لە 265 کۆبوونەوەوە بۆ 148؛ بەراوردى کارەکانى پەرلەمانى عێراق لە چوار خولدا

#پەرلەمانى عێراق
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • خولى سێیەم زۆرترین کۆبوونەوەى بەخۆوە بینیوە کە (265) کۆبوونەوە بووە، دواتریش خولى دووەم دێت بە (243) کۆبوونەوە، پاشان خولى چوارەم بە (162) کۆبوونەوە، لەکۆتاییشدا خولى ئێستا بە (148) کۆبوونەوە
Primary Asset

سبەى

ژمارەى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى عێراق لەماوەى چوار خولدا دابەزینى بەرچاوى بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێک ژمارەى کۆبوونەوەکان لەم خولەدا گەیشتووەتە نزمترین ئاست بەراورد بە سێ خولى پێشوو.

بەپێی ئامارەکانى روانگەى پەرلەمانى عێراق کە چاودێرى کارەکانى پەرلەمان دەکات، لە خولى دووەم (2010-2014) و سێیەم (2014-2018)دا (37) پارت نوێنەریان هەبووە، لەکاتێکدا لە خولى چوارەم (2018-2022) بۆ (60) پارت بەرزبووەتەوە و لە خولى پێنجەم و ئێستادا کەمبووەتەوە بۆ (57) پارت.

بەپێی ئامارەکە، خولى سێیەم زۆرترین کۆبوونەوەى بەخۆوە بینیوە کە (265) کۆبوونەوە بووە، دواتریش خولى دووەم دێت بە (243) کۆبوونەوە، پاشان خولى چوارەم بە (162) کۆبوونەوە، لەکۆتاییشدا خولى ئێستا بە (148) کۆبوونەوە.

هەروەها لەرووى دەرکردنى یاساوە، خولى دووەم زۆرترین یاساى پەسەندکردووە بە (215) یاسا، پاشان خولى دووەم بە (161) یاسا، خولى چوارەم (91) یاسا، خولى پێنجەم (69) یاسا.

ئامارەکە دەریدەخات، پەرلەمانتارانى خولى دووەم زۆرترین کات کاریانکردووە کە 993 کاتژمێر بووە، پاشان خولى سێیەم بە (819) کاتژمێر، خولى چوارەم (428) کاتژمێر، خولى پێنجەم (294) کاتژمێر.

 لاوازترین خول

لەناو خولەکانى پێشووى پەرلەماندا خولى پێنجەم بە لاوازترین دادەنرێت، بەو پێیەى بۆ ماوەیەکى زۆر بەبێ سەرۆک مایەوە دواى لەسەرکارلابردنى محەمەد حەلبوسى لەسەرۆک و ئەندامێتى پەرلەمان لەلایەن دادگاى فیدراڵییەوە. دواى کێشمەکێشێکى زۆر مەحمود مەشهەدانى بەسەرۆک هەڵبژێردرا، بەڵام بەهۆى ناکۆکییە سیاسییەکانەوە بەشێکى زۆرى کۆبوونەوەکان پەکیان کەوت.

مانگی ئابی ساڵی ڕابردوو پەرلەمان سزاى دارایی بۆ ئەو پەرلەمانتارانە دیاریکرد کە لە دانیشتنەکاندا ئامادەنەبوون. بڕیاربوو لە مووچەی هەر پەرلەمانتارێکی ئامادەنەبوو یەک ملیۆن دینار ببڕدرێت، لەکاتێکدا ژمارەی ئامادەنەبووان لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ پەرلەمانتاردا بوو بۆ هەر کۆبوونەوەیەک.

هەر خولێکى پەرلەمان لە چوار ساڵی یاسادانان پێکدێت، هەریەکەیان بەسەر دوو وەرزدا دابەشکراوە، لەگەڵ پشووی چوار مانگ.

تا ئێستا پەرلەمانی ئێستا- لە یەکەم کۆبوونەوەى لە 9ی کانونى دووەمى 2022ەوە- تەنیا توانیویەتی 148 کۆبوونەوە لە کۆی نزیکەی 265 کۆبوونەوە ئەنجام بدات.

ئەمەش بەو مانایەیە کە پەرلەمان ماوەی 14مانگ پەکیکەوتووە، بەڵام لەو ماوەیەدا مووچە و خەرجییەکانی تەواوی وەرگرتووە بە کۆی گشتی زیاتر لە ١٢٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار.

هەر پەرلەمانتارێک مانگانە 8 ملیۆن دینار مووچە وەردەگرێت، ئەمە جگە لەوەی 16 ملیۆن دینار وەک بۆ پاسەوان و 3 ملیۆن دینار وەک دەرماڵەی کرێ بۆ ئەو پەرلەمانتارانەی نیشتەجێی بەغداد نین، بەمەش کۆی مووچەی مانگانەی هەر پەرلەمانتارێک دەگاتە 27 ملیۆن دینار.

کۆی تێچووی ساڵانەی مووچە و دەرماڵەی هەر ٣٢٩ پەرلەمانتارەکە زیاتر لە ٤٢٦ ملیار دینارە.
 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی