بانكی ناوەندیی: قەرزەكانی عێراق لەژێر كۆنترۆڵدایە

#قەرز#عێراق#بانکی ناوەندیی
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بانكی ناوەندیی عێراق جەختدەكاتەوە قەرزی گشتیی وڵات تائێستاش لە چوارچێوەی سنورێكی پارێزراوی نێودەوڵەتیدایە، ئاماژەی بەوەشكردووە كورتهێنانی كرداریی لە بودجەی سێ ساڵی (2023-2025) لەناوخۆدا پڕدەكرێتەوە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ ئاستێكی باڵای قەرز ببرێت.
  • بانكی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:"كورتهێنانی پلان بۆ دانراو لە بودجەی گشتیی سێ ساڵە، كە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ساڵەكانی (2023-2024-2025) بڕیاری لێداوە 191.5 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، لەكاتێكدا كورتهێنانی كرداری بۆ ئەو سێ ساڵە 35 ترلیۆن دینارە، كە لە ناوخۆدا لە رێگەی ئاڵوگۆڕ و قەواڵەوە پڕدەكرێتەوە".
  • عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لە ڕێكخراوی "ئۆپیك" بەشێوەیەكی سەرەكیی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و بەشێوەیەك 90% ی داهاتی حكومەت لە ڕێگەی نەوتەوەیە.
Primary Asset

بانکی ناوەندیی عێراق

سبەی

بانكی ناوەندیی عێراق جەختدەكاتەوە قەرزی گشتیی وڵات تائێستاش لە چوارچێوەی سنورێكی پارێزراوی نێودەوڵەتیدایە، ئاماژەی بەوەشكردووە كورتهێنانی كرداریی لە بودجەی سێ ساڵی (2023-2025) لەناوخۆدا پڕدەكرێتەوە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ ئاستێكی باڵای قەرز ببرێت.

بانكی ناوەندی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:"كورتهێنانی پلان بۆ دانراو لە بودجەی گشتیی سێ ساڵە، كە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ساڵەكانی (2023-2024-2025) بڕیاری لێداوە 191.5 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، لەكاتێكدا كورتهێنانی كرداری بۆ ئەو سێ ساڵە 35 ترلیۆن دینارە، كە لە ناوخۆدا لە رێگەی ئاڵوگۆڕ و قەواڵەوە پڕدەكرێتەوە".

بەپێی یاسای بودجە، قەرزی كرداری  18.2% زیاتر بووە لە كورتهێنانی پلان بۆدانراو، ئەمەش رەنگدانەوەی ئاستی هەماهەنگی باڵای نێوان حكومەت و بانكی ناوەندیی عێراقە لە كۆنترۆڵی قەرزی گشتیی و رێگەنەدان بە گەیشتن بەو ئاستە بەرزەی لە یاسای بودجەدا هاتووە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی بانكی ناوەندیی عێراق، ئەو قەرزە دەرەكییانەی پێویستە بدرێنەوە، لە 13 ملیار دۆلار تێپەڕناكات، ئەوەش دوای دانەوەی قەرزەكانی رژێمی پێشوو، ئاماژەی بەوەشكردووە عێراق بەهیچ شێوەیەك خۆی لە دانەوەی قەرزەكان و پابەندییەكان نەدزیوەتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە ئابڕووی دارایی خۆی بكات لەسەر ئاستی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی.

"قەرزی ناوخۆیی 91 ترلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، كە 56 ترلیۆنیان تا كۆتایی 2022 كەڵەكە بووە، 35 ترلیۆن دیناریش قەرزی ساڵەكانی (2023-2024-2025) ە". بانكی ناوەندیی عێراق وا دەڵێت.

بانكی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە "رێژەی قەرزی گشتیی بۆ بەرهەمی ناوخۆیی بەشێوەیەكی گشتیی 43% ی تێنەپەڕاندووە، ئەو رێژەیەش بەپێی ریزبەندی جیهانیی مامناوەندە و لەچوارچێوەی سنورێكی ئارامدایە، ناشبێتە لەكەیەك لەسەر ئابوری".

راگەیەندراوەكەی بانكی ناوەندیی عێراق لەكاتێكدایە، رۆژی 18-10-2025 عەلی عەللاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، قەرزە ناوخۆییەكانی عێراق گەیشتۆتە 91 ترلیۆن دینار و قەرزە دەرەكییەكانیش 54 ملیار دۆلاری تێپەراندووە.

پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەشكردووە، كورتهێنانی بودجە زۆرە و ناكرێت بە قەرز پڕبكرێتەوە.

عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنی نەوتە لە ڕێكخراوی "ئۆپیك" بەشێوەیەكی سەرەكیی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و بەشێوەیەك 90% ی داهاتی حكومەت لە ڕێگەی نەوتەوەیە.

نۆ مانگ لەمەوبەر، مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری كاروباری ئابوری و دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند: لەسەر ئاستی قەرزە دەرەكییەكان عێراق چووەتە دەرەوەی ناوچەی مەترسییەكانی قەرز، ئەو قەرزانەی پێویستە تا ساڵی 2028 بیداتەوە نزیكەی 9 بۆ 10 ملیار دۆلارە.

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی