سبەی
عێراق و ئێران، لیژنەیەکی مەیدانی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاسایشی نێوان پێکدەهێنن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دوورخستنەوەیان لە ناوچەکە سنورییەکان و راگرتنی چالاکییە سیاسی و سەربازییەکانیان.
ئەمڕۆ دووشەممە (20ـی تشرینی یەکەمی 2025) شاندێکی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و رێبەری ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرپرسی دیکە، لە ئێران لەگەڵ عەلی لاریجانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران کۆبونەوە.
بەپێی راگەیەندراوی کۆتایی کۆبونەوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان لەسەر رێککەوتنەکە کردووە، پەیوەست بە پاراستنی سنورەکان و دۆخی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و پابەندبوونی عێراق بە رێککەوتنەکە، بەتایبەتی گواستنەوەی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و دوورخستنەوەی لە سنورەکان و راگرتنی سەرجەم چالاکییە سەربازی و سیاسییەکانیان.
هەردوولا، بە ووردی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و ئاڵنگارییەکانی بەردەم رێککەوتنەکەیان باسکردووە، لایەنی عێراقی پابەندبوونی خۆی نیشانداوە کە رێگەنەدات خاکی وڵاتەکەی لەلایەن هیچ لایەنێکەوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
لایەنی ئابوری و باشترکردنی ئاسایشی سنورەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بووە، لایەنی ئێرانی ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کردووە بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی رێککەوتنی ئاسایشی هاوبەش و لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەتوون لیژنەیەکی مەیدانی پێکبهێنن بۆ چاودێریی و بەدواداچوونی هەنگاوەکانی رێککەوتنەکە.
عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رایگەیاند: عێراق رێگەنادات خاکەکەی ببێتە پێگەیەک بۆ دەستدرێژیی و هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ پەیوەندی بەهێزی نێوان هەردوو وڵات و گەلەکانیان.
هەروەک پەسنی رۆڵی عێراقی کرد لە هەماهەنگی بەردەوامی بۆ سەقامگیری ئاسایش و پەیوەندییەکانی نێوانیان، وەک ئاماژەیەکی مێژویی کە عێراق و ئێران پێکەوە دەبەستێتەوە.
ئەعرەجی: لێکتێگەیشتنەکەمان لەگەڵ ئێران لەبارەی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانە
لە رونکردنەوەیەکدا سەبارەت بە ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق و عەلی لاریجانی ئەمینداری ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، راگەیاندنی ئاسایشی نیشتیمانی بڵاوی کردەوە؛ عێراق رێککەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، کە لە (19ـی ئازاری 2023) واژۆ کراوە، کە بە رێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی ئاسایشی سنوور و رێوشوێنەکانی سنوردارکردنی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن، ناسراوە.
ئاماژەی بەوەکردووە؛ هەماهەنگی زیاتر کراوە بۆ ئەوەی ئەو رێککەوتنە ئەمنییە بکرێتە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەسەر ئاستی ئاسایشی سنورەکان و هەماهەنگی ئاسایشی پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران کە لە هەرێمی کوردستانن بە هەر پێنج حیزبەکەوە، یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە خراوەتە بەردەستی ئەنجومەنی وەزیران و بە بڕیاری ئەنجومەنیش واژۆی لەسەر کراوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە هیچ رێککەوتنێکی ئاسایشی لە نێوان هەردوو وڵاتدا نییە، بەڵکو یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی ئەمنییە. کەناڵەکانی راگەیاندن دەستکردەکان پێویستە وریا بن لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان و پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
ئامانجی سەردانەکەی لاریجانی
رۆژی (12ـی ئابی 2025) عەلی لاریجانی بە سەردانێک گەیشتە بەغداد و دواتر بەسەردانێک چووە بەیروت، بە پێچەوانەی ئەوەی میدیا فەرمییەکانی ئێران بانگەشەیان بۆ دەکرد و سەردانەکەی عەلی لاریجانیان لە واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی، تایبەت بە ئاسایشی سنوورەکان بووە، بەڵام سەرچاوە عێراقییەکان دەڵێن ئەمینداری گشتی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، دوو ئامانجی رانەگەیەندراوی لەسەردانەکەیدا هەبووە.
یەکەمیان، ئاشتکردنەوەی حکومەتی عێراقە لەگەڵ گروپە چەکدارییەکان بەتایبەتی کەتیبەکانی حزبوڵڵا، چونکە بڕوای ئێرانییەکان وایە، ناکۆکییەکانی ئێستای نێوان ئەو دوو لایەنە، دەبێتە ئاستەنگ لەبەردەم تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، کە لە کاتی تێپەڕاندنیدا دەسەڵاتەکانی ئەو هێزە زیاتر و زیاتر دەکات و دەیباتە قۆناغێکی نوێوە.
ئامانجی دووەمی ئێران، کە دکتور ئیحسان شەمەری سەرۆکی ناوەندی هزری سیاسی عێراق باس یکردووە، دەیەوێت کارتەکانی رێکبخاتەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە عێراقییەکان (بەتایبەتی شیعەکان بەهێز بکات)، چونکە تاران ئێستا هەستی بەوە کردووە، کە جەنگەکەی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستپێدەکاتەوە، سەردانەکەی عەلی لاریجانیش بۆ عێراق و لوبنان، ئامادەکردنی ئەو هێزانەیە بۆ دەستپێکردنی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
ئیحسان شەمەری باسی لەوەکردووە، حکومەتی عێراق و لوبنان لە نێوان دوو بەرداشدان، یەکەمیان فشارەکانی ئەمەریکایە، بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارییەکان (لەعێراق حەشدی شەعبی، لە لوبنان حزبوڵڵا)، دووەمیان خواستی ئێرانە بۆ هێشتنەوەی چەک لە دەستی ئەو دوو هێزەدا، کە یارییەکانیان لە سایە و سێبەری ئێراندا دەکەن.