ئيدارەی خۆسەر: بەشێک لەبەشدارانی کۆبونەوە نایاساییەکەی دیمەشق دەستیان بە خوێنی هاونیشتیمانیان سوورە

#ئیدارەی خۆسەر#دیمەشق#شەرع#لیستی تیرۆر#کۆبونەوەی نایاسایی
9 مانگ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 9 مانگ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رەخنە لە کۆبونەوەکەی دیمەشق دەگرێت و بە نایاسایی دەزانێت
  • ئیدارەی خۆسەر: پێویستە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی بەبەشداریی سەرجەم هێزو لایەن و پێکهاتەکانی سوریا ببەسترێت
  • بەشێک لە بەشدارانی کۆبونەوەکە لە لیستی تیرۆردان و دەستیان بە خوێنی هاونیشتیمانیان سوورە
Primary Asset

سبەی

ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رەخنە لە کۆبونەوەکەی دیمەشق دەگرێت و بە نایاسایی دەزانێت، کە بەبەشداریی ژمارەیەک لە بەرپرسی گروپە چەکدارەکان ئەنجامدرا و چەندین بڕیاری لەبارەی دەستور و پەرلەمان و سوپاوە درا و تیایدا شەرع وەک سەرۆکی سوریا دیاری کرا، بەپێویستی دەزانێت ئەو بڕیارانە لە کۆنگرەی نیشتیمانی و بەبەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان بدرایە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەیاننامەیەکی لەسەر دۆخی سوریا بڵاوکردەوە و رایگەیاند: دوای روخانی رژێمی سوریا کە سەرکەوتن بووە بۆ گەلی سوریا بەسەرجەم پێکهاتەکانیاوە، لەکاتێکدا گەلی سوریا چاوەڕوانی بەستنی کۆنگرەیەکی نیشتیمانی بوو بۆ گفتوگۆی دۆخەکە و ئامادەکاریی بۆ نوسینەوەی دەستور و رێکارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی، دەسەڵاتدارانی دیمەشق کۆبونەوەیەکی فراوانیان بە بەشداریی ژمارەیەک سەرکردەی گروپە چەکدارەکان ئەنجامدا و چەندین بڕیار لەو کۆبونەوەیەدا درا.

ئیدارەی خۆسەر جەخت دەکاتەوە کە پێویست بوو بڕیارەکان لە کۆنگرە نیشتیمانی و بەبەشداریی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتە و چین و توێژەکانی سوریا لەناویاندا گەنجان و ژنان بدرانایە.

هەروەک رەخنە لەو کۆبونەوەیە دەگرن بەوەی لەنێو ئامادەبواندا چەندین کەسی تێدابوو کە خراوەنەتە لیستی تیرۆرەوە و دەستیان سوورە بە خوێنی گەلی سوریا، لە سەروو هەمویانەوە ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس ناسراو بە ئەبو حاتەم شەقرا، کە بەرپرسی کوشتنی هەڤرین خەڵەف ئەمینداری گشتی پارتی ئایندەی سوریایە، هەروەها محەمەد جاسم ناسراو بە ئەبو عەمشە کە چەندین تاوانی بەرامبەر گەلی سوریا ئەنجامداوە بەتایبەتی لە عەفرین، بۆیە جەخت دەکەنەوە ئەو کۆبونەوەیە نایاساییە و گوزارشت لە خەونی پێکهاتەکانی سوریا ناکات.

ئیدارەی خۆسەر رایدەگەیەنێت: هەر رێکارێک لە دەرەوەی کۆنگرەی نیشتیمانی سوریا و بەبێ بەشداریی هێزە سیاسی و نیشتیمانی و شۆڕشگێڕەکان کەموکوڕیی هەیە، بەستنی کۆنگرەی دیالۆگی نیشتیمانی سوریا بە بەشداریی پێکهاتە و لایەنەکانی سوریا چارەسەری نمونەییە بۆ کۆتایی هێنان بە ناسەقامگیریی ئێستای سوریا و گەیاندنی گەلەکەی بە کەناری ئارام، لەبەرامبەردا دوورخستنەوەی هەر پێکهاتە و لایەنێک دەبێتە هۆی بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی شۆڕشی گەلەکەمان، هیچ جیاواز نابێت لە رژێمی پێشوو.

ئیدارەی خۆسەر داوا لە دەسەڵاتدارانی دیمەشق دەکات هەڵەکانیان راستبکەنەوە و سەرجەم سورییەکان بە پێکهاتە و چین و ئاڕاستە جیاوازە سیاسییەکانەوە لە کۆنگرەیەکی نیشتیمانی گشتگیر و بەبەشداریی هەموان ئامادەکاریی بۆ بکرێت و چوارچێوەکانی دەستوریی نوێ دابڕێژرێتەوە.

هەروەک داوا دەکەن، دەسەڵاتدارانی دیمەشق رێگە نەدەن هیچ لایەن و کەسێک گوتاریی رقاوی بڵاوبکاتەوە و کاربکەن بۆ بەرجەستەکردنی گیانی برایەتی و پێکەوەژیان کە گەلی سوریای پێدەناسرێتەوە.

لە کۆتاییدا ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی لە هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا داوای پاراستنی یەکێتی سوریا و سەروەرییەکەی دەکەن، بە هاوبەشی سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی سوریا، بۆ نەخشاندنی ئایندەی سوریا لەسەر بنەمای دیموکراتی و لامەرکەزی.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی