تەنها لەماوەی حەوت خولەکدا؛ئەو خشڵانەی بە پارە ناپێورێن لە مۆزەخانەی لۆڤەر دزران

#لۆڤەر#پاریس#فەرەنسا#دزی
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • تەنها لە ماوەی حەوت خولەکدا، دزییەکی گەورە لە مۆزەخانەی لۆڤەری فەرەنسا روویدا، کە دەکرێت بە دزییەکی دیکەی سەدە ناوببرێت، بەو پێیەی نۆ خشڵی ناوازەی ناپلیۆنیان دزیوە. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەرەنسا بەڵێنی دەستگیرکردنی دزەکانیان داوە و بەدوریش نازانرێت باندەکە بیانی بووبن.
Primary Asset

مۆزەخانەی لۆڤەر

سبەی

تەنها لە ماوەی حەوت خولەکدا، دزییەکی گەورە لە مۆزەخانەی لۆڤەری فەرەنسا روویدا، کە دەکرێت بە دزییەکی دیکەی سەدە ناوببرێت، بەو پێیەی نۆ خشڵی ناوازەی ناپلیۆنیان دزیوە. هاوکات لایەنە پەیوەندیدارەکانی فەرەنسا بەڵێنی دەستگیرکردنی دزەکانیان داوە و بەدوریش نازانرێت باندەکە بیانی بووبن.

لۆران نونێز وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاشکرایکرد، ئەو خشڵە ناوازانەی لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس دزراون، نرخیان نییە، واتە لە گرنگیدا بەنرخ بەراورد ناکرێن.

نونێز رووداوەکەی مۆزەخانەی لۆڤەری بە "دزییەکی گەورە" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەشکردووە، دزەکان لە دەرەوە بە بەکارهێنانی کرینێک، کە لەسەر پشتی بارهەڵگرێک دانرابوو، چوونەتە ناو هۆڵی ئەپۆلۆی مۆزەخانەکەوە. ئاماژەی بەوەشکردووە، خشڵی ناوازەیان دزیوە، روونیشیکردووەتەوە، دزییەکە تەنها حەوت خولەکی خایاندووە.

وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا پشتڕاستی کردەوە، هیچ بریندارێک لە مۆزەخانەی لۆڤەردا نەبووە. وتی "پێویست بوو مۆزەخانەکە لە خەڵک چۆڵ بکرێت، بۆئەوەی بەڵگەکان بپارێزرێن و لێکۆڵەران بتوانن بە ئارامی کاربکەن."

نونێز دانی بە بوونی "لاوازی بەرچاو لە مۆزەخانەکانی فەرەنسا"دا نا، وتی "ناتوانین رێگری لە هەموو شتێک بکەین، بەڵام هەموو هەوڵێک دەدەین، بۆئەوەی بە خێرایی بگەینە تاوانباران". ئاماژەی بەوەشکرد، "بەدوور نازانرێت تاوانباران بیانی بووبن". بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دزییەکە لە نێوان کاتژمێر 9:30 بۆ 9:40 ی بەیانی بەکاتی فەرەنسا روویداوە.

داواکاری گشتی پاریس کردنەوەی لێکۆڵینەوەی لەبارەی "دزی رێکخراو و پیلانگێڕی تاوانکاری بۆ ئەنجامدانی تاوان" راگەیاند. لێکۆڵینەوەکە بە "لیوای دژە باند"ی پۆلیسی دادوەری سپێردراوە. رۆژنامەی لۆ پاریسیان بڵاویکردەوە، هاتوچۆ لە دەوروبەری مۆزەخانەی لۆڤەر وەستاوە، هەروەها دەروازەکانی کەنار رووباری سێن داخراون. 

پێگەی بی ئێف ئێم تیڤی فەرەنسیش بڵاویکردەوە، "دزەکان نۆ پارچە خشڵیان لە کۆمەڵە خشڵەکانی ناپلیۆن دزیوە، پێش ئەوەی هەڵبێن". مۆزەخانەی لۆڤەر زۆرترین گەشتیار ساڵانە سەردانی دەکات و ملیاران کەس تێدەپەڕێنێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی