ئاهەنگی کچەکەی عەلی شەمخانی
سبەی
بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی بەشێك لە ڕێوڕەسمی هاوسەرگیری كچی عەلی شەمخانی، نوێنەری ئایەتوڵڵا خامنەیی لە ئەنجومەنی بەرگری، لە یەكێك لە گرانترین هۆتێلەكانی تاران، ڕەخنەی زۆری لێكەوتەوە. هەندێك ڕەخنەیان لەو مەراسیمە گرانبەهایە گرتووە. هەندێكی تریش دەڵێن، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی ئەو مەراسیمە كە ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچووە بەمەبەستی ئامانجە سیاسییەكان بووە.
عەلی شەمخانی، نوێنەری عەلی خامنەیی لە ئەنجومەنی باڵای بەرگری و ڕاوێژكاری سیاسی ڕێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانە، پێشتریش سكرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و وەزیری پێشووی بەرگری بووە.
هەر كام لەلایەنە سیاسییەكانی ئێران خوێندنەوەی تایبەتیان بۆ كردووە
لە رۆژانی رابردوو بڵاوبوونەوەی بەشێك لە ڤیدیۆكانی ئاهەنگی هاوسەرگیری كچەكەی شەمخانی كە لە مانگی سێی ساڵی رابردوو بەڕێوەچووە، ڕەخنەی توندی لێكەوتووەتەوە و هەر كام لەلایەنە سیاسییەكانی ئێران خوێندنەوەی تایبەتیان بۆ كردووە.
رۆژنامەی ئارمانی میللی، لە راپۆرتێكدا لەژێر ناونیشانی "مشتومڕەكانی هاوسەرگیرییەك لە هۆتێل ئێسپیناس پارسیان"، لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە ئاشكرای دەكات ڕێوڕەسمەكە “نزیكەی یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن تمەنی" تێچووە، لە بەشێكی دیكەی راپۆرتەكەشدا هاتووە" ئەگەر تۆمەتبار ناكرێین بە ناوزڕاندن، ڕێگەمان پێدەدرێت بپرسین چۆن دەتوانین بە خەڵك بڵێین لە بەرامبەر سزا ئابوورییەكاندا خۆڕاگر و پشوودرێژبن لە كاتێكدا مەراسیمی كچی سكرتێری پێشووی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایش لە یەكێك لە هۆڵە لوكس و گرانبەهاكانی وڵات بەڕێوەدەچێت”.
لە بەشێكی ڤیدیۆكەدا شەمخانی دەبینرێت كە یاوەری كچەكەی دەكات بۆ لای زاوا و دەوترێت ڤیدیۆكە لە “بەشی ژنان”ی مەراسیمەكەیە(لە ئێران هۆڵی ژنان و پیاوان لە ئاگەنگی هاوسەرگیری جیایە)، بەڵام یەكێك لەو خاڵانەی كە سەرنجی خەڵكی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە ئەوەیە كە زۆرێك لەو ژنانەی كە لە ڕێوڕەسمەكەدا بەشداری دەكەن مەرجەكانی بالاپۆشی خوازیاری حكومەتیان نەپاراستووە و بەشێوەی نیمچە رووت دەردەكەون.
بی بی سی فارسی لەوبارەیەوە نووسیویەتی: "بەزۆری لە ئێران بووك و زاوا پێكەوە دەچنە ناو هۆڵەكە و زۆر باو نییە كە هاوشێوەی بیانییەكان دایك و باوك دەستی بووكەكە بگرن و بچنە ژوورەوە، بە تایبەت ئەگەر بنەماڵەكان پاشخانێكی ئایینیان هەبێت".
هەروەها هەندێك لە میدیاكانی ئێران باسیان لەوە كردووە، لەكاتێكدا بەرپرسێكی باڵای وڵاتەكە لەو جۆڕە ڕێوڕەسمانەدا بەشداری دەكات كە فشار بو سەر ژنان و كچان لەسەر شەقامەكان لە هەڵكشاندایە، زیاتر لە 80 هەزار هێزی كۆماندۆ بۆ رووبەرروبونەوە لەگەڵ ئەو هاوڵاتیانەی مەرجەكانی باڵاپۆشی جێبەجێ ناكەن دامەزراون.
لەبەرامبەردا ڕەخنەگران دەڵێن، بڵاوكردنەوەی وێنەی ڕێوڕەسمی تایبەتی سیاسەتمەدارێك كە جارێكی دیكە وەك نوێنەری ڕێبەری كۆماری ئیسلامییە بۆ یەكێك لە دامودەزگا باڵاكانی حكومەتی ئێران، بە ئامانجی سیاسییەوە ئەنجامدراوە و مەبەست لێی ناوزڕاندنی شەمخانیە.
