
ئەبو عەمشە
سبەی
لەگەڵئەوەی لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە لەسەر پێشێلکارییەکانی لە عەفرین خراوەتە لیستی سزاکانەوە و یەکێتی ئەوروپاش لەسەر کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان سزای داوە؛ ئەبو عەمشە وەک فەرماندەیەکی نوێی سوپای سوریا دەستی بە کۆکردنەوەی هێز کردووە و خۆی ئامادە دەکات بۆ شەڕێکی نوێ دژی هەسەدە.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاوی کردەوە، ژمارەیەک بەرپرسی گروپە چەکدارە سورییە توندڕەوەکان ئێستا وەک بەرپرسی باڵای سەربازی و سیاسی خاوەن هەژموون لە ئیدارەی نوێی سوریا دەردەکەون، ئەوەش مەترسی دروستکردووە کە جارێکی دیکە حوکمی میلیشیایی و چەکداریی باڵادەست بێت بەسەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا و هێز و دەسەڵاتی خۆیان بەکاربهێنن بۆ دووبارە ئەنجامدانەوەی شەڕ و روبەڕوبونەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات.
بەپێی راپۆرتێکی روانگەکە، عەمید محەمەد حسێن جاسم ناسراو بە "ئەبو عەمشە" کە لەماوەی رابردوودا وەک فەرماندی فیرقەی 25 لە گوندەواری حەمما دەستنیشانکراوە، پێشتر ئەزمونێکی خراپی پڕ لە پێشێلکاریی مرۆیی هەیە ئەوکاتەی فەرماندەی گروپی سوڵتان سلێمان شای سەر بە تورکیا بوو لە عەفرینی باکوری حەلەب.
بەپێی زانیارییەکان، ئەبو عەمشە دووبارە دەستی بە کۆکردنەوە و رێکخستنەوەی یەکە چەکدارەکانی خۆی کردوەتەوە لە حەمما و دەستی بە بازرگانی چەک و تەقەمەنی کردووە و بەشێکی زۆری لە خانوو و باخ و شوێنەکانی خۆی کۆکردوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ چاودێرییەکی حکومەتی کاتی سوریای لەسەر بێت.
لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا، هەر گروپەکەی ئەبو عەمشە هێرشی چەکدارییان کردووەتە سەر ناوچە زۆرینە عەلەوی نشینەکانی دەوروبەری حەمما و بە زەبری هێز دەستیان بەسەر زەوی و ماڵ و موڵکی خەڵکیدا گرتووە، کەشێکی توندی سەربازییان لە ناوچەکە خوڵقاندووە، بە پاڵپشتی ئەندامانی هۆزەکەی خۆی کە بە ئەبو عەمەشات ناسراون.
بەپێی تۆمارەکان کە دەست روانگەی سوری کەوتووە، ئەبو عەمشە گروپەکەی راسپاردووە توانای سەربازیی خۆیان زیاد بکەن و چەک و تەقەمەنی پێویست کۆبکەنەوە، خۆیان ئامادە بکەن بۆ پرۆسەیەکی نوێی سەربازی دژی هێوەکانی سوریای دیموکرات، ئەوەش مەترسی هەیە دۆخێکی ناسەقامگیر لە باکوری سوریا دروست بکاتەوە.
ئەبو عەمشە، ئێستا دەسەڵاتداری ناوچەیەکی بەرفراوانی پارێزگای حەممایە، هەزاران چەکداری وەزارەتی بەرگری لەبەردەستدایە کە زۆرینەی خەڵکی ناوچەکەن و سەر بە هۆزەکەین، ئەوەش وایکردووە پێگەیەکی سەربازیی گەورەی هەبێت و هەژموونی تەواوی بەسەر ناوچەکەدا هەبێت.
پێشر دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی سوریا، ئەبو عەمشە لە گوندی جۆسە لە گوندەواری حەمما شۆفێری ئۆتۆمبێلی گەورە بووە، هەرزوو پەیوەندی بە گروپە چەکدارەکانەوە کردووە، دواتر هێزێکی تایبەتی بەناوی سوڵتان سلێمان شا درووستکرد، کە لەلایەن تورکیاوە پڕچەککرا و سەرپەرشتی دەکرا.
مانگی ئاداری 2025، یەکێتی ئەوروپا بە فەرمی ئەبو عەمشە و گروپی چەکداری سوڵتان سلێمان شای خستە ژێر سزاکانییەوە، بەهۆی ئەوەی گروپەکەی بەشداربوون لە کردەوە توندوتیژییەکانی کەناراوەکانی سوریا دژی عەلەوییەکان و کۆمەڵکوژیی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئەنجامدانی پێشێلکاریی گەورە دژی مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا.
بەپێی بەیاننامەیەکی ئەنجومەنی ئەوروپی: محەمەد حسێن جاسم، بەرپرسە لە بەشێکی ئەو پێشێلکارییانەی لە سوریا ئەنجامدراوە، بەتایبەتی کۆمەڵکوژی و گوللـەبارانکردنی هاوڵاتیانی عەلەوی، ئەوەش یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو سزایەی کە مانگی ئابی 2023 وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا بەسەریدا سەپاند.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە هاوڵاتیانی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان ئەنجامیدابوو لە کوشتن و رفاندن و دەستدرێژیی و دەربەدەرکردنیان، لە سەروبەندی داگیرکردنی ئەو شارە بە پاڵپشتی سوپای تورکیا، گروپی سوڵتان سلێمان شا و فیرقەی حەمزەی خستە لیستی سزاکانییەوە.
