لەناو پێکهاتەی سوننە"دا پاڵنەری پشت تیرۆکردنەکە بووبێت. ئەم بانگەشەیە لەلایەن هێزە سوننەکانەوە بە توندی رەتدەکرێتەوە، کە داوای تۆڵەسەندنەوە لە بکوژانی مەشهەدانی دەکەن.

لە مانگی ئەیلولی رابردوودا، هاوپەیمانی پارێزەرانی عێراق سکاڵایەکی فەرمییان تۆمارکرد، بۆ راگرتنی تۆماری حزب و قەوارە سیاسییەکانی سەر بە گروپە چەکدارەکان و بێبەشکردنی کاندیدەکانیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی