سبەى
دۆناڵد ترەمپ دوای گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات و لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا خۆی وەک "پاشای ئاشتی" ناوزەد کردووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە توانیویەتی کۆتایی بە هەشت جەنگ بهێنێت، سەڕەرای ئەوەی شرۆڤەکارانی سیاسی راستی ئەو بانگەشەیەی ترەمپ دەخەنە ژێر گومانەوە، بەڵام پێدەچێت لەم رۆژانەدا ترەمپ لەگەڵ دژوارترین ئەزمونی خۆی رووبەرووبووەتەوە ئەوەش پرسی ئاگربەستی نێوان روسیایە کە تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت.
دوای دیداری ئەم دواییەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە خۆی وەک ناوبژیوانی گەورەی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ دەبینێت، ڕۆڵێک کە هەم ستایش و هەم گومانی لێکەوتەوە.
ترەمپ دەڵێت کاتی ئەوە هاتووە "کوشتنەکان ڕابگیرێت"، بەڵام واقیعەکانی بەرەکانی شەڕ و سیاسەتی جیهانی زۆر ئاڵۆزن بۆ ئەوەی لە سۆشیال میدیادا و لە ڕستەیەکدا کورت بکرێنەوە. ترەمپ قۆناغێکی نوێی دەستپێشخەریی ئاشتیی دەستپێکردووە لەکاتێکدا هەوڵدەدات دەستکەوتێکی دیکە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ئۆکراین تۆمار بکات، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک لە نێوەندگیری سەرکەوتووانەی ڕێککەوتنی ئاگربەستی غەززە هەرچەندە بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت هاتووەتە ئاراوە.
بەڵام لەپشت پەردەی ئەم هەوڵانەدا، ئەوە ڕوونە کە کۆشکی سپی ئێستا خەریکی ئامادەکردنی ئامرازی نوێی فشارە بۆ سەر مۆسکۆ، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی داهاتووی ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین لە بوداپێست ڕەنگە لە تەنها نمایشێکی سیاسی زیاتر بێت. بە گوتەی بەرپرسانی ئەمەریکا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی مارکۆ ڕوبیو، لە شوێنی ستیڤ ویتکۆف وەک نێردەی تایبەت لەم دۆسیەیە، دانوستانە سەرەتاییەکانی لەگەڵ لایەنی ڕووسی دەستپێکردووە. ئەم گۆڕانکارییە وەک ئاماژەیەکی جددی واشنتۆن لە پیشەییکردنی ڕێڕەوی دیپلۆماسی لەگەڵ حکومەتی پوتین سەیر دەکرێت.
ڕوبیۆ بە کەسایەتییەکی متمانەپێکراوتر لە بازنەکانی ئەوروپا دادەنرێت لە چاو کەسانی پێش خۆی و بەرپرسانی ئۆکراینیش پێشوازییان لەو هەنگاوە کردوە. لە کۆشکی سپی، ترەمپ بەنیازە جارێکی دیکە چاوی بە پوتین بکەوێتەوە، کۆبوونەوەیەک کە دەتوانێت چارەنووسی دۆسیەی ئۆکراین دیاری بکات. کۆبوونەوەی پێشووی ئەلاسکا بەبێ پێشکەوتنی بەرچاو کۆتایی هات و زۆر کەس وەک ئیمتیازێک بۆ کرێملینیان بینی، بەڵام ڕاوێژکارانی ترەمپ پێیان وایە کە خولێکی نوێی دانوستانەکان، بەتایبەتی لەگەڵ مەترسی ئەگەری ناردنی مووشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین، دەتوانێت پوتین ناچار بە پاشەکشە بکات.
تۆماهۆک و پەیامی دەسەڵات
لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن، زێلێنسکی هەوڵیدا ئەمریکا ڕازی بکات بە فرۆشتنی مووشەکی تۆماهۆکی دوور مەودا. ئەم مووشەکانە بە مەودای زیاتر لە ١٦٠٠ کیلۆمەتر دەتوانن قووڵایی خاکی ڕووسیا بکەنە ئامانج. ترەمپ لە وەڵامی داواکارییەکانی زیلینسکی وتی هیوادارە "ئۆکراین پێویستی بەوانە نەبێت" و پێی باشترە لە ڕێگەی دانوستانەوە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.
