سودانى: کێشەى داهاتى نانەوتى لەگەڵ هەرێم کاریگەرى لەسەر بەردەوامى خەرجکردنى مووچە نابێت

#سودانى#هەرێم
5 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • سودانى لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان رۆژى دووشەممە ئاماژەى بەوەدا، دۆسیەى نەوتیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان یەکلاکردەوە کە لە ساڵى 2009 ەوە بە هەڵواسراوى مابووەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست سبەى کەوتووە.
Primary Asset

سبەى

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، کێشەى داهاتى نانەوتى لەگەڵ هەرێم کاریگەرى لەسەر بەردەوامى خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەران نابێت.

سودانى لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان رۆژى دووشەممە ئاماژەى بەوەدا، دۆسیەى نەوتیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان یەکلاکردەوە کە لە ساڵى 2009 ەوە بە هەڵواسراوى مابووەوە، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکى نوسینگەکەى کە دەست سبەى کەوتووە.

وتیشى لە ئێستادا سەرقاڵى گەڕان بەدواى چارەسەردان بۆ کێشەى داهاتى نانەوتى کە کاریگەرى لەسەر بەردەوامى خەرجکردنى مووچە نابێت.

لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا سودانى ئاماژەى بەوەدا، بەشداریکردنى بەرفراوانى هاوڵاتییان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دەبێتە هۆى ئەوەى حکومەت بتوانێت بڕیارى گرنگ بدات.

جەختیشیکردەوە، هەموویان هیوایان دەخواست رەوتى سەدر بەشدارى هەڵبژاردن بکات و هەوڵى زۆریانداوە کە لە بایکۆتى پڕۆسەکە پاشگەزبنەوە.

لەبارەى چەکى دەرەوەى دەوڵەت، سودانى وتى ئەوەى چەکى پێیە تەنها بژاردەى ئەوەى لەبەردەمدایە کە ببێتە بەشێک لە دامەزراوە ئەمنییەکان، یان بچێتە ناو پڕۆسەى سیاسییەوە، لەسەر ئەوەش هاوڕان و سورن لەسەر جێبەجێکردنى.

هەروەها لەبارەى مشتومڕەکان لەسەر قەرزەکان، سودانى رایگەیاند، قسەکردن لەسەر قەرزى دەرەکى بەشێکە لە کەشى بانگەشەى هەڵبژاردن و پرسێکى تەکنیکى نییە و بڕەکەى 13 ملیار دۆلارى تێنەپەڕاندووە، ئەوەش زۆر کەمترە لە قەرزى دەرەکى وڵاتانى ناوچەکە و جیهان.

وتیشى قەرزەکانى عێراق لە یانەى پاریس کە بڕەکەى 41 ملیار دۆلارە دەگەڕێتەوە بۆ رژێمى پێشوو، حکومەتى ئێستا بەرپرسیار نییە لەقەرزەکانى ئەو سەردەمە.

سودانى جەختیکردەوە، ئەو پەرلەمانتارانەى کە ناڕازین لەسەر ئەو پرسە دەنگیان بە پڕۆژەى بودجە داوە، سەرجەم وردەکارییەکان دەزانن لەبارەى کورتهێنان و قەرزەکانەوە بۆ پڕکردنەوەى.

رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەى سودانى و رۆژنامەنووسان بوو کە تێیدا ئاماژەى بەوەکرد، بەپێی رێککەوتنى نێوانیان کۆمپانیاکانى تورکیا پڕۆژەى ئاو لە عێراق جێبەجێ دەکەن.

لەسەر پرسی ئەمنى و سەربازیش، سودانى وتى کە بنکەى عەین ئەسەد لەژێر کۆنتڕۆڵى سوپاى عێراقدایە، هەندێ راوێژکارى لێیە کە ئەرکیان بەردەوامیدانە بە هاریکاریی و هەماهەنگى، هەروەها داعش چیتر مەترسی نییە بۆ سەر ئاسایشى عێراق.

سودانى دیاریکردنى نێردەى تایبەتى ترەمپى بۆ عێراق بە هەنگاوێکى گرنگ ناوبرد، بەتایبەتى کە بەرەچەڵەک عێراقییە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی