زیلینسکی و ترەمپ
سبەی
گفتوگۆ لەسەر پێدانی موشەکی تۆماهۆک بە ئۆکراینا، چەقی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا و ئۆکراینا بوو لە واشنتن. ئایا دۆناڵد ترەمپ موشەکی تۆماهۆک بە ئۆکراینا دەدات بۆ بە ئامانجگرتنی قوڵایی خاکی روسیا؟ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریکی راپۆرتێکی لەو بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
وەک لە راپۆرتەکەی واشنتن پۆستدا هاتووە، پێشبینی دەکرا لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی (17ـی تشرینی یەکەمی 2025)، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، رازی ببێت بە پێدانی موشەکی تۆماهۆک بە ئۆکراینا، بەڵام وا دەردەکەوێت پەیوەندییە تەلەفۆنییە دوو کاتژمێر و نیوییەکەی لەگەڵ ڤلادمیر پوتین، سەرۆکی روسیا هۆکار بووبێت لە کشانەوەی بیرۆکەی پێدانی تۆماهۆک بە ئۆکراینا، بەپێی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست، دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ پوتین، لە بری پێدانی تۆماهۆک بە ئۆکراینا، ترەمپ رازی بوو بە کۆبوونەوەیەکی لوتکەی دیکە لەگەڵ سەرۆکی روسیا لە هەنگاریا.
لەسەر پاشەکشەی لەسەر هەڵوێستەکانی بۆ پێدانی تۆماهۆک بە ئۆکراینا، ترەمپ رووبەڕووی رەخنە بووەوە.
ئادەم کینزینگە، کۆنگرێسمانی پێشووی کۆمارییەکان رایگەیاند، پەشیمان بوونەوەکەی ترەمپ، نموونەیەکی دیکەی ترەمپە لە بڕیاردان لەسەر بابەتێکی گەورە. جینی شاهیین، سیناتۆری دیموکراتەکانیش دەڵێت: "دوای ئەوەی بە دەستی بەتاڵ لە لوتکەی ئالاسکا لەگەڵ پوتین گەڕایەوە، سەرۆک ترەمپ ئێستا بڕیاریداوە جارێکی دیکە لە بوداپێست فەرشی سوری بۆ رابخات،" هەروەها دەشڵێت: "سەرۆک ترەمپ هەڵەکانی رابردووی خۆی دووبارە دەکاتەوە بە پێنەدانی چەک بە ئۆکراینا و نەبردنەوەی شەڕەکە."
بەپێی واشنتن پۆست، ئەو جۆرە بیکردنەوەیە تێنەگەیشتنە لە تاکتیکەکانی ترەمپ و ئەو جۆرە رێککەوتنە ئاشتییەی دەیەوێت جێبەجێبکات.
وتەکانی ترەمپ لەسەر شەڕی ئۆکراینا، زۆر جار دژیەکی تێدایە، بەڵام مەبەستدارە.
لە 23ـی ئەیلوولی ئەمساڵ رایگەیاند، رەنگە ئۆکراینا بتوانێت هەموو خاکە داگیرکراوەکانی لە روسیا وەربگرێتەوە، هەفتەی رابروو، سەبارەت بە پێدانی تۆماهۆک بە ئۆکراینا رایگەیاند، ئەگەر شەڕەکە رانەگیرێت، رەنگە تۆماهۆک بۆ ئۆکراینا بنێرین.
وەک لە راپۆرتەکەی واشنتن پۆستدا هاتووە، ئەو کەسانەی پشتیوانی هەڵوێستی توندی ئەمەریکا دژی روسیا دەکەن، رەنگە باوەڕیان وابووبێت لە کۆتاییدا ترەمپ بەڵێنەکانی لەسەر پشتیوانیکردنی سەربازی ئۆکراینا دەباتە سەر، بەڵام لە راستیدا ئەوەی ترەمپ لە رابردوودا رایگەیاندووە هەڕەشەکردن بووە نەک بەڵینی پشتیوانی. ترەمپ سەلماندوویەتی ستراتیژەکەی کاریگەر بووە، چونکە دوای ئەوە پوتین هاتە سەر هێل و پەیوەندیی بە ترەمپەوە کرد، بەپێی واشنتن پۆست.