ئەم هەڵوێستە دووفاقییە ڕەنگدانەوەی هاوسەنگییە لە نێوان پیشاندانی ئاشتیخوازی و پاراستنی ئامرازەکانی فشاری سەربازی. لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ترەمپ، پوتین بانگەشەی ئەوەی کرد کە ناردنی ئەو جۆرە چەکانە “دۆخەکە ناگۆڕێت، بەڵکو پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات تێکدەدات”، بەڵام تەنانەت ئاماژەدان بە ئەگەری ناردنی تۆماهۆک وایکرد مۆسکۆ زیاتر ئامادەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستانەکان.
ئەندری سیبیها وەزیری دەرەوەی ئۆکراین لەوبارەیەوە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: "دەسەڵات بەڕاستی دەتوانێت ئاشتی بخولقێنێت، ترەمپ لە وتارەکەیدا پێداگری دەکات لەسەر ئەوەی کە دەیەوێت و دەشڵێت: با هەردوولا بانگەشەی سەرکەوتن بکەن و با مێژوو حوکم بدات.
ترەمپ خۆی بە "سەرۆکی ئاشتی" ناودەبات، و پێی وایە ئیرادەی تاک دەتوانێت بەسەر ململانێ پێکهاتەییەکاندا زاڵ بێت، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن ئەو بووچوونە دەرخەری بێهەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکایە و مەترسیدارە.
لای خۆیەوە دانیال فرید، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئەوروپا بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ڕاگەیاندووە، “ئێمە ئامرازگەلێکمان هەیە بۆ فشاری ئابووری و سەربازی بۆ سەر ڕووسیا کە بەکارناهێنرێن”. سەرەڕای گومانەکانی، ترەمپ پێی وایە دەتوانێت شەڕی ئۆکراین ڕابگرێت هەروەک چۆن ڕێککەوتنی غەززەی کرد.
بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن ڕۆحی سەرکەوتنی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاڵنەرێکی نوێی بۆ دۆسیەی ئەوروپا دابین کردووە.
بوداپێست گوڕەپانی دیداری نوێی ترەمپ و پوتین
کۆشکی سپی ڕایگەیاند، کۆبوونەوەی ترەمپ و پوتین لە شاری بوداپێست بەڕێوەدەچێت، شارێک کە لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە خاڵی کۆکەرەوەی سیاسەتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
ئەم دیدارە دەرفەتێک دەبێت بۆ ئەوەی ترەمپ نیشان بدات کە ڕێبازەکەی واتە “ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە” تەنیا دروشمی هەڵبژاردن نییە. لە هەمان کاتدا ئەمریکا لە ئاستێکی نزمتردا کەناڵەکانی دیالۆگی کردۆتەوە و هەوڵدەدات لە ڕێگەی فشاری ئابووری و هەڕەشەی ڕەمزییەوە فەزای ڕێککەوتن ئامادە بکات.
پڕۆژە یاسای نوێی سزاکانی سەر ڕووسیا لە ئەنجومەنی پیران لە ژێر تاوتوێدایە و دەتوانێت دەسەڵاتی فراوانتر بدات بە ترەمپ بۆ سەپاندنی سزای دارایی، هەرچەندە لەناو حکومەتی ئەمریکاشدا گومان لە مەبەستی پوتین بەردەوامە و هەندێک لە ڕاوێژکاران هۆشدارییان داوە کە مۆسکۆ ئەو کۆبوونەوانە بەکاردەهێنێت بۆ کڕینی کات بۆ بەردەوامبوون لە ستراتیژی و ئەو پرۆژانەی وا پەیرەویان دەکات.
ترەمپ لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێک کە ئایا نیگەران نییە لەوەی "یاری پێبکرێت"، وتی: بەڵێ، باشترینەکان یاریان پێکردووم و هەمیشە بەسەرکەوتوویی کۆتایی بە یارییەکان هێناوە.
لەو نێوانەشدا شرۆڤەکارە سیاسییەکان پێیان وایە ترەمپ بەدوای ڕێکەوتن و ئاگربەستێکد دەگەڕێت بۆ ئەوەی ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار بکات.