مەهدیە شادمانی، كچی فەرماندەی بنكەی خاتەم ئەنبیای سوپای پاسداران كە لە هێرشەكانی ئیسرائیلدا كوژرا، بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی هاوسەرگیری كچەكەی شەمخانی بە پرۆژەیەكی "موساد" ناوبرد و ڕایگەیاند، دوای ئەوەی تیرۆری جەستەیی ئەو فەرماندە پێشووەی سوپای پاسدران شكستی هێنا هەوڵی تیرۆركردنی كەسایەتیەكەی دەدرێت.
هەر لەو پەیوەندییەدا ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی سەر بە سوپای پاسدران بڵاوكردنەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییانەی، وەك پێشێلكردنی هێڵە سوورەكانی ژیانی تایبەتی ئەو سەركردە سیاسییە ناوبرد بەڵام هاوكات جەختیشیكردەوە " پێویستە لێپرسینەوە لە شەمخانی بكرێت".
باوك و كوڕێك كە لە لیستی سزاكانی ئەمریكادان
هاوكات لەگەڵ مشتومڕە سیاسیی و ئەمنییەكان، پرسی سامانی "ئەفسانەیی" منداڵ و كەسوكاری عەلی شەمخانی ساڵانێكە لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا وروژێنراوە، كوڕەكانی شەمخانی لە بواری ئابووریدا چالاكن، حسێن شەمخانی كوڕە گەورەكەی شەمخانی ناسراوترین كەسایەتی ئەم بنەماڵەیەیە.
كۆمپانیایەكی گەورە كە دەوترێت خاوەندارێتی منداڵەكانی شەمخانی دەكات، بە ناوی "ئەدمیراڵ"، یەكێكە لە گومانلێكراوەكانی سەرەكی بۆ دەربازبوون لە سزاكان و فرۆشتنی نەوتی ئێران.
دوایین جار و لە مانگی ئابی ساڵی 2024 وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا لە یەكێك لە توندترین سزاكانی ساڵی ٢٠١٨ەوە، زیاتر لە ١١٥ كەس و لایەنی پەیوەندیدار بە پیشەسازی نەوت و كەشتیوانی ئێرانی خستە لیستی سزاكانی خۆیەوە، كە محەمەد حسێن كوڕە گەورەكەی عەلی شەمخانی و كۆمپانیا و كەشتییە پەیوەندیدارەكانی لە ناوەندی ئەم سزایانە بوون .
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا لە بەیاننامە وردەكەیدا نووسیویەتی هێڵی كەشتیوانی محەمەد حسێن شەمخانی، نەك تەنیا نەوتی ئێران بەڵكو نەوتی روسیاش دەگوازێتەوە، ئەوەش لە كاتێكدایە كە پێشتریش ئەمەریكا لە ساڵی ٢٠٢٠دا سزای بەسەر شەمخانی دا سەپاندبوو.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا ڕایگەیاندووە، كۆمپانیاكە تۆڕێكی ئاڵۆزە لە كۆمپانیاكانی كەشتیوانیی، كە جگە لە بەرهەمە نەوتییەكان كەلوپەلی سەربازی دەگوازنەوە.
ئیسرائیل لە یەكەم ڕۆژی هێرشە بەرفراوانەكەی بۆ سەر ئێران شەمخانی كردە ئامانج و بۆ چەند ڕۆژێك چارەنووسی لە دۆخێكی نادیاردا بوو، دەوترێ شەمخانی لە ماڵە تایبەتیەكەی خۆی لە گەڕەكێكی دەوڵەمەندنشینی تاران كراوەتە ئامانج، دوای چاكبوونەوە، یەكێك بوو لە یەكەم كەسایەتییە حكومەتییەكانی ئێران كە باسی هێرشەكەی ئیسرائیلی كرد و ڕایگەیاند، دوای هێرشەكە چەند كاتژمێرێك لە ژێر داروپەردوودا گیری خواردووە و بریندار بووە و دواتر و دوای دامەزراندنەوەی ئەنجومەنی باڵای بەرگری لە ئێران بۆ رووبەرووبوونەوەی هێرشە ئەگەرییەكانی داهاتوو عەلی شەمخانی وەك نوێنەری تایبەتی عەلی خامنەیی لەو ئەنجومەنە دەستنیشان كرا، بەڵام لە ئێستادا دیار نییە ئایا بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانە كاریگەری دەبێت لەسەر داهاتووی سیاسی شەمخانی یا خود ئەو سەركردە سەربازیی و سیاسییە ئەم شەپۆلەش تێدەپەڕێنێت.