وەک دواتر خۆی بەشێک لە ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئاشكرا کرد، ترەمپ رایگەیاند، بە روونی بیرۆکەی ناردنی تۆماهۆکی بە پوتین راگەیاندووە، پوتین بیرۆکەکەی بە دڵ نەبووە، وەک ترەمپ باسی لێوە کردووە.
ناردنی موشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکراینا، بەشێکە لە فشارە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ سەر روسیا. جگە لە فشاری تۆماهۆک، ئەمەریکا دەستی کردووە بە پێدان زانیاری هەواڵگریی بۆ لێدان لە قوڵایی خاکی روسیا.
بەپێی وتەی بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکراینا، ماوەی چەند مانگێکە واشنتن لە رێگەی زانیاریی هەواڵگرییەوە یارمەتی کیێڤی داوە بۆ بە ئامانجگرتنی کەرتی وزەی روسیا، وەک بۆرییەکانی گواستنەوەی سوتەمەنی و وێستگەکانی کارەبا.
سەبارەت بە گرنگی زانیارییەکانی ئەمەریکا، وەک لە راپۆرتێکی فاینانشەڵ تایمز-دا هاتووە، لە ناوەڕاستی وەرزی هاوینی ئەمساڵەوە، ئەمەریکا زانیاریی هەواڵگریی بە ئۆکراینا دەدات، زانیارییەکانی ئەمەریکا یەکلاکەرەوەن و بە هۆیەوە ئۆکراینا گورزی بەهێزی لە کەرتی وزەی روسیا وەشاندووە.
ئەوە یەکەمجارە، واشنتن پشتڕاستی کردووەتەوە راستەوخۆ پشتیوانی سوپای ئۆکراینای کردووە لە هێرشەکانیان بۆ قوڵایی خاکی روسیا، ئەو کارە پێشتر لەلایەن ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رەتکراوەتەوە، ئەوەش لە ترسی پەرەسەندنی زیاتری شەڕ و ئاڵۆزییەکان.
هەموو ئەو کارانەی ئەمەریکا دەیکات، بۆ ئەوەیە روسیا بهێننەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و رازیکردنی بە کۆتاییهێنان بە جەنگ.
چوارچێوەی سەرەکی بۆ رێککەوتنی کۆتایی ئاشتی وەک خۆی ماوەتەوە. بەرەکانی شەڕ ماوەی دوو مانگە وەک خۆی ماوەتەوە، کۆنترۆڵی روسیا بەسەر بەشێک لە خاکی ئۆکراینادا ماوەتەوە. لە بەرامبەردا، ئۆکراینا گەرەنتییەکی بەهێزی ئاسایشی هەیە لە وڵاتانی رۆژئاواوە و چەک دانانێت، ئەوەش رەنگە رێککەوتنێکی دادپەروەرانەی ئاشتی نەبێت، سەرکەوتنە بۆ ئۆکراینییەکان، چونکە سەروەری خۆی بەسەر خاکەکەیدا دەهێڵێتەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست، لە کاتێکدا پێدانی تۆماهۆک هەڵبژاردەیە بۆ ئۆکراینا، هەروەها پێدانی موشەکی تاورەسی ئەڵمانی بە ئۆکراینا، هەروەها سیستمی دژە فڕین بۆ ئاسمانی ئۆکراینا لەلایەن ئەوروپییەکانەوە دژی هێرشەکانی روسیا و بە ئامانجگرتی تانکەرە نەوتییەکانی روسیا هەڵبژاردەیە بۆ ئۆکراینا.
هەرچەندە لەسەر روسیا ترەمپ بەردەوام بە تۆنێکی ئاشتیانە قسە دەکات و دواینجار لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، جەختیکردەوە پوتین خواستی لەسەر ئاشتی هەیە، بەڵام دەستی ئەمەریکا بەسەر روسیادا باڵایە، خواستی ترەمپ بۆ بەکارهێنانی ئەو هێزە پێشتر بە کەم تەماشا کراوە.