لای خۆشییەوە ساموێل چێرپ لە دامەزراوەی بیرکردنەوەی ڕاست دەڵێت: “بێ تاقەتی ترەمپ ڕێگری لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی ڕاستەقینە کردووە کە شێوەی خۆی بگرێت، بەڵام دیاریکردنی ڕوبیۆ پەیامێکە کە واشنتۆن زیاتر جددی دەبێت لە گفتوگۆکەدا”.
پڕۆژەی سەیر و سەمەرەی بێرینگ
لەناو ئەم پێشهاتانەدا، پێشنیارێکی چاوەڕواننەکراو لە مۆسکۆوە سەرنجی میدیاکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. کیریل دیمیتریڤ، نوێنەری وەبەرهێنانی پوتین، پلانێکی بۆ دروستکردنی تونێلێک لە ژێر گەرووی بێرینگ بە درێژایی نزیکەی ١١٠ کیلۆمەتر بە هاوکاری کۆمپانیای بێرینگی ئیلۆن ماسک پێشنیار کردووە و بە "هێمای یەکگرتوویی" نێوان هەردوو وڵات ناوی بردووە.
تەنانەت پێشنیاری کردووە کە ناوی تونێلەکە بنرێت "هێڵی ئاسنی پوتین-ترەمپ"، و لە کاردانەوە بەم پێشنیارەشەدا ترەمپ رایگەیاندوە کە پێویستە بیری زیاتر لەو بابەتە بکاتەوە، بەڵام زیلنسکی لە هەمان دیداردا دژایەتی خۆی بۆ ئەو بیرۆکەیە دەربڕی.
شارەزایانی تەکنیکی ئاماژەیان بەوە کردووە کە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە لە ناوچەیەکدا کە سەرمای توند و بوومەلەرزەی زۆر ڕوودەدات، بە کردەوە مەحاڵە، بەڵام پلانی دروستکردنی تونێلێکی لەو شێوەیە وەبیرهێنانەوەی هەوڵەکانی ڕووسیایە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ واشنتۆن لە سایەی دانوستانەکانی ئاشتیدا.
گەشتەکەی ئەم دواییەی زیلێنسکی بۆ واشنتۆن تەنها پەیوەندی بە بابەتە سەربازییەکانەوە نەبوو و سەرۆکی ئۆکراین لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری کرد کە ئەمریکا یەدەگی غازی ئۆکراین بۆ بەدەستەوەگرتنی بازاڕی وزەی ئەوروپا بەکاربهێنێت، سەرۆکی ئۆکراین ئاماژەی بۆ ئەويس کرد کە پلانێکی لەو شێوەیە هەوڵەکان بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی زیانلێکەوتووی ئۆکراین خێراتر دەکات و هاوتەریب پشتبەستنی ئەوروپا بە سەرچاوەکانی ڕووسیا کەمدەکاتەوە.
تاقیکردنەوەیەک بۆ سیاسەتی دەرەوەی نوێی ئەمریکا
کۆبوونەوەی زیلنسکی لەگەڵ ترەمپ ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە لە هاوسەنگی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ و کیێڤ. ئیدارەی دووەمی ترەمپ چیتر ئامادە نییە پاڵپشتی سەربازیی بێ مەرج بۆ ئۆکراین بکات، بەڵکو لەبری ئەوە هەوڵدەدات لەڕێگەی تێکەڵکردنی فشار و ئیمتیازەوە هەردوولا بگەیەنێتە ڕێککەوتن.
ئەم ڕێبازە، بۆ چاودێرانی ئەوروپی، گەڕانەوەیە بۆ دیپلۆماسیەتی کلاسیکی ئەمریکی کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان دامەزراوە نەک ئایدیالیزم.
لە کۆتایی کۆبوونەوەی واشنتۆن، زیلنسکی بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: “سەرۆک ترەمپ ئێستا چانسی گەورەی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم شەڕە”؛ ڕستەیەک کە لەگەڵ ئەوەی گەشبینی پێوە دیارە، سێبەری چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێیش بەسەریدا زاڵە، چاوەڕوانییەک بۆ دەرئەنجامێک کە نەک تەنها داهاتووی ئۆکراین بەڵکو متمانەی سیاسی داهاتوو بە ترەمپیش دیاری بکات.